سەرۆ قادر
دەوڵەتی ئیسرائیل بۆردومانی ناو دیمەشقی کرد، بە تایبەتی لە دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتی وەشاند کە ئەحمەد شەرع خۆی و خانەوادەکەی لەوێ دەژێت. لە هەمان کاتیشدا لە ڕێی وەزیری بەرگریەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە ئەوە هوشدارە بۆ دەوڵەتی سوریا تاکو بە هیچ شێوەیەک سوپای خۆی بەرەو باشووری دیمەشق واتە باشووری سوریا بە گشتی نەجوڵێنێ چونکە ئەو ناوچەیە بە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەزانێ و پاساویشی بۆ ئەوە پاراستنی پێکهاتەی دروزە. دروزییەکان لە ناوخۆیاندا بە شێوەیەکی یەکگرتوو دەڵێن وجودیان لەژێر هەڕەشە دایە. هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جیهادییەکانی ناو دامودەزگای ئاسایشی دەوڵەتی سوریا و لایەنگرانیان بە جلوبەرگ و شێوە و زمان و هێماکانی جیهادی هەڕەشەی بنبڕکردن لە دروزەکان دەکەن وەک کافر و مولحید باسیان دەکەن. بەم شێوەیە بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەوەندەی دێتە بەرچاو لە ناو سوریا بە شێوەیەکی زۆر ترسناک گۆڕاوە بەرەو ئەوەی کە پێکهاتەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بیر لە بەرانگاربوونەوەی یەکتری بکەنەوە، بە تایبەتی پێکهاتەی سوننە کە دەوڵەتی سوریای ئێستا لە ڕێگای توندڕۆترین باڵی سیاسی جیهادییەوە نوێنەرایەتی دەکات. ئەوە نیشاندەدا کە هەیئەی تەحریری شام گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتوە و بیروباوەڕی جیهادی لە ڕەگوڕیشەدا لە قووڵایی ئەو ڕێکخراوەدا بەردەوامە، هەروەها لەو ڕێکخراوە گشتیانەی کە گوایە پێکهاتەی دەستەی ڕزگاکردنیان (هەیئەی تەحریری شام) پێکهێناوە فکری جیهادی توندڕۆ کۆتایی نەهاتووە. لێدوانی سەرلەبەیانی بۆردومانەکەی دیمەشق کە وەزیری دەرەوەی سوریا لە وەڵامی شێخ حیکمەت هەجری ڕابەری دینی دروزییەکانی سوریا بڵاوی کروەتەوە زمانێکی هەڕەشە و وێکچوو بوو لە ناو پۆشاکی دیپلۆماسیدا لەگەڵ ئەو لێدوانانەی کە لە سۆسیال میدیا بۆ بنەبەرکردنی دروزەکان بەکاردەهێندرێت. ئەوە ڕاستگۆیی دەوڵەتی سوریا زیاتر دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو گومانە لە کاردانەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی چاودێر لە سوریا و دەرەوەدا ڕەنگیداوەتەوە. ئەم دیاردەیە لە ئێستادا یارمەتی دەداتە بیروباوەڕی جیهادی بۆ جارێکی دیکە لە سوریا و ناوچەکە بڕستی بێتەوەبەر و ببوژێتەوە و پەرەبستێنێ. ئەو ناوچەیەی لەبارترین مەکۆیە بۆ ڕێکخراوەکانی داعش لە دەستی هەیئەی تەحریری شام دایە کە هەمان دەوڵەتی سوریایە. لەبیریشمان ناچێ کە سنورێکی ئەوتۆ لە نێوان بیروباوەڕی داعش و ئەو ڕەفتار و گوفتارەی جیهادییەکانی ناو هەیئەی تەحریری شام دەیکەن نییە.
ئەو واقیعە نوێیە وای کردوە ئەو باڵانسەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە باڵی لای لوبنان و سوریا و ئیسرائیل و ئوردن و عێراق و تورکیاوە گۆڕانی سەربازی و سیاسی تێکەوتووە لە جموجۆڵ و بەرەو پێشەوە چووندابێت بۆیە پێویستە چاوەڕان بین کەی و لە کوێ ئەم گۆڕانە دەسرەوێ و ڕادەوەستێ یان لە کوێ پارسەنگ وەردەگرێ. لە ڕووی سەربازییەوە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک زلهێزێک لە چەکی پێشکەوتوودا لە مەیداندا توانیویەتی حەماس لە غەزە، حیزبوڵا لە لوبنان سەرکوت بکات هاوکار بێ لە لاوازکردنی حوسییەکانی یەمەن. هەڵبەت ئەو چیرۆکەش ناگێڕمەوە کە چۆن ئێران و ڕوسیای لە سوریا بە دەردەناوە. ئەمانە هەموویان پەیوەندی بە وجودی بە هێزی ئیسرائیل و ئەمریکاوە هەیە لەناو سوریا. ئیسرائیل پێی وایە وەک هێزێکی دەستڕۆیشتووی سەربازی و سیاسی بۆ دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی بۆی هەیە لە وڵاتانی دەوروبەریدا دەستێوەردان بکات و بۆ ئەو سیاسەتەشی مێژووی هەشتا ساڵ لەمەوبەری خۆی دەکاتە شاهید کە ئەو دەوڵەتانەی ناوم هێنان کەنگین بۆیان گونجابێ دەستێوەردانی نەرێنی و دوژمنکارانەیان لە ئیسرائیلدا کردووە.
پێگەکانی سۆسیال میدیای دەوڵەتی سوریا و قسەکەرەکانی لە ڕاگەیاندنی عەرەبیدا جۆری زمانیان بەرامبەر بە ئیسرائیل توندڕەوانەی تەقلیدی عەرەبی ئیسلامی لێهاتوە لەناوهێنانە ودووپات کردنەوەی چەمکی نەهێشتنی ئەو دەوڵەتە و بە نامۆ زانینی. ئەوە نیشانەدا کە گفتوگۆی نێوخۆی دەوڵەتی سوریا چۆن بەڕێوە دەچێت ئەوەش وا دەکات ئیسرائیلییەکان موکورتر بن لە گۆڕینی ئەو دۆخەی ئێستا لە ناو دەوڵەتی سوریادا هەیە. چاودێرانی ئیسڕائیل دەڵێن ئەو هێمنی و لەسەرخۆییەی ئەحمەد شەرع و ئیدارەکەی پەیڕەوی دەکات وێدەچێ زیاتر پەیوەندی بە لاوازییانەوە هەبێ وەک فیڵیکی سیاسی وایە هەر کاتێک بەهێز بکەوێت ناوچەکە زۆر بە ترسناکی دەکەوێتە بەرەنگاربوونی سەربازی و لەوانەیە جموجوڵی هێزە کۆمەڵایەتییە توندرۆکانی ناوچەکە زیاتر بکات. هەر ئەو بابەتە جێی باسی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سیاسییە لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئیسرائیلیەکان ڕۆژانە دووبارەی دەکەنەوە و دەڵێن ناهێڵین سەربگرێ و دەبێ ئەم حکومەتەی ئێستای سوریا لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوخۆیی کە بریتین لە کورد و عەلەوی و دروز و عەلمانییەکانی سوننە بە تایبەتی بکەوێتە گفتوگۆ بۆ نووسینی دەستووری داهاتووی سوریا. پێویستە دەستوورێک بێ بە چاودێری نێودەوڵەتی و بە ڕەزامەندی پێکهاتەکان بنووسرێت و مافی ئەوانە و فرەیی سیاسی و نیزامی دیموکراسی لە داهاتووی سوریادا مسۆگەر بکات.
ئێستا زیاتر لە هەمیشە دەردەکەوتوە کە هەیئەی تەحریری شام بە ڕێککەوتن دەرفەتی پێ درا بە ئاسانی دەست بەسەر سوریادا بگرێت و وێدەچێ ئیسرائیل و ئەمریکا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی دەرگیر لە کێشەکە بە جۆرێک ئاگایان لێ بووبێ، کە بێتەوە بیرمان ترامپ بە ڕەجەب تەیب ئۆردوغانی گوتبوو؛ تۆ زۆر زیرەکانە دەستت بەسەر سوریا داگرت پیرۆزباییت لێ دەکەم! ئەو قسەیە بەو مانایە بوو کە ئەو ڕێگە پێدانەی بە ڕێککەوتن بە ئەحمەدی شەرع دراوە بۆ ئەوە نەبوو تورکیا وەک کۆلۆنی خۆی بەکاریبێنێ. ئەو قسەیەی تڕامپ زیاتر لە توانج دەچوو نەک پیرۆزبایی. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتانی عەرەبی بە گشتی دژی سیاسەتی دەستێوەردانی ئیسرائیل هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەنواندوە و زۆر بە بێلایەنی دەنگ و باسەکان دەگوازنەوە وە هیچ دەستێوەرانێک ناکەن. ئەوە نیشانەدا کە دەوڵەتانی عەرەبیش لەگەڵ ئەو نەخشەیەدان کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕدێتەوە و سوریا بە شێوەیەکی دیکە ڕێکبخرێتەوە. لێردا لەوانەیە ئەو پرسیارە هەمیشە لە پێشمان بێ؛ تورکیا لەو سیاسەتە توندەی لەناو سوریا گرتوویەتی و خۆی بە خاوەنی دەزانێ، بە تایبەتی لەم چەند ڕۆژی دواییدا پێش سەرۆک کۆماری ئێستای سوریا سیاسەتی سوریا لە زاری سەرۆکایەتی تورکیاوە دەردەبردرێ وە پێش هەموو کاربەدەستانی دیکەی سوریا وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی داهاتووی ئەو دەوڵەتە دەکات، ئەو سیاسەتە چەند دەتوانێ بەردەوام بێت؟ ئایا بەرەنگاربوونەوەی نێوان تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ و وەک دووەمین هێزی سەربازی ناو ناتۆ لە بەرامبەر ئیسرائیل کە جێی پشتیوانی ناتۆ و ئەمریکایە دەگاتە کوێ؟ گومانی تێدا نیە کە ئاستی بەرزی تکنۆلۆژیای چەکی ئیسرائیل بەراورد ناکرێت لەگەڵ هێزی سەربازی تورکیا. ئەو قسەیە بەو مانایە نیە کە لە ڕۆژگارێکی نزیک تورکیا و ئیسرائیل بەرەنگاری سەربازی ببنەوە بەڵام هەر لە ئێستا دەست و پەنجە یەکتر بادەدەن. لە ڕووی جۆغرافییەوە تورکیا دراوسێی کورد و عەلەوییە، ئیسرائیلیش لە لایەکی دیکەوە دراوسێ دروزە و لە شۆڕبوونەوەیەکی درێژی سنووریدا دەبێتە دراوسێی کوردیش. زۆر نەخشە باس لەوە دەکەن کە بەرەنگاربوونەوە لەوانەیە لەوەبێ کە شۆڕ بێتەوە بۆ پشتیوانیکردنی کورد (ئەگەر کورد لەگەڵ حکومەتی سوریا نەگاتە پێکهاتن) هەروەها ئەگەر عەلەوییەکان بکەونە هەڕەشە لەوانەیە لەو پەیوەستییە جوغڕافیاییەوە ئیسرائیل و هێزەکانی دیکە هاوکاری خۆیان بۆ پاراستنی عەلاوییەکانیش بۆ لێوارەکانی ڕۆژئاوای سوریا درێژ بکەنەوە. هەر لە ئێستاوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل بەسەر کەنارەکانی ڕۆژاوای سوریا(عەلەویستان) دەخولێنەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا ڕێگە نادەن لەژێر چەتری تورکیادا عەلەوییەکان لەوە خراپتریان بەسەر بێت. بە خێرایی دەمەوێت بڵێم پێکهاتەکانی سوریا لەگەڵ زۆرینەی عەرەبی سوننە دەوری گرنگ دەگێڕن لا ڕوانگاکانی نێودەوڵەتی نوێدا بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سوریا پێویستە جارێکی دیکە ڕێکبخرێتەوە هەرچەند سوریاییەکان دەڵێن جرەبەی عێراق دووبارە ناکەینەوە بەڵام تەجربەی عێراق بە جۆرێکی دیکە زۆر نزیکە لە واقعی سوریا و ئەگەری دووباربوونەوەی هەیە، ئەویش لە جۆری بەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتەکان لە نووسینەوەی دەستوور و پێکهێنانی چەند هەرێمێکی فێدڕالی و سوریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی بە چوار هەرێمی گەورە. ئەو مۆدیلە ئەگەر دروستببێ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست ئاسایشێکی پتەو ڕووی تێدەکات. چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرۆسەیە هەر لە ئێستاوە باس دەکەن پێویستە تەنیا سوریا و تورکیا بۆ خۆیان بڕیاری چارەنووسی سوریا نەدەن.
