چەند چڵە نێرگزێک بۆ هەڵەبجە

ئاورنگ شێخ عەلی بەرزنجی

 

ئەلبوومی گشت خەمەکانم
لە ساڵنامەی ئەشکدایە
هەر هەنسکە و خەمی
منداڵێکی کانی ئاشقانی لە ئامێزە و
ئەیلاوێنێ..
هەر دڵۆپێ
بەسەرهاتی ئازاری مرۆڤی کوردە
خەمەکانم زۆر ناسکن
وەک فرمێسکی مرۆڤێکی
لە خاکی خۆدا ئاوارە
بڕوا بکەن…
خەمەکانتان خەمی منە و
زامەکانتانم لە دڵما هەڵگرتووە
گەر وا نەبێ
ئەی چۆن دەریا
لە ناخمدا نوقم دەبێ!
چۆن ئەتوانم هاوار بکەم
هەڵەبجە قژ خوێنینەکە
هەرچی بنووسم ناتوانم
پێناسەی سەدایەکت بکەم
کە هاواری کرد:
دایە گیان جێم مەهێڵە
هەرچی بنووسم. ناتوانم
پێناسەی بەیانی بکەم
لەجیاتی شنە و کازیوە
دێوەزمەی مەرگهێنەر بێ و
باڵی پێنج هەزار پەپوولە هەڵوەرێنێ
چی بنووسم؟
هەڵەبجە ئەستێرەی گەشە و
هەموو ویژدانێ ئەیبینێ
ئەڵێم رەنگە
قەڵەم بەهارێ نەنووسێ کە خوێنپۆش بێ
باڵی شکاوی پەپوولەکان چۆن کۆکەمەوە
شازدەی ئازار بەڕێوەیە
جەستەی سووتاوی منداڵان
ئاگری نەورۆز گڕ دەدەن
بۆکڕووزی پرچی دایکان و خوشکانی
وڵاتەکەم و سێدارە
پیرۆزبایی لە کورد دەکەن
شازدەی ئازار بەڕێوەیە و
قەڵەمی مێژوو کەوتە گەڕ
تازە وا گوێی دەکرێتەوە
چاوەکان وەک دەریاچەیەکی سووری
دەمەو ئێوارە
خوێن دەبارێنن
نەفرەت لە بێدەنگیی دەنگەکان
تف لە سیمای چاوپۆشەکانی جینۆساید
دوێنێ ئەهریمەنەکانی سەدە
خەونی منداڵێکی جێماوی هەڵەبجەیان
لە خاچ دا
بە بەرچاوی فریشتەکانەوە
منداڵانیان بە رۆحەوە دەکردە خاکستەر
بەیانی بوو
فرمێسکەکان قەدەغە بوون
هاوارەکان پەنگخواردوو بوون
ئەو بەیانیە
هێرۆشیما و ناکازاکی
شینیان بۆ هەڵەبجە گێڕا
پەنجەیان دەکردە هەتوان
بەسەر زامی ساڕێژنەبووی
منداڵ و پیر و دایکانی
هەڵەبجەیانا ئەهێنا
بەیانی بوو
لاشەکان گەڵای وەریو بوون
لەژێر پۆستاڵی ئەوانا..!
ئای لەم گوناهە گەورەیە
نەفرەت لە دڵی ژەنگگرتوو
ئاخر لە بەندەکانی جاڕنامەی
مافی مرۆڤی ئەوانە وا هاتووە
کورد بێ خاکە و بستێ خاکیش
بۆ لاشە بێنازەکانی ئەنفال و بارزان و
پەپوولەکانی هەڵەبجە بە رەوا نابینن
بۆیە بەکۆمەڵ ئەنێژرێن