پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕاگەیەندراوێک لە ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر

دواى ئەوەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر لە کۆبوونەوەى خۆیدا لە ڕۆژى سێشەمە 2022.1.4، پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ بابەتى پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەوقافى هەولێری ڕاسپارد ڕا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزراەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنمایی نوێى لەبارەى پرسەدانان دەربکرێت، لە ئێستادا بە بڕیارى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هۆڵەکانى پرسەدانان بە ڕێنمایی و ڕێنوێنى تایبەت کراوەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو ڕێنمایی و ڕێنوێنیانەى وەزارەت، بەهۆى ئەو دۆخە مەترسیدارەى تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەى خێراى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ (ئیمۆکرۆن) و بۆ پاراستنى سەلامەتى تەندروستى گشتیى شارەکەمان و پارێزگاریکردن لەگیانى هاوڵاتییان، جگە لە هۆڵەکان، پرسەدانان لە (کۆڵان – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێکی ترى گشتیى) بەهەموو شێوەیەک قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت، بنکەکانى پۆلیس، ئاسایش، شارەوانی و موختارى گەڕەکەکان ڕاسپێردراون چاودێرى سنوورەکانى خۆیان بکەن و ڕێکارى پێویست لەبەرامبەر هەرکەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچى دەکات.
بۆیە داوا لەهاوڵاتییان و هاوشاریانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین بۆ پارێزگاریکردن لەگیانی خۆیان و ئازیزانیان پابەندی ئەو بڕیارانەبن و جگە لەهۆڵەکان کە لەئێستادا بۆ پرسەدانان کراوەن لەهیچ شوێنێکی تر پرسە دانەنرێت.

ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر
2022.1.26