دروزەکانی سوریا ئێستا بەڕاستەوخۆ لەژێر پارێزگاری ئیسرائیل دان. پێکهاتەی دروز بۆ خۆی سێ ناوەندی دینی و ڕابەریان هەیە؛ لە لونان و ئیسرائیل و سوریا. ڕابەرەکانی دینییان لە سوریا و ئیسرائیل پێکەوە کۆکن بە مەبەستی پاراستنی بەردەوام و هەرێمی تایبەتی خۆیان پێکبهێنن. کورد بەو ئاشتییەی ئێستا کردویانە هەموو حزبەکان پێکەوە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا گفتوگۆ دەکەن و وەک ناوەندێکی یەکگرتوو پەیوەندی بە پێکهاتەکانی دیکەی دروز و عەلەوی و هێزەکانی نێودەوڵەتیەوە دەکەن. ئەم یەکدەنگییە پێگەی کوردی زۆر بەهێز کردووە لە هەمان کاتدا پشتیوانی مەعنەوی و لۆجیستیکی و قووڵایی ستراتیژی کوردی ڕۆژئاڤا هەرێمی کوردستانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کە دەستی لەو ئاشتییە دایە کە ئێستا لەناو کوردەکانی سوریا سەری گرتووە. سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەورێکی سەرەکی لەوە دەسکەوتەدا دەبینن وە هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی پشتیوانی ئەم پرۆسەیەن. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین هەردووک لایەنی سیاسی پەیەدە و ئەنەکەسە وەک بەرەیەکی کاریگەری ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هێمنی و واقیعبینی لە کێشەی کورد و کێشەکانی دیکەی ناوچەکەدا هەنگاو بنێن. لەم پرۆسەیەدا کێشەی کورد لە کوردستانی باکوور مەودایەکی زۆری بڕیوە و گفتوگۆکان لە ئیمڕالییەوە هاتونە ناو کۆشکی کۆماری و پەڕلەمانی تورکیا و دەوڵەتی قوڵی ئەو وڵاتە ئینجا بۆ قەندیل و هەولێر و قامشلی گواستراوەتەوە. کەواتە کێشەی کورد لە باکووردا ڕەهەندێکی کوردستانی وەرگرتووە لە هەمان کاتدا هەوڵ هەیە کە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیشی هەبێت بۆ ئەوەی بە چاودێری نێودەوڵەتی ئەو پرۆسەیە بەرەو ئاشتییەکی ڕەوادارانە سەربگرێ. لە تورکیا ئەو پڕۆسەیە بە دەستپێشخەوی سەرۆک کۆمار دەستیپێکردووە، چی بەسەردێ ئاستەنگی دێتە پێش چۆن مۆدیلی چارەسەری خۆی دەدۆزێتەوە؟ ئەمە دوور نابێ لەو سیاسەتەی تورکیا لەناو سوریا دەیکات بۆ داهاتووی سوریا، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا گەشبینی هەیە کەوا تورکیا واقیعبینانەتر تەماشای کێشەی کورد و کێشەکانی ناوچەکە بکات. یەکێک لە دەراویشتەکان لەم پرۆسەیەدا وا پێشبینی دەکرێت هەرواش دروستە کە دۆستایەتی نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە ڕاستەوخۆ پێکەوە هاوکاری بکەن تا ئاسایشێکی متمانەپێکراو بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە لە هەمان کاتدا پێگەی پەکەکە لە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بەهێزتر دەبێ. هەر وەک کاتێک کە پەیەدە پەیوەندی خۆی لەگەڵ پارتی دیموکاتی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی ئاسایی کردەوە وە ڕێگەیان دا کەوا سەرۆک بارزانی و پارتی بچنە ناو پرۆسەکە ڕۆژئاڤا قازانجی کرد. بە هەمان شێوە بە جۆرێکی دیکەی تایبەتی بۆ کوردستانی باکوور پێویستە ئەم پرۆسەیە دەستپێبکات. کەواتە پێویستە چاوەڕێی ئەوە بکەین کە هیوایەکی زۆر بۆ کوردستان بە باکوور، باشوور و ڕۆژڤاوا دەگەڕێتەوە، تەبایی و گفتوگۆ و هاوکاری زیاتر دەبێ و پشتیوانی نێودەوڵەتیش بەردەوامە لەوانەیە زیاتریش ببێ.
پارسەنگی هێز کە لەناو سوریا و لە ناوچەکە تێکچووە و لەوانەیە پەل بکێشێتە هەندێک دەوڵەتی دیکەش ئەوە کاری خۆی بکات و دروست بوونەوەی وەک ئاماژەم پێکرد پەیوەندی هەیە بە هەبوونی مافی پێکاتەکان و دابینکردنی بەرژەوەندی ئیسرائیل و زیاتربوونی یەکدی قبوڵکردنی دینی و نەتەوەیی و پێکهاتەیی بە چەشنێکی ئەوتۆ کە هیچ پێکهاتە و دەوڵەتێک چاوی لە قڕکردنی پێکهاتەیەکی دیکە نەبێ لەبەر جیاوازی دینی و نەتەوەیی. پێویستە ئەو باوەڕە دروست بکرێ کە هێندە حەساس نەبن بەرامبەر بەو ڤیدیۆ و قسانەی لە سۆشیال میدیا کەسێک دەریدەبڕێ و لە لای توندرۆکانی کۆمەڵگای سوننی سوریاوە ئەوانەی کە لە ژێر سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع دان بە ڕای پێکهاتەیەکی وەک دروز یان عەلەوی حیساب نەکرێ وە هەڕەشەی نەمانیان لێ نەکەن.
ئەم تێکچوونەی لە پارسەنگدا ڕوویداوە و ئەو دەستێوەردانە نێودەوڵەتییە و بەهێزبوونی ڕۆڵی پێکهاتەکان بارەکە بەلای ئاسایش و هاوکاری و هێمنی ڕاست دەکات.