عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
ئایا ڤیتگنشتاین هێشتا زمانە، یان زمان لەنێوان ڤیتگنشتاین و بیركردنەوەدا، وێنەیە؟! لەو نووسینەدا هەردوو كاراكتەری (ڤیتگنشتاین) و (بیركردنەوە) ڕۆڵی سەرەكی لە فیلمی درێژی (ماڵئاوا زمان)دا دەگێڕن. بەشێكی گەورەی سیناریۆی ماڵئاوایكردن لە زمان لە بیركردنەوەی ڤیتگنشتایندا بە کامێرای (پییر بۆردیۆ) كێشراوە. بەڵام نەك قسەكردن لە فیلمی (ماڵئاوا زمان) قسەكردن بێ لە فێستیڤاڵی (کان)ی (٢٠١٤) و خاوەنی ئەسڵی فیلمەكە (ژان لوک گۆدار). بەڵكوو هەوڵدەدەم لەژێر ئەو ناونیشانەدا كەمێك لە ڕێبازەكانی بیركردنەوە ڤیتگنشتاین بە سیناریۆی بۆردیۆ بدوێم، یان نوێنەرایەتیکردنی ئەو وێنەیەی کە ڤیتگنشتاین لە جیهاندا بۆ ڕێبازەكانی بیركردنەوەی زمانی كێشاوە. ئەوەش بەو مانایە نییە، كە پرۆسەی دەروونی نوێنەرایەتی واقیعی زمان بکات، بەڵكە بەو مانایەیە، كە ڕێبازەكانی تەكنۆلۆژیا، كلیك لە تووانەوەی زمان بۆ وێنە دەكات و جیهان لە وێنە هەنووكەییەكانیدا دەخەمڵێنێ. بەڵام ئایا ماڵئاواییكردن لە زمان دەتوانێ بوونی زمان تێپەڕێنێ؟ ئایا دیوەکەی دیكەی بوونی زمان وێنەیە؟!.
كاراكتەری ڤیتگنشتاین لە فیلمی (زمان)دا، سەرەتا لە یەک زمانی لۆژیکی بۆ پێوانی هەموو شتێک دەستپێدەكات و دواتر دەگاتە ئەوەی کە نەخێر، ئێمە یەک زمانمان نییە، بەڵکو کۆمەڵێ زمانمان هەیە، لە بەکارهێنان و سیاق و یاری جیادا، مانای جیا دەدەن. وەك زمانی یاسا و زمانی شیعر و زمانی ئەفسانە و زمانی زانست و زمانی ڕۆژانە. پاشان فیلمەكە لە پرسی تووانەوەی زمان و وێنە و كلیك درێژ دەبێتەوە.
تیۆری پەتی و ڕێبازەكانی بیركردنەوە
(ڤیتگنشتاینی فرە زمان) زۆربەی بەرهەمەکانی بۆ هەڵوەشانەوەی بنەما فەلسەفییەکان تەرخان کردووە و بڕوای بەوە نییە، كە بتوانین لە ڕێگای پرۆسەی دەروونی چەمكەكان ڕوونبكەینەوە، پێیوایە بە ئاماژەكردن بە گرنگی ئەو پانتاییە کۆمەڵایەتیانەی، کە کردەی زمانەوانی تێدا ئەنجام دەدرێت، شتەكان دەگۆڕێن. بەو مانایەش دەبێ زمانەوانی لە ڕێگای بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانەوە لێکبدرێتەوە، نەک کردارە دەروونییەکان، مانا بۆ دەربڕینەکان دیاری بکەن. زمان لە ڕێگای (كردەی بەکارهێنانی زمان) پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە دەكات و ڕێکوپێکی خۆی بە تێپەڕبوونی کات دەپارێزێت. لەسەر بنەمای رەخنەگرتن لە تیۆری پەتی و عەقڵی سکۆلاستیکی، بە تایبەتی بۆ ڕوونکردنەوەی زمانی ئاسایی. ڤیتگنشتاینی دووەم ئەو هەڵوێستەی ڕەتکردەوە کە زمان بە دابڕاو لە كردەی بەکارهێنان بژمێردرێت و چالاکییەکانی لێبسێنرێتەوە. چونكە زمان حاڵەتێکی دەروونی نییە، کە واقیع وێنا بکاتەوە، بۆیە ملكەچی هیچ یاسایەك نابێت، تەنها شێوازی بەکارهێنان نەبێت، شێوازی بەکارهێنانی زمان تەنها پێوەرێکە، كە وەک پێوەر بەکاری دەهێنێ. بە واتایەکی دیكە ڤیتگنشتاین لە باوەڕی کۆنکرێتی و بەكارهێنانی تایبەتی زمان دوور دەكەوێتەوە.
