رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر: ئازوقەیەکی زۆر هەیە و پێویستی بە دڵەڕاوکێ ناکات

پارێزگاری هەولێر دووپاتی دەکاتەوە، هاتوچۆی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هەرێمی کوردستان ئاساییه ‌و ڕێگه‌ ناده‌ن ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بۆ گرانكردنی نرخی كاڵاكان بقۆزرێته‌وه.

شەممە، 14-06-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی کاریگەریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەسەر كەلوپەلی خۆراك و بازاڕ، ڕایگه‌یاند “هیچ كێشەیەك نییە و پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات، چونكە سنوورەكان كراوەن و ئالوگۆڕیی بازرگانی بەردەوامە، جگە لەوە لە كۆگا بارزگانییەكان و كۆگاكانی دیكەش، خۆراكی زۆر هەیە و بەشی ماوەیەكی زۆر دەكات.”

وەکوو ئەوەی پارێزگاری هەولێر باسی کرد “هەوڵ هەبووە كەلوپەل و خۆراك لە بازاڕی هەولێر گران بكرێت، بەڵام لیژنەكانی چاودێریی بازاڕ گەڕان و پشكنینەكانیان چڕ كردەوە و كاری خۆیان كردووە كە ئەو بارودۆخە نەقۆزێتەوە بۆ گرانكردنی بازاڕ.” گوتیشی: ڕەنگە نرخی دۆلار كاریگەریی بۆ سەر بازاڕ و كەلوپەل هەبێت، بەڵام كە سنوور كراوە بێت و خوراك بگاتە كوردستان، پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا “هەرێمی كوردستان لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران تێوەنەگلاوە و هیچ گرفتێكی نییە.” لەبارەی گەشتە ئاسمانییەكانیش، گوتی: وەستانی گەشتەكان و داخستنی ئاسمان تەنیا هەرێمی كوردستان نییە و عێراق و وڵاتانی دەوروبەریشی گرتووەتەوە، هەرچەندە خەریكە وڵاتانی دەوروبەر گەشتەكان دەست پێ دەكەنەوە. حكوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانكاری بۆ هەر هاوڵاتییەكی كوردستان دەكات، ئەگەر لە دەرەوەی وڵات گیری خواردبێت.