بجولێ و هەوڵ بدە

بەكر كەریم حەسەن
(جۆرج بردنادشۆ) نووسەری ناوداری ئیرلەندی دەڵێ: “هەرگیز شکست ناتبەزێیت، مەگەر ئەو كاتە واز لە هەوڵدان بهێنیت.”
بێگومان هەوڵدان هەردەم بریتییە لەوەی كە مرۆڤ سوور بێت لەسەر كارەكەی و هەرگیز خۆی بەدەستەوە نەدات، بگرە لە كاتی شكستیش پێویستە مرۆڤ بەردەوام بێت هەوڵ بدات و نەترسێ لە هیچ شتێك، تەنها لە هەوڵنەدان بترسێ. با گرفت و كێشە و تەنگ و چەڵەمە و كۆسپ هەبن هەمووی دەبنە مایەی فێربوون، دەبێت مرۆڤ كۆسپ و تەگەرە و گرفتەكان تێپەڕێنێ و بەجێیان بهێڵێ ئەو كاتە دەبێتە سەركەوتن. نەك كز و مەلوول و بێدەسەڵات لە ناو گرفت و كێشەكان خۆی گرمۆڵە بکات و بمێنێتەوە، ئەو كاتە دەبێتە مایەی شكست. بەڵام بە هەوڵدان و سووربوون سەرجەمیان تێدەپەڕێنێ، بۆیە بێ شك وەستان لە هەوڵدان و بەردەوامی، دەبێتە هۆی شكست؛ سەركەوتنیش ئەو كاتە دێتە بوون كە دەستەوەستان نەوەستین و بەردەوام بین لە هەوڵەكان.
دەگێڕنەوە “ڕۆژێك مامۆستایەك دەچێتە پۆلەوە و بە قوتابیەكان دەڵێت ئەمڕۆ دەمەوێت پێكەوە هەندێك چالاكی ئەنجام بدەین، دواتر مامۆستاكە بازنەیەك بە گەورەیی لەسەر زەوییەكە دروست دەكات و پاشان ڕووی دەكاتە یەكێك لە قوتابیەكانی و پێی دەڵێت هەستە بڕۆ ناو ئەو بازنەیە و بوەستە، قوتابیەكەش بە قسەی مامۆستاكەی دەكات و دەچێتە ناو بازنەكەوە كات تێپەڕ دەبێت و قوتابییەكان بەردەوام سەیری قوتابیەكە دەكەن، دواتر وانەكە تەواو دەبێت و قوتابیەكان پۆلەكە جێ دەهێڵن و دەچن بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ، قوتابیەكەش بە تەنیا لە پۆلەكەدا دەمێنێتەوە سەیری دەرگای پۆلەكەی دەكات و دەیەوێت بڕوات، بەڵام چاوەڕێی قسەیەك بوو كە مامۆستاكەی پێی بڵێت بەمەش هەست بە بێزاری و ماندوویەتیەكی زۆر دەكات، هەربۆیە بە دەنگێكی بەرز بانگی مامۆستاكەی كرد و پێی گوت بۆ منت بە تەنیا لە پۆلەكەدا هێشتەوە هاوڕێكانم هەموویان ڕۆیشتوون سەرقاڵی نان خواردن و منیش لێرە گیربووم، مامۆستاكەش بە زەردەخەنەیەكەوە بە قوتابیەكەی گوت بۆچی هێشتا لێرە وەستاویت و ناڕۆیت، قوتابیەكەش بە سەرسوڕمانەوە بە مامۆستاكەی گوت: چونكە تۆ نەتگوت كەوانەكە تەواو بوو یان گوێت لە زەنگەكە بوو لە بازنەكە وەرە دەرەوە. مامۆستاكەش بە قوتابیەكەی گوت: “من بازنەكەم كێشاوە و داوام لێ كردیت كە بچیتە ناو بازنەكەوە، بەڵام من نەمگوت كە نابێت لە بازنەكە بڕۆیتە دەرەوە كەواتە ئەوە تاوانی من نییە كە خۆت بازنەكەت جێ نەهێشتووە، چونكە خۆت باوەڕت وا بوو سنوورەكانی دەوروبەرت ڕاستین و دەتوەستێنن، ئەم بازنە كێشراوەی دەوری ئەم قوتابیەش ئەوەمان فێر دەكات هەندێك لەو بازنانەی بە دەورماندا كێشراون و ناتوانین لێیان هەڵبێین ڕاستی نین، بەڵكو خۆمان لە مێشكی خۆمانەوە بە ڕاستیمان داناون و جڵەویان كردووین و ناهێڵن بەرەو پێشەوە بچین، بۆیە هەروەكو (جیم رون) دەڵێ: “ئەگەر شوێنەكەت بەدڵ نەبوو و بێزار بووی، بجووڵێ و شوێنەكەت جێ بهێڵە و، خۆ تۆ درەخت نیت.”

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی