ڕاپۆرتێكی مەیدانیی هه‌ولێر لەسەر كەمپی ئاوشڤتیز

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

كەمپی ئاوشڤتیز ترسناكترین كەمپی جەنگی جیهانی دووەمە و تەنها لەو كەمپەدا زیاتر لە ١ملیۆن كەسی تێدا كوژراوە و خنكێنراوە، ئەو كەمپە لەلایەن نازییەكانەوە پڕ دەكرا لە خەڵكی جوولەكە و پۆڵەندی و چەند نەتەوەیەكی دیكە؛ دوای ماوەیەك پێش ئەوەی كۆمەڵێكی دیكە بهێنن، ئەوانەی پێشتر لەوێ بوون دەیانكوشتن، بۆ كوشتنیشیان چەندەها شێوەیان بەكار دەهێنا.

ئاوشڤیتز 37 میل لە شاری كراكۆڤی پایتەختی پۆڵەنداوە دوورە؛ مانگی ئایاری ساڵی 1940 دامەزرا.
تۆڕی میدیای هەولیر وەكو یەكەمین میدیای كوردی دەچێتە ناو ئەو كەمپە و بە كامیراكەی دیمەنی بەشێك ناو كەمپەكەی تۆمار كردووە.
ئەو رۆژەی كە چووینە ناو كەمپەكە، زۆر سارد بوو، بەڵام بە هەزاران كەس لە وڵاتانەوە هاتبوون و لە بەردەم دەرگای كەمپەكە وەستابوون تا بچنە ژوورێ بە چاوی خۆیان یادگاری قوربانیان ببینن.
كەمپی ئاوشڤیتز هێمایەكی ترسناكی جینۆساید و قڕكردنن.
شەمەندەفەرەكان لە نێوان ساڵانی ١٩٤٢ تا كۆتایی هاوینی ١٩٤٤ لە هەموو وڵاتێكەوە جوولەکەیان دەگواستەوە ئەو شوێنە.
كەمپەكە لە سێ كەمپی سەرەكی پێك هاتبوو: ئاوشڤیتزی یەكەم (كەمپی ڕەسەن)، ئاوشڤیتزی دووەم (بیركیناو) و ئاوشڤیتزی سێیەم (مۆنۆڤیتز).
لە نێوان ساڵانی 1940 بۆ 1945، ملیۆنێک‌و300هەزار كەسیان دیپۆرتی ئاوشڤیتز كردووە و 1ملیۆن‌و١٠٠هەزار كەسیان لەلایەن یەكەی پاسەوانی تایبەتی نازییەكان كە بە (ئێس‌ئێس) ناسرابوون كوژراون كە نزیكەی ٧٤هەزار كەسیان پۆڵەندی بوون.
کەمپەكە بۆ دەستبەسەركردن و ئەشكەنجەدان و كوشتنی بەكۆمەڵی زیندانییەكان بەكار دەهێنرا و تاقیكردنەوەی پزیشكی نائەخلاقی لەسەر زیندانییەكان ئەنجام دەدرا.
ژیانی ڕۆژانە لەو كەمپدا بریتی بوو لەوەی زیندانییەكان تووشی بارودۆخی سەخت بوون، لەوانە برسێتی و سەرما و نەخۆشی. ناچار بوون لە بارودۆخێكی نامرۆڤانەدا كار بكەن، لەوانەش لە كارگە و كشتوكاڵدا.
زیندانییەكان بە دەستی پاسەوانەكان، ئەشكەنجە و زەلیل دەكران.
ئەو میلیۆن كەسەی لە چەند هەڵمەتێكی جیاوازدا لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەو كەمپە كوژران، بە چەندین شێواز لەلایەن پاسەوانی تایبەتی نازییەكانەوە (ئێس‌ئێس) دەكوژران، لەوانە؛ خستنە ناو كوورەی ئاگر، دەرزی‌لێدان بۆ ئەوەی بە نەخۆشییەوە بمرن، یان لەبرسا كوشتن و چەند جۆری دیكەی كوشتن. ئەوانەشی كە رزگار كران، تەنها چەندهەزار كەسێك بوون كە زۆربەیان لەتاو نەخۆشیدا پەكیان کەوتبوو.
مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1941 دەستیان کردە دروستکردنی ئاوشڤیتزی دووەم، یان بیركیناو، كە دەكەوێتە دەرەوەی گوندی برێزینكا. لەوێ ئۆردوگایەكی گەورەی كۆكردنەوە و كۆمەڵگەیەكی قڕكردنیان پەرە پێ دا كە نزیكەی 300 سەربازگەی زیندانەكانی لەخۆ گرتبوو؛ چوار كەمپی گەورەی قڕكردن، كە بە ئەڵمانی پێیان دەڵێن (Badeanstalten) دامەزرا؛ لەوێ زیندانییەكان بە غاز دەكوژران؛ هەروەها ژێرزەمینەكانی كەمپەكە پێی دەگوترا (Einäscherungsöfen) واتە فڕنی سووتاندن.
كەمپی سێیەم، (بونا ـ مۆنۆڤیتز) بوو؛ دوایی ناوی لێ نرا ئاوشڤیتزی سێیەم؛ مانگی ئایاری ساڵی 1942 بوو بە كەمپێكی كاری زۆرەملی و كۆیلایەتی بۆ كاری كیمیایی و لاستیك.
لە ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی ١٩٤٥، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هێزەكانی سۆڤیەت، ئێس ئێس ژوورەكانی گازی كە مابوونەوە لەناوبرد و دەستیكرد بە بەتاڵكردنەوەی ئاوشڤیتز.
مۆزەخانەی ئاوشڤیتز ـ بیركیناو، ساڵی ١٩٤٧ دامەزراوە و تایبەتە بە پاراستنی یادی قوربانییەكان و پێدانی زانیاری لەسەر مێژووی كەمپەكە.
بە پێی هەندێك لە ئامارەكان ساڵانە بە نزیكەی 2ملیۆن گەشتیار لە سەرتانسەری جیهانەوە سەردانی ئەو شوێنە دەكەن.
ساڵی 1979 کەمپی بیركیناوی ئاوشڤیتز لە لیستی میراتی جیهانی یونسكۆدا تۆمار كرا.
٢٧ـی کانوونی دووهەمی ١٩٤٥ سوپای سۆڤیەت گەیشتە ئاوشڤیتز و بیركناو و مۆنۆڤیتز و نزیكەی حەوتهەزار دیلیان ئازاد كرد كە زۆربەیان نەخۆش بوون و، هەر زوو مردن.