وژار فەهری:جێبەجێکردنی سیستەمی پاشایەتی دەستووری لە هەرێمی کوردستان گرنگێکی زۆری هەیە، بەوەی کە هەرێمی کوردستان خاوەن چەندین نەژادی جیایە

دانا له‌تیف – هەولێر

به‌شی دووه‌م

پرسی نووسینی ده‌ستوور یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی وڵاتی كوردستان، كه‌ كاریگه‌رییەکی به‌رچاوی له‌سه‌ر بنیاد و كایه‌ ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كولتوورییه‌كان هه‌یه‌؛ ئێمه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر زۆر به‌ گرنگی ده‌زانین، كه‌ له‌ ڕێگه‌ى دواندنی پسپۆڕ و نووسه‌ر و فه‌لسه‌فه‌كار و یاساناسه‌كانه‌وه‌، هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رچی زووه‌ پرۆسه‌كه‌ جددیتر و خێراتر بكرێت.

له‌م گفتوگۆیهدا‌، مامۆستای زانكۆ و نووسه‌ر، وژار فه‌هری ده‌دوێنین كه‌ پسپۆڕی شەپۆلی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوروپایە. چه‌ندان توێژینه‌وه‌ى له‌باره‌ى گەشەسەندنی جیهانگیری و کاریگەری لەسەر پرسی پادشایی ده‌ستووری و ئۆتۆنۆمی دەوڵەت و ئابووریی سیاسی و قەیرانی مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چه‌ند بوارێكی تر نووسیوه‌ و بڵاویش كراوەته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر: ئايا پاشایەتی دەستووری جیایە لە پادشایەتی ڕەها ؟
وژار فەهری: زۆر گرنگە ئەوە بزانین کە پاشایەتی دەستووری جیایە لە پادشایەتی ڕەها هەروەها لە دیکتاتۆریش جیایە. لە پادشایەتی دەستووری، دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پێک دێت لە سەرۆک وەزیران و دەستەڵاتی یاسادانان کە پێک دێت لە پەرلەمان، زۆرترین دەستەڵاتیان هەیە و سەبارەت بە کاروباری سیاسی و ئابووری وڵات بڕیار دەدەن. بەم پێیە دەستەڵاتەکانی پاشا دیاریکراون بەپێێ دەستوور و ناتوانێت لە دەرەوەی دەستوور دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت، بەشێوەیێک پاشا یان شاژن پابەندن بە دەستووری وڵات و وەک سیمبولی نەتەوایەتی دەردەکەون. بەڵام پاشایی ڕەها وەک لە ناونیشانەکەی دیارە کە خاوەن دەستەڵاتێکی ڕەهایە لە کاروباری وڵاتدا، بڕیارە سیاسی و ئابووریەکانی وڵات پەیوەستن بە بڕیارەکانی خۆی. پاشایەتی ڕەها پابەند نیە بە هیچ بڕیارێکی حکوومەت. بەڵام هەرچی پاشایەتی دەستووریە ڕۆڵی لە وڵاتدا پەیوەست نیە بە هیچ پارتێکی سیاسیەوە وەک شاژنی بەریتانیا، پاشای هۆڵەندا، پاشای نەرویج و چەندانی تر. سیاسەتمەدار و مێژووناسی بەریتانی (تۆماس بەبینگتون ماکولی) بەم جۆرە پێناسەی پادشایەتی دەستووری دەکات و دەڵێت ( پادشا سەروەرێکە بەڵام سەروری ناکات). هەرچی دیکتاتۆریەتە بە دوو ڕێگا دێتە سەر دەستەڵات، یان بە شێوازی کودەتای سەربازی و شۆرش، یان بە ڕەتکردنەوەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن و وازنەهێنان لە کورسی دەسەڵات کە دواجار هەر مل دەهاوێژێت بۆ پادشایەتی ڕەها وچەوسێنەر. ئەمانە لە سیستەمی پادشایەتی دەستووریدا نیە و پادشا یان شاژن بەشێوەییكی ئاشتیانە ئەو پۆستە دەگرنە دەست نەک بە ڕێگای توندوتیژی، لە سیستەمی پادشایەتی دەستووری، پادشایەتی پۆستێکی سیاسی و حکوومی نییە کە بیەوێ دەستکاری لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن. ڕەخنەگرانی سیستەمی پادشایەتی دەستووری پێیان وایە ناکرێت پاشایەتی ببێتە سیستەمێکی دیموکراسی کاتێک دەستەڵات لە باوکەوە بۆ کور بگوازرێتەوە بەبێ هەڵبژاردن، یان پاشا لە نەتەوەیێک فەرمانرەوایی بکات بەسەر هەموو نەتەوەکانی