لێرەوە گرنگی کارەکانی ڤیتگنشتاین بۆ پڕۆژە كۆمەڵناسییەكانی بۆردیۆ لە چەمکی ڕەنگدانەوە و كردەی پەیڕەویکردندا دەبینرێت. بۆردیۆ وریایی ڤیتگنشتاینی دووەم لەبارەی ڕەخنەگرتن لە بیری پەتی و ڕێبازەكانی بیركردنەوەدا جارێكی دیكە لە بواری كۆمەڵناسیدا دادەڕێژێتەوە. كەواتە وەك چۆن لە زماندا ڕاست و هەڵە ئەوەیە، کە خەڵک دەیڵێن؛ خەڵک بەو زمانەی کە بەکاری دەهێنن هاوڕان. بە هەمان شێوەش کۆدەنگی لە زماندا نییە، بەڵکو ئەو کۆدەنگییە لە شێوەی ژیاندایە، بۆیە هیچ بنەمایەکی زاڵ نییە، کە پراکتیکی زمانەوانی کۆنتڕۆڵ بکات، وەك چۆن هیچ بنەمایەکی ڕەها نییە، بۆ ئەوەی چی دەکەین، یان چی دەڵێین. لەسەر ئەو بنەمایە بۆردیۆ هەموو بنەما ڕەهاكانی بۆ پراکتیزە کۆمەڵایەتییەكان ڕەتكردەوە. بەو مانایەش تیۆری کۆمەڵایەتی پێویست ناکات، بناغەی یەکەم بۆ پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان هەڵکەنێت، جا ئەم بنەمایە خواستی بەدەستهێنانی گەورەترین سوودی مومکین بێت، یان ڕەزامەندی تاكەكان. كەواتە بۆردیۆ هیچ پاساوێک بۆ ڕوونکردنەوەی تیۆری کردارە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای بیروباوەڕ و ئارەزووی تاکەکانەوە نابینێت..
بە دیوەكەی دیكە کاتێک فەلسەفەی کلاسیک بە شێوەیەکی پەتی بیر لە زمان دەکاتەوە، ئیتر دەكەوێتە دەرەوەی پانتایی بەكارهێنانە پراکتیکییەكانەوە. ئەوەش هەمان ئەو هەڵەیەیە، کە تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی ئەنجامی دەدات، کە پاڵنەری زۆرترین قازانج لەسەر بنەمای زانینی پێشوەختە ڕوون دەكاتەوە! كەواتە هەرگیز ناشێ عەقڵ بەپێی ڕوانگەی دیاریكراوەوە سنوودار بكرێت. وەك چۆن ناشێ پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای میکانیزمە دەروونییەکان ڕوونبكرێتەوە.
هاپیتۆس
لەنێوان پراكتیك و تیۆردا
هاپیتۆس لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک خوو و هەڵوێست و بەها و مەیلە، كە تاكی نێو كۆمەڵگا لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی ژیاندا بەدەستی دەهێنێت. ئەو چەمكە بۆردیۆییە، ڕەفتارێك نییە، کە لە ژینگەی دەرەکییەوە بەدەست هاتبێت، بەڵکوو جۆرێکە لە (بەرنامەسازی ناوخۆیی) و پاڵنەرێکە بۆ تاک بۆ ئەوەی بە شێوەیەک مامەڵە بکات، کە لەگەڵ پانتایی کۆمەڵایەتییەکانیدا بگونجێت، وەك چۆن لەگەڵ نوێبوونەوە و ئاڵۆزی ئەزموونی تاکدا دەگۆڕێت و نوێ دەبێتەوە.
