ئەمڕۆ چوارشەم بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و بەرێوەبەر و بەرپرسانى دیکە ئیدارى شارى هەولێر و مامۆستایانى زانکۆ و قوتابییان لە زانکۆى نۆلج، وۆرک شۆپێكی زانستى نێودەوڵەتى تایبەت بە لافاو لە شارى هەولێر، هۆکار و چارەسەرى بەڕێوە چوو.
لە دەستپێکى وۆرک شۆپەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێک وێڕاى دەستخۆشى لە سەرپەرشتیاران و مامۆستایانى بەشدار و سەرۆکى زانکۆى نۆلج بۆ ئەنجمدانى ئەم وۆرک شۆپە زانستییە و ڕایگەیاند “بەمدواییانە بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا وەکو زۆربەى شوێنەکانى ترى جیهان چەند جارێک شارەکەمان ڕووبەڕووى لافاو بۆوە، بۆیە ئەنجامدانى ئەم وۆرک شۆپە لە کاتێکى گونجاو باشدایە.
ڕاشیگهیاند: بە تەئکید ئێمە هەم لە حکوومەتى خۆجێى وەکو پارێزگا و هەم لە ئاستى وەزارەتە پەیوەندارەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجوومەنى وەزیران و خودى سەرۆکى ئهنجوومهنى وەزیرانیش بڕیارى ئەوەمان هەیە هەڵوەستە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت و زانستییانە لێکۆلینەوە لەبارەوە بکرێ و چارەسەرى پێویستى بۆ بدۆزرێتەوە، یەکێک لەو ئیجرائاتانەشى کە بڕیارمان لەبارەیەوە داوە سوودوەرگرتنە لە تێروانینى زانستى کە لە ئێستادا لیژنەیەکمان کار لەسەر ئەوە دەکات لە ئایندەدا کۆنفرانسێکى زانستى لەمبارەیەوە ئەنجام بدرێت و هەموو لایەنەکان لەسەر پرسى لافاو، ئاو و ئاوەڕۆکان لە هەولێر لەخۆ بگرێت و زانستییانە چارەسەرى گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە”.
سهبارهت به ستراتیژییەتى ئاویش پارێزگارى هەولێر گوتى “پرسى ئاو پرسێکى گرینگى ئایندەمانە، هەموو لایەکمان لەسەر ئەوە کۆکین کە دەبێت لە ئیدارەدانى ئاودا ستراتیژییەتێکى ڕوونمان هەبێت بۆئەوەى لە داهاتوودا چارەسەرى پێویستمان بۆى هەبێت”.