تر. پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە پاشا لە سیستەمی پاشایەتی دەستووریدا پەیوەندی بە حکوومەتەوە نیە. حکوومەت بەهەموو دامەزراوەکانی دەبێ بە هەڵبژاردن بکرێت و خەڵک لەسەر هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆکی نوێی حکوومەت بە ئازادی دەنگ بدەن، بەڵام پاشا پۆستێکی دەرەوەی سیاسەتە و بە هیچ شێوەیێک بەبێ ئەو دەستەڵاتانەی کە دەستوور بۆی داناوە ناتوانێت مامەڵەی سیاسی بکات لە کاروباری وڵاتدا. پاشا ڕۆڵێکی سیمبولی یەکگرتووی وڵاتی هەیە، دیموکراسی بەتەنیا ناتوانێت خۆی بپارێزت، بەبێ بوونی دامەزراوەی تۆکمە، لە وڵاتە خاوەن سیستەمی پاشایی دەستووری هەبوونی دیموکراسی و ڕۆڵی پاشا یان شاژن لەم بارەدا بە ڕوونی هەستی پێکراوە. ئەگەر باسی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست بکەین، ئەو وڵاتانەی کە بەهاری عەرەبی تیایاندا سەری هەڵدا، هەموویان وڵاتی کۆماری بوون، هەڵەیە ئەگەر ئێمە وا بیربکەینەوە کە ئەو وڵاتانە خاوەن سیستەمی پاشایی بوون، سوریا، یەمەن، لیبیا، میسر، تونس هەموویان وڵاتی کۆماری بوون نەک پاشایەتی دەستووری. ڕەنگە ڕەخنەگرانی سیستەمی پادشایی دەستووری پرسیار لەوە بکەن کە ئایا دڵنیایی هەیە بۆ ئەوەی پاشای دەستووری پەل نەهاوێژێت بۆ پاشایی ڕەها؟ وەڵامەکە لەوەدا دێت کە لە سەرەتای ڕەگ و ڕیشەی سیستەمی سیاسیدا هەموو وڵاتێک پاشایەتی ڕەهای هەبووە، بەڵام گۆڕدراون بۆ پاشایەتی دەستووری، بە مانایەكی تر، پاشایەتی ڕەها دەکرێتە پاشایەتی دەستووری بەڵام لە سیستەمەکانی تر وەک کۆماری ئەو مەترسییە هەیە کە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی وڵات ببنە خاوەن دەستەڵاتی ڕەها لە وڵاتدا، ئەم مەترسییە لە مێژوودا ڕوویداوە و ئێستاش لە زۆر وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەو ترسە هەیە.
سەبارەت بە دەستووری عێراق کە جەخت دەکاتە سەر ماددەی ١٢٠ سەبارەت بە دەستووری هەرێمەکان، سیستەمی پاشایەتی دەستووری بە هیچ جۆرێک ناکۆک نییە لەگەل دەستووری عێراق، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فەرمانڕەواییە نەک کارگێری، ئەمەش بەدیدەکرێت لە هەبوونی دەسەڵاتەی دادوەری و جێبەجێکردن و یاسادانان و هەبوونی هێزی پێشمەرگە و چەندین فاکتەری تر. بەهۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فەرمانڕەوایە، کەواتە دەتوانێت سیستەمێکی تایبەت بە خۆی دابنێت، چونکە دەستووری عێراق هیچ چوارچێوەیێکی بۆ جۆری سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمەکان دانەناوە، ئەمەش چونکە لە سیستەمی فیدراڵیدا ئەو دەسەڵاتە دەچێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی هەرێمەکان. لە دەستووری عێراقیشدا لە ماددەی (١٢٠) ئاماژە دراوە کە هەرێمەکان دەستوورێک تایبەت بە خۆیان دابنێن، ئەمەش مانای وایە کە کە دەستوور دەبێت لەگەڵ كۆمه‌ڵگه‌ و سیاسەتی هەرێم کۆک بێت. نەکە تەنها سیستەمی پاشایەتی دەستووری، بەڵکو سیستەمی سەرۆکایەتی، نیمچە سەرۆکایەتیش دژی دەستووری عێراق نیە. ئەمە بۆ بابەتەکانى تریش هەر بەو شێوەیەیە، بۆ نموونە ناکرێ لەبەر ئەوەى جێکردنەوە و تەبەننیی ئایین لە دەستوورى عێراقدا هاتووە، دەبێ هەرێمیش بە هەمان شێوە بێت. ئەمە دەکەوێتە سەر واقعی کۆمەڵگه‌کە. بۆ نموونە چی دەبوو ئەگەر دانیشتووانى هەرێمی کوردستان مەسیحی یان ئێزدی یان هەر ئایینزایەکى تر بوونایە، ئایا دەبووایە هەرێمی کوردستان ڕێک وەک دەستووری عێراق بووایە؟ بێگومان نەخێر.

ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر: ئاشكرایه‌ كوردستان وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌ و فره‌ ئایینه‌، به‌ ڕای تۆ ده‌كرێ ده‌ستووری كوردستان بتوانێ ڕه‌چاوی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی و كولتووری و سیاسیی و ئایینی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازانه‌ بكات؟
وژار فەهری: پێویستە سەیری ئەو وڵاتانەی ئەوروپیا بکەین و بزانین بۆ هەندێک وڵات سەرەڕای ئەوەی کە دیموکراسین، بەڵام هەندێکیان پاشایین و هەندێکیان کۆمارین، وڵاتانی دراوسێ وەک، ئیسپانیا کە پاشایەتیە و پورتوگال کۆماریە، بەلجیکا پاشایەتییە، فەرەنسا کۆماریە، بەریتانیا پاشایەتیە و ئیرلەندا کۆماریە. ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی پاشایەتی دەستووریان هەڵبژاردووە پێک دێن لە چەندین نەژادی جیا بە جۆرێک کە وڵاتە خاوەن سیستەمی پاشایەتی دەستووری پێویستی بە کەسێکە وەک چەترێک بۆ هەموو تاکێکی وڵات دوور لە لایەنگری سیاسەت، لایەنگری هەموو خەڵکی وڵات بکات بە یەکسانی. دوور لە دەمارگیری نەتەوایەتی و نەژادی و ڕەگ و ڕیشەی خەڵک. پاشا هیچ نەتەوەیێک بەسەر ئەوی تردا زاڵ ناکات لە وڵاتانی فرەنەتەوە. لە سیستەمی پاشایەتیدا، پاشا یان شاژن باشتر ئامادە دەکرێن بۆ ئەو پۆستە گرنگە، لە سیستەمەکانی تری سیاسی، هەموو چوار ساڵ جارێک کەسێک دێت وەک سەرۆکی وڵات دیاریدەکرێت، ئەمەش پارتە سیاسیەکان هەڵیدەبژێرن نەک خەڵک بە شێوەی ڕاستەوخۆ، ئەمەش ڕاست نییە کە ئەگەر سەرۆکی وڵات لایەنگری خەڵکی لەگەڵ نەبوو ئەوا دەگۆڕدرێت، لێرە ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە ئەگەر ئەو خەڵکەی دژی سەرۆکی وڵات بوون، بەڵام کەمینە بوون لە وڵاتدا، ئایا دەتوانن سەرۆکی وڵات لەسەر کارلادەن؟ بێگومان نەخێر. پاشا تاکێکە کە پاشای هەموو خەڵکێکە بەبێ جیاوازی، ئەگەر پاشا وەک یەک سەیری هەموو تاکێکی وڵاتەکەی نەکرد ئەوە پاشای دەستووری نییە. جێبەجێکردنی سیستەمی پاشایەتی دەستووری لە هەرێمی کوردستان گرنگێکی زۆری هەیە، بەوەی کە هەرێمی کوردستان خاوەن چەندین نەژادی جیایە وەک کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری، کلدانی، ئێزدی. . . هتد، پێویستە پاشایێک هەبێت کە ببێتە مڵكی هەموو تاکێکی کوردستان. لە سەرەتای ڕاپەڕینی ١٩٩١ کاتێک کە هەرێمی کوردستان ئازاد کرا لە دەست ڕژێمی بەعس، دەکرا سیستەمی هەرێم بکرێتە پاشایی بەڵام نەکرا. لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا سیستەمی سیاسی پاشایەتی دەستووری سەرکەوتنی بەدەستهێناوە بەبەراورد لەگەڵ سیستەمەکانی تری سیاسی، دەبینین کە وڵاتێکی وەک (ئوردن) کە وڵاتێکی پاشاییە و (سوریا) کە وڵاتێکی کۆماریە جیاوازی زۆریان هەیە، ئوردن وڵاتێکی دیموکراسی و سوریا وڵاتێکی دیکتاتۆریە، هەر ئەمەشە وامان لیدەکات کە بیربکەینەوە بەوەی سیستەمی کۆماری زیاتر مەیلی بوونی بە دیکتاتۆری هەیە لەوەی پاشایەتی، چونکە لە سیستەمی کۆماریدا، دەنگدان لەسەر کەسی یەکەمی وڵات دەکرێت و ئەگەر زۆرینەی لەگەڵدا بێت ئیتر دەتوانێت بە ڕێگای دیموکراسی هەموو کات مەرامە سیاسەکانی بەجێ بهێنێت.

ھەواڵی زیاتر