کاوە زوحاکی نەکوشتووە!

زوحاک ئەوسا ھەبووە و ئێستایش ھەیە و ئیساولایش هەر دەبێت. زوحاک دیاردەیەکی مەیدانی و سایکۆلۆژییە و لە فکر و دەروونی میللەتاندا مڵق دەدا و ھەر میللەتێک بە شێوەیەک لە شێوەیەکان تەجەسومی زوحاکێک دەکا و دوورئەندازیشی بۆ دادەنێ. ئێمە وەک ماد و کوردی ئەم دۆڵە و بناری چیاکانی ئەم زاگرۆزە، میتالۆژیا و تێفکرینی مێژووییمان لەگەڵ گەلانی تردا جیاوازە، لە بنەمادا جێگە و شوێن و جۆری ژینگە تا ڕادەیەکی زۆر چۆنییەتی تایبەتمەندی ئەفسانەکان و شێوەی تێفکرین گەڵاڵە دەکات و بەلای خەڵکە زۆرەکەوە وەک مێژووی ڕاستەقینەی ڕابردوو پێناسە دەکرێت و بە مێژووی ڕاستەقینە دەیدەن لە قەڵەم. ھەتاوەکوو چیرۆکە خۆماڵییەکانیش بە گوێرەی ژینگە جیاوازن. لە کوردستاندا چیرۆکی ئەفسانەیی زۆرن و بڕێکیان پەیوەندن لەگەڵ دەڤەرەکەدا. ئاو لە گەرمیاندا نیازێکی تێکڕاییە، بۆیە ڕەنگدانەوەی لە تێفکرینی دەروونیدا کاریگەریی خۆی ھەبووە، چیرۆکی سەیر سەیریان بۆ سازاندووە. ئەژدیھایەک بەری ئاوی دەڤەرێک دەگرێت و ھەفتەی قوربانییەکی پێشکەش نەکرێت ناجووڵێتەوە و بەری ئاوەکە بەرنادات. (مڵک محەمەد) ناوێک بە ڕێبواری گوزەری دەکەوێتە ئەو دەڤەرە و ئەژدیھا دەکوژێ و بەری ئاو بەر دەدا.
دیارە ئێمەی کورد لە مێژەوە خاوەنی ڕاستەقینەی چیاکانی زاگرۆز و دەوروبەرەکەین. بۆ نموونە زۆربەی ئەفسانە میتالۆژییەکانیش ھەر ھی کورد بوونە. شتێکە لەبەر کەم دەستەڵاتی و ژێردەستەیی میللەتانی دەوروبەر ئەویش وەک سامانەکانی تری چەپاوکراون و بوون بە مڵکی گەلانی دەستڕۆیشتوو. بکوژ و ببڕ و تاڵانکەرانی عارەب لە ئێراندا لە سەردەمی فیردەوسی (٩٢٠- ١٠٢٠) و پێش ئەودا لە ئەقڵی فیردەوسیدا ھەمیشە کاردانەوەی خۆی ھەبووە، بۆیە کارەکتەرێکی وەک زوحاکی کردووەتە عەرەب و داگیرکەری وڵاتەکەی. دیارە لە کورد بێدەستەڵاتری لە دەڤەرەکەدا نەدیوە، بۆیە چڕنووکی لە مێژووی “ماد” گرتووە و دوا شای “ماد” “ئەژدھاک”ی کردووە بە زوحاک و ئیتر داستانی شەیتانی بەلای ھەمووانەوە زانراوە. لە شانامەکەی فیردەوسیدا قارەمانە سەرەکی و لاوەکییەکان دەسنیشان کراون. سەرەکییەکان پەنجا ناون، (٤٩) پیاون و یەکێکیان ئافرەتە. ٢٥٠ قارەمانی لاوەکی تێدایە، یەکێک لەو قارەمانانەی “کاوە”یە، ئەویش لە بیستونۆ بەیتدا، کە سەرجەم شانامە (٦٠٠٠٠) بەیتی شیعرییە، تەنھا لە (٢٩) بەیتدا ناو براوە.
