دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

ئەڤین لەکن ئۆشۆ
حەمەسەعید حەسەن
ئەگەر لە سێکس بەولاوە، هیچی دیکە شک نابەیت، کەواتە خاوەنی هیچ نیت، دەزگایەکیت ئەرکێکی بایەلۆجی کە وەچە خستنەوەیە، جێبەجێ دەکەیت و هیچی دیکە. ئینسان ئامێرێک نییە لە کارگەیەکدا، کرۆکی بوونی ئینسان، بریتییە لە خۆشەویستی و دەتوانێت کەسێکی هێندە خۆش بوێت، هاوڕێیەتییەکی هێندە قووڵی لەگەڵ ببەستێت، بە دڵ پێکەوە سەما بکەن و ببن بە یەک ڕۆح، ئەوسا کەسیان پێویستیان بە ئایین نابێت، ئاخر خۆشەویستی پیرۆزترین ئایینە و تەنیا خۆشەویستی بەرەو لای ئەو حەقیقەتەمان دەبات کە دەتوانین ناوی بنێین خوا.

ئەگەر تەنیا بیر لە سێکس بکەیەوە، ئەگەر لە مانای خۆشەویستیی حاڵی نەبیت، ئەوا بەردەوام ڕووت لە نشێو دەبیت. دەتوانیت منداڵ بەرهەم بهێنیت و ژیان بە شتی پووچەوە بەڕێ بکەیت، بەڵام دەمریت و تێناگەیت، حەقیقەتی ژیان بەری چ دارێکە. ئەوە خۆشەویستی نییە، ئەگەر پێت وابێت، چونکە کەسێکت خۆش دەوێت، کەواتە موڵکی خۆتە، ئەوە خانەگومانی و چاوچنۆکییە، ئاخر ئەگەر کەسێک بە موڵکی خۆمان بزانین، وەک ئەوە وایە بیکوژین، خۆ ئینسان کاڵا نییە، تا خاوەنی هەبێت. خۆشەویستی کە کرۆکی ئازادییە، لەکن کۆنخوازان کۆیلایەتییە.

خۆخۆشویستن، خۆپەرستی و لووتبڵندی نییە، ئاخر خۆشەویستی لە دڵی خۆمانەوە دەست پێ دەکات و ئەگەر خۆمان خۆش نەوێت، کە نزیکترین کەسین لە خودی خۆمانەوە، ناتوانین ئەوانی دیمان خۆش بوێت. ئەوە سرووشتییە هەموو کەس، جەستەی خۆی و ڕۆحی خۆی خۆش بوێت، چونکە بەوە جوانتر دەبێت. کەسێک خۆی خۆش بوێت، کەسێکی بێدەنگی لێ دەردەچێت و زیاتر بە ڕامانەوە خەریک دەبێت. وەک چۆن ئەگەر ماڵی خۆتت خۆش بوێت، جوان ڕایدەگریت، بۆ خۆیشت هەر وایە، ئەگەر خۆت خۆش بوێت، خۆت پاک ڕادەگریت. ئەگەر کەسێک نەتوانیت خۆی خۆش بوێت، ئەستەمە کەسانی دی بتوانن خۆشیان بوێت.

