ئەوانەی خوایەتیی گوێرەكەیان لا پەسەندە!

عومەر چنگیانی
لە خەلەكی 86ـی گۆشەی (لە هەر خەرمانەی گوڵێك)دا، بابەتی سەردێڕم بڵاو كردەوە كە ئەوكات، نووسینەكە چۆن بوو ئێستا ڕەوشی باری كورد خراپتر بووە و بە ئەركی دەزانم بە كەمێك دەسكارییەوە بیخەمە بەردیدی چاوی ئێوەی بەڕێز.
(.. دیسان، تیشك دەخەمەوە سەر لاپەڕەیەك لە ژیانی مووسا، سڵاوی خوای لەسەر بێت؛ باسێك لە هەندێك ڕووداوەكانی ئان و ساتی ئەو گەشتەی دەكەم كە بە فەرمانی خوا، بۆ بەرژەوەندیی ئایینی و دنیایی خەڵكەكە لە چیای “توور” ئەنجامی دا.
باسەكە لە قورئاندا:
سەرجەم سەرچاوەكانی فەرموودەی دروستی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، لە لێكدانەوەی ئەو ئایەتانەدا كە لە سوورەتی “تاها” و “ئەعراف”ـیشدا، باس لە “مووسا” پێغەمبەر دەكەن، سڵاوی خوای لەسەر؛ ئەوەمان بۆ روون دەكەنەوە، كە لە بەنی‌ئیسرائیلییەكاندا، كە نەتەوەی مووسا بوون، پیاوێك هەبوو ناوی “سامیری” بوو، دوای ئەوەی كە مووسا، بە فەرمانی پەروەردگار دەچێتە كێوی توور و، بۆ چەند (دە) شەوێك لەوێ دەمێنێتەوە، سامیری لە بەنی‌ئیسرائیلییەكان دەبێتە شمڵی شەڕ و، بە زمانی لووس و خۆ نزیك خستنەوە لێیان، دەست دەكات بە تەفرە و فریودانیان و، لە هەنگاوی یەكەمدا، داوا لە خەڵكەكە دەكات، چ بڕوادار و چ لادەرەكان، كە زێڕو زیو و خشڵی گرانبەهای خۆیانیانی بۆ بێنن، ئەوانیش دوای داواكەی دەكەون و جێبەجێی دەكەن، پاشان بە هونەرێكی زۆر شارەزایانە و بلیمەتییەوە، دێت و دوای تواندنەوەی هەندێك لە زێڕەكان، پەیكەری گوێرەكەیەك دروست دەكات، كە سەرباری ڕازاوەیی دیمەنەكەی، بەشێوەیەك دایئەتاشێ، كە كونێك لەژێر كلكی دروست دەكات، تا هەوای لێ بچێتە ژوورەوە و لە دەمیەوە بێتە دەر، هاوكات لە كاتی هاتنەدەرەوەی هەواكەدا بەشێوەیەك دەبێت، كە وەك “بۆڕە”ی گوێرەكە دەردەچێت، دوای ئەوەی، كە بۆ كۆكردنەوەی سامانەكانیان گوێ لە مستی دەبن، ئەمجار، هەنگاوی دووەمی دەگرێتە بەر و، پێیان دەڵێت: ئەم گوێرەكەیە، خوای گەورەی ئێوەیە! بەم شێوە، خەڵكەكە ئەوەیان لەبیر دەچێت، كە ئەوان بەندەی خوای گەورەن و شوێنكەوتەی “مووسا”یەكن كە لە هیچ قۆناغێکی ژیانیاندا پشتی لێ نەكردون و هەر ئەوبووە، بووەتە هۆكاری سەرەكی، تا ئەوانی لە دەست ”فیرعەون” گەورەترین دیكتاتۆری ئەو سەردەمە، ڕزگار كردووە و لە نێو میسر و بندەستی كوێلایەتی بە نێو ئاوی نیلدا پەڕاندوونیەوە و گەیاندوویانیەتە ئەو ژیانە پڕ لە ئاسوودەییە و وای لێ كردوون، یەكخواناس بن و بەس.
خوێنەری بەڕێز!