هاپیتۆس تەنها لە جەستە پێکنەهاتووە، بەڵکو لە گریمانە بنەڕەتییەکانیش پێکهاتووە، واتە لە هەموو شتە دەروونییە نامەبەست و نائاگاکان پێكهاتووە. چەمكی هۆشیاری کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی هابیتوس، هۆشیاری نائیرادییە و تایبەتمەندییەكەی ئەوەیە، کە ڕێگا بە سەرهەڵدانی جۆرێک لە ئازادی نائاگایی یان کەم هۆشیار، ناهۆشیار دەدات، کە سەرچاوەکەی نادیارە. بۆردیۆ دەڵێت بڕیاری ئیمانهێنان تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت، کە بڕیاری لەبیرکردنی لەگەڵدا بێت!! بەو قسەیە هەوڵدەدات هەستی هاوبەشی مەبەستداری عەقڵانییەكان تێپەڕێنێت. بەو مانایە پراكتیك بە هیچ مەبەستێک یان عەقڵێکەوە تایبەت نییە، وەك چۆن لە بەرانبەر پراكتیكدا زمان ملكەچی هیچ ڕێسا و یاسایەك نابێت. بەڵكە بریتییە لە تێگەیشتن لە لۆژیکی هەموو کردارە (مەعقولەکان) بەبێ ئەوەی بەرهەمی پلانێکی عەقڵانی داڕێژراو بێت. کردارگەلێکە، کە بە جۆرێک لە جۆرەكان لە ئامانجێكی بابەتییدا دەردەكەوێت، بەبێ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاگاییانە پێوەندی بە ئامانجێکی درووستکراوی ئاشکراوە بكات، بەبێ ئەوەی بە مەبەستی یەکگرتوویی، یان لە بڕیارێکی هۆشیارانەدا هەڵقوڵابێت. بە كورتی چەمکی هاپیتۆس هیچ نییە، جگە لە (كردەیەكی تیۆری) کە ئامانجی زاڵبوونە بەسەر دژایەتی ساختە و بێنرخكردنی پراكتیك و تیۆری ئۆنتۆلۆژی..
بەڵام زمان چۆن هاوسەنگی هێز دەپارێزێت؟ هۆكاری ئەو پرسیارە ئەوەیە، كە زمان زیاتر لە ئامرازێکی پەیوەندیکردنە. (نۆرمان فێرکلیف) لە كتێبی (زمان و دەسەڵات)دا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زمان بێلایەن نییە، چونكە هەموو سیستم و دامەزراوەكان بۆ ڕاییكردنی كارەكانیان پشت بە گوتاری زمانەوانی دەبەستن، بۆ نموونە شێوازی گێڕانەوەی یاساکان، یان هەواڵەکان. بەڵام هەموو ئەوانە تەنها لە سیستمی زماندا كورت نابنەوە، بەڵکوو بۆ بەرهەمهێنانی جیاوازی خزمەت بە بەرژەوەندیی (هەندێک لایەنی جیاواز) دەكەن!!. كەواتە زمان دەسەڵاتی جیاوازی لەناو کۆمەڵگادا دەچەسپێنێ.
لەنێوان سیستم و جیاوازی، یاسا و پراكتیك، مەعقول و نامەعقول. ڕەخنەی بۆردیۆ لە زمانەوانیی چۆمسکی و سوسێر و . هەموو ئەوانەی کە لە پێکهاتەی (زمانەوانی نموونەیی) دەکۆڵنەوە، ئەوەیە، كە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەكان دابڕاون! بۆ نموونە: سوسێر حەزی لە زمانە، قسەکردن فەرامۆش دەكات. چۆمسکی گرنگی بە لێهاتوویی، یان توانا دەدات نەک دەستکەوت. بە كورتی ئەوە پراکتیکی زمانەوانییە، پراکتیکی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت، نەك ئەو یاسا زاڵانەی کە توێژەر لە مێشکی خۆیدا دەیانخەمڵێنێ. چونكە هیچ یاساک بە شێوەیەکی پێشوەختە و مەجازی بوونی نییە، بەڵکو لە پراکتیکدا بوونی خۆی دەدۆزێتەوە! بە پێچەوانەی گوتاری عەقیدەی یاسایی، کە بە مەبەست پەنا دەباتە بەر زاراوەی ناڕوون و ناڕوونی حوکمڕانی و ڕێزمان، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دیاریكراو بەرهەم بهێنێت.
ڤیتگنشتاین لە گوتارێکی ڕوون داڕێژراوەوە بەرەو پراکتیک دەڕوات. بەڵام بۆردیۆ جەخت لەسەر پێویستی دەستپێکردن لە پراکتیکەکانەوە بەرەو یاسا دەکاتەوە، واتە پێویستی لێکدانەوەی یاساکان لە ڕێگای پراکتیکەکانەوە، کە لە هەموو کارلێکێکی کۆمەڵایەتیدا هەست بە درووستکردن و نوێکردنەوەی ئەو یاسایانە دەکەن.