لە ژیاندا بێلایەنی نییە، ئەگەر نەتوانیت خۆت خۆش بوێت، ئەوا ڕکت لە خۆت دەبێت، کەسێکیش ڕکی لە خۆی بێت، ڕکی لە ژیان و لە خەڵکیش دەبێت. ئەوی خۆی خۆش نەوێت، کەسێکی تێکدەر و تووڕە و دڵڕەقی لێ دەردەچێت، خەڵکیش ناچار نین کەسی وایان خۆش بوێت. خۆم و خۆشەویستی، وەک تاریکی و ڕووناکی وان، پێکەوە هەڵناکەن، کە دووەمیان هات، یەکەمیان بزر دەبێت، کە خۆت خۆش ویست، خۆت بزر دەبیت، هەر خۆشەویستی دەمێنێت. کە یەکێکمان بە ڕاستی خۆش ویست، وا لە ناویدا دەتوێینەوە، هەست بە بزربوونی خۆمان دەکەین، ئەو خۆشەویستییە بە خۆخۆشویستن دەست پی دەکات.
کە خودی خۆت خۆش ویست، ئیدی هەر خۆشەویستی دەمێنێتەوە و خودی خۆت بزر دەبێت، وەک چۆن بە هەتاو بەفر دەتوێتەوە، بە خۆشەویستییش خود بزر دەبێت. تا زیاتر خودی خۆت خۆش بوێت، زووتر خودی خۆت بزر دەبێت، خودبزربوونیش لوتکەی ڕامانە و نزیکبوونەوەیە لە باڵایی. تۆ کە لەم هاوکێشەیە تێناگەیت، هی ئەوەیە خۆت خۆش نەویستووە، کەست خۆش نەویستووە، بەڵام وابەستەی ئەم یان ئەو بوویت. ئەگەر لەناکاو هەستت بە بزربوونی خودی خۆت کردووە، ئەوا هەم خۆت خۆش ویستووە و هەم کەسێکی دیکەیش. جوانیی خۆشەویستیی لەوەدایە کە دوو ئەڤینداری ڕاستەقینە لەتەنیشت یەکەوە دادەنیشن، ئەوە دوو کەسی بێ خودن، خودیان بزربووە، هەر خۆشەویستییان لێ ماوەتەوە.

ئەوی خودی خۆی خۆش نەوێت، کەسێکە نێرگزی و لەخۆباییبوو. نەرسیس خودی خۆی خۆش نەدەویست، وێنەی خۆی خۆش دەویست، تا وێنەی خۆی لە ئاوەکەدا نەدیتبوو، شەیدای خۆی نەبووبوو، بەڵام ئەوی خودی خۆی خۆش بوێت، پێویستی بە ئاوێنە نابێت، ئاخر خود لە ئاوێنەدا بەدەر ناکەوێت و بۆ ئەوەی بزانین، ئێمە هەین، پێویستمان بە ئاوێنە نابێت. ئەوەی نەرسیس وێنەی خۆی خۆش ویست، جۆرێک بوو لە دوولەتبوونی کەسایەتی، نەک لە خۆشویستنی خود، ئاخر بوو بە دوو کەس، هەم عاشق و هەم مەعشووقیش.

کە حەزت لە ژنێک کرد، ئاگات لەوەبێت ڕەنگە خۆشەویستی نەبێت، نارسیسیزم بێت، ڕەنگە ڕووی ژنەکە، چاوەکانی و وشەکانی ڕۆڵی گۆمێک بگێڕن و وێنەی تۆ پیشان بدەن. نزیکەی نەوەد و نۆ لە سەدی ئەو حاڵەتانەی پێمان وایە خۆشەویستین، ڕاستییەکەی نارسیسزمن، ئاخر پیاو، ژنەی وەک هەیە خۆش ناوێت، ئەو هەڵسەنگاندنەی خۆش دەوێت، ژنە بۆی دەکات، ئەو ڕێزەی خۆش دەوێت ژنە لێی دەنێت، ئەو بایەخەی خۆش دەوێت ژنە پێی دەدات و ئەو ڕێژنەی ستایشەی خۆش دەوێت، ژنە بەسەریدا دەبارێنێت. ئیدی ئەو بە تۆ دەڵێت: هەرگیز کەسی لە تۆ مەزنترم نەدیتووە! تۆیش بەو دەڵێێت: تۆ شاکاری خوایت و دووبارە نابیتەوە! بەو شێوەیە ستایشکردنی یەکتری درێژەی دەبێت. ئەوە نارسیسزمە، خۆشەویستی نییە، ژنەکە دەبێتە گۆمێک وێنەی پیاوەکە پیشان دەدات، پیاوەکە دەبێتە گۆمێک وێنەی ژنەکە پیشان دەدات، بەڵام گۆمەکە وێنە ڕاستەقینەکە پیشان نادات، جوانتری دەکات، ئەوەندە جوان، خۆمان شەیدای خۆمان دەبین، بەڵام ئەوە خۆشەویستی نییە، ڕازیکردنی منێکی یان خودێکی تینووە بۆ ستایش، هەرچەندە خۆشەویستیی ڕاستەقینە، من یان خود ناناسێت.