سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى لوبنانى كرد

به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/1/24 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز دادوه‌ر هنرى خوورى، وه‌زیرى دادى لوبنانى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى لوبنان، یاریده‌ده‌ر‌ى ئه‌منیدارى گشتیى كۆمكارى عه‌ره‌بى و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران پێكهاتبوو و به‌ بانگهێشتێك بۆ به‌شدارى له‌ یادى ڕۆژى دادوه‌ریى عیراقدا، سه‌ردانى به‌غدایان كردبوو.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى دادى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر سیستم و دۆخى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان و لێكچوونیان له‌ لوبنان و عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بوارى هاریكاریى نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى لوبنان و عیراق و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى یه‌كتر خرایه‌ به‌ر باس، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ گرنگیى سه‌ربه‌خۆییى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كرایه‌وه و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ سه‌ربه‌خۆییى دادوه‌رى بنه‌ماى ده‌وڵه‌تدارییه‌.

دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئه‌منى له‌ عیراق و لوبنان ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ شاندى لوبنانى پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى لوبنان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئێستاى ئابووریى وڵاته‌كه‌ و قه‌یرانه‌كان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها باسیان له‌ ده‌سپێشخه‌رییه‌كى كۆمكارى عه‌ره‌بى بۆ پشتیوانیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى لوبنانى له‌ دۆخى ئێستایدا كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى شانده‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و هیواى خواست هاریكاریى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لوبنان له‌ بوارى دادوه‌ریدا پته‌وتر بكرێت و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ڕه‌وه‌ندى لوبنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى و بانكداریدا.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و لوبنان و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

ھەواڵی زیاتر