بێــــلاف؛ شاعیرێـــکی ناسکخەیـــاڵ!

هۆنیار عەبدوڵڵا

شیعر و مۆسیقا دوو جۆگەلەی خەیاڵکردن لە سەرچاوەی هەستی شاعیرەوە هەڵدەقوڵێن و لە ئاسۆی هونەردا تێکەڵ دەبنەوە. عەبدوڕەحمان بێلاف، ئەو شاعیرەی ڕۆحی لەنێوان وشە و ئاوازدا دەژی، لە هەر دێڕێکی شیعریدا مۆسیقایەک دەخوڵقێنێت و لە هەر ئاوازێکدا چیرۆکێک دەگێڕێتەوە.

لە تەکیەی شێخەکانەوە، لە حوجرەی فەقێکانەوە، لەو شوێنەی ڕۆح و هونەر تەوێڵی یەکتر ماچ دەکەن، بێلاف فێری ئەوە بوو، کە خۆشەویستی سنووری نییە. لەوێوە، لە نێو دیوەخانێک کە پڕ بوو لە شاعیر و هونەرمەند، فێری ئەوە بوو هونەر زمانی دڵە و دڵیش بە هەموو زمانئک دەدوێت. هەر لەو ژینگەیەدا بوو، کە فێر بوو وێنە تەنها ڕەنگ و شێوە نییە، بەڵکوو چیرۆکێکە زەمەنی پێچاوپێچ ناتوانێت بیسڕێتەوە.
کاتێک “کڵافەی حەزێکی سەرشێت”ی نووسی، دڵی پڕ بوو لە خۆشەویستییەکی گەنجانە. ئەمڕۆ، دوای چەندان ساڵ، ئەو خۆشەویستییە گەشەی کردووە و بووە بە دەریایەک. چیتر تەنها باسی خۆشەویستییگ کچێک ناکات، بەڵکوو باسی خۆشەویستی بوون دەکات، خۆشەویستیی ژیان، خۆشەویستیی هونەر.
مۆسیقا لە دنیای بێلافدا وەک هەناسە وایە. هەر وەک چۆن مەولانا لە غەزەلەکانیدا سەما دەکات، بێلافیش لە شیعرەکانیدا دەگەڕێت بە دوای ئەو ئاوازەی لە ناخی وشەکاندا خۆی حەشار داوە. پێی وایە مۆسیقای ڕەسەن وەک مافووری کاشان وایە، هەرچەند کۆنتر بێت، بەنرخترە.
ئەو لە منداڵییەوە خوولیای وێنەگرتن بووە، هەر لە پۆلی دووی سەرەتاییەوە کامێرای تایبەتی خۆی هەبووە. ئەمڕۆ ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی هەیە لە وێنەی کەسایەتی، هونەرمەند و یادگارییەکانی ژیان. هەر وێنەیەک لای ئەو چیرۆکێکە، هەر دیمەنێک حیکایەتێکە، کە دەیەوێت بۆ نەوەکانی داهاتوو بیگێڕێتەوە.
لە دنیای ئەودا، شیعر و گۆرانی دوو باڵی یەک باڵندەن. شاعیر بەبێ گۆرانی ناتوانێت بفڕێت، گۆرانیش بەبێ شیعر ناتوانێت بگاتە ئاسمان. هەر بۆیە شیعرەکانی بێلاف بوونەتە گۆرانی و لە دەنگی هونەرمەندانی وەک زەکەریا و زیاد ئەسعەددا ژیانێکی نوێیان وەرگرتووە.
ئەمڕۆ بێلاف زیاتر مەیلی بۆ دنیای تەسەووف و عیرفان هەیە. لەو دنیایەدا، خۆشەویستی ڕەهەندێکی قووڵتری هەیە. وەک مەولانا دەڵێت، زۆر ڕێگا هەن بۆ خواپەرستی، بەڵام ئەو ڕێگای خۆشەویستی باشترینە. ئەو خۆشەویستییەی کە لە شیعرەکانیدا دەیبینین، تەنها سۆز نییە، بەڵکوو ڕوانینێکی قووڵە بۆ بوون و گەردوون.
بێلاف لەنێوان شیعری کوردی، فارسی و عەرەبیدا گەورە بووە. هێمن و جزیری و نالی و سالم لە لایەک، ئەدۆنیس و نزار قەبانی و مەحموود دەروێش و حافز و سەعدی لە لایەکی تر، کاریگەرییان لەسەر جیهانبینیی شیعری ئەو هەبووە. ئەم کاریگەرییانە لە شیعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە و بوونەتە پردێک لەنێوان کولتوورە جیاوازەکاندا.
بێلاف پێی وایە ئەدەب پەیوەندی بە ڕۆحەوە هەیە و ڕۆح هەرگیز ماندوو نابێت. ڕۆژانە لەگەڵ مۆسیقا دەژی، شیعر دەخوێنێتەوە و دەنووسێت. ئەو نموونەی شاعیرێکە توانیویەتی پردێک لەنێوان نەریتی کۆن و هونەری نوێدا دروست بکات، پردێک لە مەیدانی وشە و ئاواز یەکتر دەدۆزنەوە و دەبن بە یەک. لە دنیای ئەودا، شیعر تەنها وشە نییە، بەڵکوو ڕۆحێکە لە نێوان دێڕەکاندا هەناسە دەدات و لە گۆرانییەکاندا ژیان دەبووژێنێتەوە:

من لە بیابانی مردن بێدەنگترم
هاتوومەتە بەر سێبەری ئاوێنەیەك
لە ڕەنگی ئیوارەكانی پاییز ورد ببمەوە و
دەرگا کڵۆمدراوەكانی زمانم بشکێنم
جگەرەیەك لە چاوەڕوانی
بەیانیدا داگیرسێنم.
تەنیا فرمێسکێکی گەرم و
قردێڵەیەكی سوور
کە یادگارییەکانی تۆ بوون لە مانگم وەرگرت
لە ناو ترپەکانی دڵمەوە
بە ئاوێنەی گیانمەوەی هەڵبواسم
دەزانم ناوی تۆ
لە سەر پانتاییەکانی ناو
تینوێتی من دەشکێنێ
چرایەك کە بە پەنجەکانتەوە
هەڵواسراوە
رووناکیم بۆ دەهێنێ.