خدر بێگەڵاسی: حکوومەتی هەرێم بە دەم داواکەمەوە هات و كارەبای گەیاندە گوندە هەژارەکەمان

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هونەرمەند (خدر بێگەڵاسی) ڕایدەگەیەنێت کە خۆشحاڵە بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواکەی جێبەجێ کردووە و کارەبای نیشتمانیی گەیاندووەتە گوندە هەژارنشینەکەی و لەم بارەیەوە بۆ (هەولێر) دەڵێت: دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی کارەبای گەیاندووەتە گوندی بێگەڵاس؛ زۆر خۆشحاڵم بەو دەستکەوتە، کە بە جوانترین شێوە گوندەکەمان ئاوەدان دەکرێتەوە.

خدر بێگەڵاسی گوتیشی: من زۆر هەوڵم داوە کارەبا بۆ گوندەکەمان دابین بکەم و زۆر جار هەوڵی خۆم خستووەتە گەڕ و ئەوەشی ئێستا دەکرێت، ئەو کارەباگەیاندنە لەسەر داوا و هەوڵی من بووە، بە ئیمزای منیش بووە؛ پیاوماقوڵانی ناوچەکە و گوندەکەش رۆڵیان هەبووە و سوپاسی هەموویان دەکەم.
گوندی بێگەڵاس یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی هەڵشۆی سەر بە قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕینی پارێزگای سلێمانی؛ بێگەڵاس نزیکەی ١٠ کیلۆمەترێک لە ناوەڕاستی قەڵادزیوە دوورە. بە هۆی خدر بێگەڵاسییەوە، گوندەکە بەناوبانگتر بووە.
خدر بێگەڵاسی لە گۆرانیگوتن و دەرکەوتنیدا ستایلی تایبەت بە خۆی هەیە، ڤیدیۆی گۆرانی و قسەکانی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە و بینەری زۆریان هەیە.

ھەواڵی زیاتر