سەرمایەی زمانەوانی
سەرمایەی دیجیتاڵی
سەرمایەی زمانەوانی زاراوەیەکی کۆمەڵایەتی زمانەوانییە، کە لەلایەن بۆردیۆوە داڕێژراوە. بۆردیۆ بە کەڵەکەبوونی کارامەیی زمانەوانی و وەک جۆرێک لە سەرمایەی کلتووری وەسفی دەکات. سەرمایەی کلتووریش بریتییە لە کەڵەکەبوونی زانست و لێهاتوویی و دەستکەوتە كلتوورییەکان. بەڵام سەرمایەی دیجیتاڵی، تێڕوانینی بۆردیۆیە بۆ بۆشایی دیجیتاڵی و ئەو پانتاییە دەگرێتەوە، كە توانای ڕوونكردنەوەی جیاوازییەكان و بەرفرەوانكردنی بەكارهێنانەكانی هەیە، تا بشێ بواری دیكەی كۆمەڵایەتی بگرێتەوە. لەنێوان سەرمایەی زمانەوانی و دیجیتاڵیدا، فەزایەكی كراوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێوە دەبات، بەڵام لەبری گوتاری زمانی خوێندراوە و بیستراو، پشت بە گوتاری وێنەی دیجیتاڵی دەبەستێت. كلتووری وێنەیی، خولیا و چەمكێكی نوێیە و سرووشتی پەیوەندییەكانی ڕاستەوخۆتر و خێراتر و پڕ زانیاریتر و ئەرێنیتر و پڕ چێژتر كردووە. وەرگر دەتوانێ بە خێراییەكی لە سنووربەدەر لە هەموو شوێن و كاتێ پێیبگات و بیگەیێنێت.
زاراوەی كلتووری وێنە، پەیوەندی بە ڕەهەندە فرەجۆرەكانی وێنە و دەلالەت و مانا و كاریگەرییەكانیدایە، وەك چۆن پەیوەندی بە چۆنێتی تەماشاكردنی وەك ڕەمز و ئامرازی گواستنەوەی زانیارییەكان و چێژەوە هەیە، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەش كلتووری وێنە و وێنەی دیجیتاڵی و شۆڕشی وێنە رابەرایەتییان دەكات، فیلمی درێژی (ماڵئاوا زمان) دەگەیەنێت. بەو مانایەش كلتووری وێنە وەك سیمای ئەو سەردەمە شوێنی زمانی گرتۆتەوە. كلتووری وێنە ناسینەوە قبوڵ دەکات، بەڵام ئینکاری قبوڵ ناکات! هەموو کۆمەڵگایەک کلتوورێکی بینراوی هەیە و هەموو کلتوورێكی بینراویش لە شۆڕشە تەکنیکییەکان دابڕاو نییە.
ئەو سەردەمەی کە ئێستا تێیدا دەژین بە خێرایی بەرەو پێکهاتنی شارستانیەتی وێنەیی دەڕوات، ئەمەش وامان لێدەکات لەبری (كەسی زمانی) باسی (کەسی وێنەیی)، لە بری بابەتی (مێژووی ناوەڕۆک) باسی شاشەی (بینراوی چركەساتی)، لەبری (ئەزموون) باسی (بەكارهێنان)، لەبری (زمان) باسی (كلیك). بکەین، واتە لەبری گێڕانەوەكان باسی زانیارییەكان و شۆڕشی خودی و گۆڕانكارییەكانی ئیگۆ بكەین. هێزی وێنە وەك گوتارێکی کراوە بەڕووی هەموو زمانەکاندا، وادەکات بچێتە نێو خەیاڵی جیهانەوە و پەیامەکەی خۆی بە شێوەیەكی فرەڕەهەندی ئاگایی و نائاگاییەوە بگەیەنێت، بەو مانایەش ئەرکی وێنە لە بینینەوە بۆ تێگەیشتن تێدەپەڕێت و ئیتر لە ڕەهەندی تایبەتی ئایکۆنی و پلاستیکییەکەیدا ناوەستێت، بەڵکوو لەوە زیاتر بۆ ڕەهەندی ناڕاستەوخۆ هەنگاو دەنێت. جگە لە پەیامی بینراویش، پەیامێکی ڕێکخراوی هەیە، کە لە دەرەوەی سنووری فەرمی وێنەکان دزە دەکات و هەڵگری کۆمەڵێک واتا و سرووشی جیاوازە.
وێنەی ئەمڕۆ، بەرهەمی كلتوور و بیرکردنەوە و ئابووری و تەکنۆلۆژیایە. بەو مانایەش هەر تەنها لە چێژوەرگرتن بە هەموو ماناكانییەوە كورت ناكرێتەوە، بەڵكە زمانێکی خێرای پڕ زانیاری و بینراوی مۆدێرنە، کە وشە و کردار تێیدا بە یەکدەنگ (یەك كلیك) نوێنەرایەتی حەقیقەت دەکەن. بۆ ئەوەی وێنەش ڕۆڵی پێویستی خۆی جێبەجێ بکات، هەر تەنها رەنگدانەوە نا، بەڵكوو دەبێ بینراوێكی درەوشاوە بێت، بۆ سەركەوتنی بەكارهێنان و گۆڕانکاری و هاندانی جددی و بوونیادنانی درووستی مرۆڤ و گەردوون.
هەولێر 5/4/2025