یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

ئه‌مڕۆ عێراق له‌ یارییه‌كی چاره‌نووسسازدا رووبه‌ڕووی لوبنان ده‌بێته‌وه‌

هه‌ڵبژارده‌ی سێ شێره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان رووبه‌ڕووی لوبنان ده‌بنه‌وه‌ و عێراقییه‌كان ته‌نیا به‌ بردنه‌وه‌ هیوای گه‌یشتن به‌ مۆندیالی قه‌ته‌ری بۆ زیندوو دبێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پینج شه‌مه‌ كاتژمێر (5:00)ـی ئێواره‌، له‌ گه‌ڕی سێیه‌می پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ری 2022، عێراق له‌سه‌ر خاكی قه‌ته‌ریه‌كان رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ بۆ ئه‌م دوو هه‌ڵبژارده‌یه‌ وه‌ك یاری مردن و ژیان وایه‌، چونكه‌ له‌ دوو یارییه‌كی تر ئه‌نجامیان وه‌ك پێویست نه‌بووه‌.
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ راهێنه‌رایه‌تی دێك ئادڤۆكاتی هۆڵه‌ندی، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، مه‌شق و راهینان ده‌كه‌ن، عێراقیه‌كان بۆ ئه‌م یارییه‌، له‌ توانای چه‌ند یاریزانێك بێبه‌ش ده‌بێت، له‌وانه‌ درغام ئیسماعیل، سه‌عد ناتق و رێبین سۆلاقه‌، به‌هۆی پێكان و ئه‌حمه‌د ئیبراهیمی دڵی به‌رگری به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌ بوونی كارته‌كانییه‌وه‌، فشارێكی زۆریان له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ها دۆڕانی یاریی رابردووشیان به‌رانبه‌ر به‌ ئیران هێنده‌ی دیكه‌ دۆخی سێ شێره‌كه‌ی خراپتر كردووه‌، بۆیه‌ پیره‌ پیاوه‌ هۆڵه‌ندییه‌كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ لوبنان باری لاسه‌نگی خۆی له‌ گرووپی یه‌كه‌می پاڵوتنه‌كانی ئاسیا راست بكاته‌وه‌.
ئادڤۆكات، باش ده‌زانێت ته‌نها بردنه‌وه‌ له‌م یارییه‌ له‌م دۆخی ئێسته‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی تێیكه‌وتووه‌ رزگاری ده‌بێت، بۆیه‌ پلانی داڕشتووه‌، كه‌ به‌ شێویه‌كی هێرشبه‌ری یاریی بكات، دیارترین یاریزانه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق (شێركۆ كه‌ریم)ـی تاكه‌ یاریزانی كورده‌، كه‌ ئادڤۆكات له‌ دوو یاریی رابردووی به‌شێوه‌ی به‌رگری یاریی پێكردووه‌، متمانه‌یكی زۆری به‌و یاریزانه‌ هه‌یه‌، به‌هۆی خێرای و به‌هێزی جه‌سته‌ی و پچڕاندنی خێرای تۆپه‌كان، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت شێركۆ بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاریی بكات.
هه‌لبژارده‌ی لوبنان، هه‌مان دۆخی عێراقی هه‌یه‌، ته‌نها یه‌ك خاڵی هه‌یه‌، بۆیه‌ بیر له‌ بردنه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، دیارترین یاریزانه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان بریتین له‌(محه‌مه‌د دهێنی، عومه‌ر شه‌عبان و جوان ئۆمری)، كه‌ له‌ یاریزان باشه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان، له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، ركابه‌ره‌كه‌ی عێراق ئۆردوگایه‌كی بچووكی له‌ ده‌وحه‌، به‌سه‌ركردایه‌تی راهینه‌ر ئیڤان هاشیك ئه‌نجامداوه‌، له‌ پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی لایه‌نی جه‌سته‌ی یاریزانه‌كانی، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی راهێنان به‌شێوه‌ی زاره‌كی باسی له‌ خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانی هه‌لبژارده‌ی عێراق كردووه‌.
له‌ كۆی 9 یاریی رابردووی نێوانیان، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق 6 یاریی بردووه‌ته‌وه‌، لوبنانیش ته‌نها یه‌ك یاریی بردووه‌ته‌وه‌ له‌ دوو یارییش یه‌كسان بوونه‌، گه‌وره‌رتین ئه‌نجامی نێوانیان بردنه‌وه‌ی عێراق بووه‌ به‌ ئه‌نجامی (4-0).
ریزبه‌ندی هه‌ڵبژارده‌كان دوای دوو گه‌ڕی رابردووی یارییه‌كان به‌مشێویه‌
ئیران 6 خاڵ
كۆریای باشوور 4 خاڵ
ئیمارات 2 خال
سووریا 1 خاڵ
لوبنان 1 خاڵ
عێراق 1 خال
یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌مشیویه‌
كۆریای باشوور – سووریا
ئیمارات – ئیران

بارزان ئەکرەم – هەولێر