ئاریان سەلاحەدین
وێڕای دەستخۆشی زۆر بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێکخستنی ئەو دیدارە ناوازەیە، کە یەکەمجارە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، کاری لەو جۆرە لە بارەی ڕێکەوتننامەی جەزائیرەوە بکرێت، دەکرێت بڵێین، ئەم هەنگاوە ناوازەیە پێویستە سەرەتای پڕۆسەیەکی گشتگیر بێت بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر و خستنەڕووی وردەکارییەکانی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیمان و هەڵسەنگاندنی قۆناغەکانی، تا دەگاتە ئەمڕۆ. بۆ ئەوەی ئەزموون لەو ڕووداوە مێژووییانە وەربگرین و جارێکی دیکە بە چاوێکی کوردستانیانەوە بڕوانینەوە ڕابردووی دوور و نزیکمان و باشتر لەو سیاسەتە شەڕانگێزانەیە بگەین، کە بەغدای دوای ڕووخانی دیکتاتۆریەتیش هێشتا نایەوێت دەستبەرداری ببێت و بەردەوام دژی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژە و لە ژێر ناوێکدا بەرهەمی دەهێنێتەوە.
سازکردنی دیدارەکە، لە یادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، بۆ خۆی مانایەکی گەورەی دەبەخشی، چونکە ئەوە تەنیا چەخماخەی شۆڕشی گوڵان بوو، سیحری ڕێکەوتنامە شوومەکەی جەزائیری بەتاڵ کردەوە و بە دنیای وت، شۆڕشی کوردستان مەشخەڵێکە دانامرکێت.
دوای پەنجا ساڵ لە واژووکردنی ڕێکەوتنامەکە، بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان پێویستمان بە ئاشناکردنی نەوەی ئێستا بەو ڕابردووە هەیە، بۆ ئەوەی بەرچاوڕۆشنانە هەنگاو بەرەو داهاتوو بنێین و بەو تێڕوانینە کوردستانیەوە بۆ مێژوو هەمانە، بتوانین شڕۆڤەی ڕووداوەکانی ئێستا و ئەو هەموو ئاستەنگ و گرفت و قەیرانانە بکەین، کە ڕۆژانە ئەو بەغدایەی دوێنێ هەموو سازشێکی دەکرد بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کوردستان، ئەمڕۆش بە هەمان نەفەس هەموو ڕێگەیەک دەگرێتە بەر بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم گەشە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و تەنیا ئامانجیشیان لەناوبردنی ئەم کیانە دەستوورییەیە، کە بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان بەدەستهاتووە.
ئێمە ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئاوڕ لە مێژووی پەنجا ساڵەی ڕێکەوتنامەی جەزائیر دەدەینەوە، بەردەوام نەیارەکانی کوردستان، لەو خەون و خەیاڵەدا دەژین، کە پێشینەکانیان خەونیان پێوە دەبینی و وەک چۆن ئەو خەونەی ئەوان نەهاتە دی، بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆش ئەو خەونانەیان نایەتەدی و بۆ هەمیشە بەدناوی مێژوویان بۆ دەمێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری و چیرۆکێکی گرنگی سەرکەوتن و گەشەی بەردەوام نەک تەنیا لە عێراقدا، بەڵکو لە کۆی ناوچەکەدا بە سەرکەوتوویی دەمێنێتەوە.
دووبارە ڕێکخستنی دیدارەکە، شیاوی ستایش و سوپاسێکی بێ پایانە و لێرەوە دەستخۆشی زۆر لە بەڕێز د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لیژنەی ئامادەکاری دیدارەکە دەکەم. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی زیاتریان بۆ دەخوازم.