ئەوكاتەی ئێمەی بڕوادار تەماشای ئەم كردارە نالەبارەی سامیری دەكەین و سەیری ڕووداوی دروستكردنی مزگەوتی “زیرار” دەكەین، لە مەدینەی منەوەرە كە تا پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، لە گەشتێك گەڕایەوە، دووڕووەكان هاتن مزگەوتێكیان دروست كرد گوایە بۆ ئەوەیە هەژاران تیایدا بحەوێنەوە، كە قورئان لە سەدوحەوتەمین ئایەتی سوورەتی ”تەوبە”دا باسی لێ دەكا و دەفەرمێت: “ئەوانە بە مەرامی تێكدانی كۆمەڵگای بڕواداران لە مەدینە و بۆ ئاژاوەنانەوە ئەو كارەیان كردووە و هیچ مەبەستێكی پاك لەو دیو كارەكانیانەوە نییە”. بۆمان دەردەكەوێت كە باسكردنی ژیاننامەی پێغەمبەران لە قورئاندا دروود و سڵاوی خوای گەورەیان لەسەر بێت و، بەهەندوەرگرتنی ڕووداوەكان، هەروا بۆ مەبەستی داستان گێڕانەوە نییە و بەس، بۆیە بە ئەركی دەزانم چەند وانەیەك لە ڕووداوەكانی چیرۆكەكە وەربگرم:
یەكەم/ مووسا سەڵاوی خوای لەسەر، لەگەڵ ئەوەی كە پێغەمبەری خوایە و بە فەرمانی ئەویش گەشتەكەی دەست پێكردووە و خەڵكی بڕواداریش بەجێ دەهێڵێت لە دوای خۆی، كەچی دەبینین لە هەندێك لە شوێنكەوتووەكانیەوە، رووبەڕووی ئەو كارەساتە قورسە دەبێتەوە، كە دۆڕاندنی رێبازی یەكخواناسییە و كەوتنە شوێن هایوهووشە و درۆ و دەلەسەی كابرایەكی دەستبڕە و دەكەونە پەیداکردنی هاوەڵ بۆ خوا، ئەوەش لەو لاوە بوەستێ كە چۆن دەكەونە نێو گێژاوی بێوەفایی بەرامبەر ئەو هەموو خزمەتەی مووسا بەوان.
دووەم/ لەگەڵ ئەوەی كە مووسا سەڵاوی خوای لەسەر بێت، بەو كارەی سامیری و خەڵكەكە، نیگەران دەبێت، دەبینین نایگەێنێتە ئەوەی كە لێیان تووڕە ببێت، هێندەی ئەوەی لە هاروونی برای سەڵاوی خوای لەسەر و، خزمە نزیكەكانی خۆی تووڕە دەبێ و، گلە و گازندەیان لێ دەكات، ئەوەیش لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لە كاتی وا ناخۆش و پەژارەیشدا، دەبێ مرۆڤ زیاتر پلانی وا دابڕێژێت، كە لادەرەكان بێنێتەوە نێو بازنەكەی خۆی و گیانی لێبووردەیی زاڵ بێت بەسەر ئەتوارەكانیدا.
سێیەم/ كە مووسا سەڵاوی خوای لەسەر، بەو حاڵەوە گوێ بۆ براكەی ڕادەدێرێت، تێدەگات ئەویش تا ئەندازەیەك هەقیەتی كە كێشەكەی گەورە نەكردووە، بە پاساوی ئەوەی نەوەك ئەوە ببێتە هۆكاری پەرتەوازەیی و لێكدابڕانی زیاتری خەڵكەكە.
چوارەم/ ئەوكاتەی كە مووسا سەڵاوی خوای لەسەر، بەو تووڕەییە دێتەوە و ئەو واقیعە تاڵە دەبینێت، یەكەم كەس روو لەسەری مارەكە ناكات، بەڵكو لێپێچانەوەی خۆی لەگەڵ شوێنكەوتووەكانی و هاروونی برای تەواو دەكات، ئەمجار دێت بواری ئەوە دەدات، بە سامیری كە تەعبیر لە ناخی خۆی بداتەوە!