هاودەنگ فارووق
جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان سۆشیالمیدیای ئه‌مڕۆ و میدیای كلاسیك‌دا هەیە. پێشتر، ڕۆژنامه به‌رپرسیارێتییه‌كی دیاریكراوی هه‌بوو؛ هه‌واڵ و بابه‌ته‌كان له‌لایه‌ن په‌یامنێرانه‌وه پشتڕاست ده‌كرانه‌وه و لیژنه‌ی پسپۆڕ به‌وردی تاوتوێی ده‌كردن، ڕه‌چاوی لایه‌نه یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌كانیان ده‌كرد دواتر سەرنووسەر بڕیاری كۆتایی دەدا. به‌ڵام ئێستا، هه‌ركه‌سێك له ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه و به‌بێ هیچ سانسۆر و به‌دواداچوونێك، تفەنگێكی پێیەو “ته‌قه له تاریكی ده‌كات” و گوێ به به‌رپرسیارێتیی یاسایی و ئه‌خلاقی و هیچ بەهایەك نادات.
كاكە ئازادبە، بەڵام ئازادی بەرپرسیارێتی لەگەڵدایە، ڕاسته ئازادیی ڕاده‌ربڕین مافێكی بنه‌ڕه‌تیی مرۆڤە، به‌ڵام ئایا ئه‌م ئازادییه ڕێگه به‌وه ده‌دات كه ئازادی و كه‌رامه‌تی كه‌سانی دیكه پێشێل بكه‌یت و سنووره‌كان ببه‌زێنیت؟
ڕاستییەكەی ئه‌مه ئازادی نییه، به‌ڵكو جۆرێكه له به‌ربه‌ره‌ڵایی و ئاژاوه‌گێڕی. ده‌بێت جیاوازیی له‌نێوان ئازادیی به‌رپرسانه و ئه‌م دۆخه شێواوه‌دا بكه‌ین. لایه‌نی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكه‌كه‌سی زۆر گرنگه و پێویسته ڕه‌چاو بكرێت.
ئاخر ئه‌گه‌ر له ڕۆژنامه‌یه‌كدا شتێكی نادروست و ناوزڕێنه‌ر له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان هه‌ر هاووڵاتییه‌كی دیكە بنووسرێت، ئه‌وا ده‌توانێت سكاڵا تۆمار بكات و نووسه‌ر ڕووبه‌ڕووی دادگا بكاته‌وه، به‌ڵام له سۆشیال میدیادا، زۆرجار به ناوی خوازراو و نادیاره‌وه، به ئاسانی ناوی خه‌ڵك و بنه‌ماڵه‌كان ده‌زڕێنرێت و هیچ باجێكیشی بۆ نادرێت.
بۆیە پێویسته هه‌موو لایه‌ك به گیانێكی به‌رپرسانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سۆشیال‌میدیادا بكه‌ین. بیرمان نه‌چێت كه وشه‌كانمان كاریگه‌رییان هه‌یه و ده‌توانن بونیاد بنێن یان بڕوخێنن. با هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م ئامێره بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا به‌كاربهێنین، نه‌ك بۆ وێرانكاری و په‌رته‌وازه‌یی كۆمەڵگە و نیشتمانەكەمان.