کەسایەتیی (زوحاک یا ئەژدھاک یا ئەستیاک) کە ھەرسێانیان یەکێکن وەنەبێ لە ئەفسانەکاندا نەبووبێت، ھەبووە شتێکە بە گوێرەی لێزانی و چاوساغی “فیردەوسی” وای لێ کردووە تا بە گوێرەی داستانەکەی ئەو بیناسین، ئەگینا لە ئایینی زەردەشتیدا بە وردی باسی لە (ئاژی دھاکە)ی کردووە و لەو ڕووەوە دەڵێت: “کاروکردەوەی درۆ و درۆزنی و ھەڵخەڵەتاندن و کاروکردەوەی “ئەنگرەمینیو” ئەھریمەنانە، زۆرتر لەناو توێژی دێوەکانە بەناوبانگترینیان زوحاکە (ئەژدی ھاکە). زوحاک سێ سەر و سێ پۆزە و شەش چاوی ھەبووە، سەرتاسەری لەشی وەک گوێچکە ماسی وایە و لەشی پڕە لە دوپشک و گیانلەبەرانی ئازاردەر. ئەگەر لەشی ھەڵبدرێت جیھان پڕ دەبێت لەو جانەوەرانە و ئازاری بەشەریەت دەدەن.” زوحاک سەت ئەسپ و ھەزار گا و دە ھەزار مەڕ بەدیاری بۆ دەنێریت (ئاناھیتا ـ ناھید)ی فریشتە تا لێی گەڕێ ئەوی بەسەر زەویەوەیە لەناو ببات بەوە دەستبەردار نابێت لە کۆشکە ڕازاوەکەیدا کە تەواوی کۆڵەکەکانی لە زێڕ دروست کراون بەسەر تەختی زێڕینەوە دادەنیشی فەرمانی قوربانیکردن دەدا بۆ پێشگا‌ی (ئاناھیتا) و (رای)، کە ھەردوو یەکێک بوون لە خواکان، بەڵام ھەردوویان داواکەی زوحاک ڕەد دەکەنەوە. (ئەژە دەیهاکە) یا زوحاک کە یەکێکە لە نەوەکانی خودی ئەھریمەن بەوە ڕازی نابێ و دەکەوێتە تەقەڵای کوژانەوەی “ئاگر”ی پیرۆز، بەڵام (جەم)ی دەستەڵاتدار و بەتوانا بەری دەگرێ و ناھێڵێ ئاگری پیرۆز بکوژێنێتەوە.
زوحاک تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و دوو کچەکەی (جەم) دەڕفێنێ و خودی جەمیش بە ھەڕە دوو لەت دەکات. ئەو سەرکەوتنەی زوحاکە زۆر ناکێشێ (فەرەیدوون)ی قارەمان دوو کچەکەی (جەم) ڕزگار دەکا و زوحاکیش لە چیای دەماوەندا زیندانی دەکا و لەوێڕا تا ئاخیرزەمان بەند دەبێ کە بەڕەڵا دەکرێت دووبارە پەلاماری جیھان دەداتەوە، یەک لەسەر سێی گیانلەبەران قووت دەدا و زەرەر و زیانێکی زۆر بە ئاگر و ئاو و سەوزایی دەگەیەنێت. سەرەنجام زوحاک لەلایەن (گەرشاسپ)ـەوە دەکوژرێت. لەم گێڕاوەیدا کە بە سەرچاوەی سەرەکی دەژمێردرێت. (کاوە)یەک بەدی ناکرێت لە گۆڕانکارییەکەی (فیردەوسی) ناو شاھنامەیدا. کاوە کەسایەتێیکی گەلێک لاوەکی ناو شانامەیە و تەنھا بە بیست و نۆ دێڕ ناو دەبرێت، کە دەرواتە لای زوحاک و دەڵێت: ٢٣کوڕی ھەبووە، بیست و دوویان کوژراون و مێشکیان دەرخواردی مارەکانی سەرشانت دراون، ئەوەسا دواکوڕیشم ھێنراوە تا سەری ببڕن. زوحاک فەرمان دەدا کوڕەکەی بدەن بەدەستیەوە با بڕوا، ئەویش لەگەڵ کوڕەکەیدا پەنا دەبەنە بەر (فەرەیدوون)، کە دژ بە زوحاک لە شۆڕشدا بووە. لێرەیش زوحاک دوو خوشکی فەرەیدوون دەڕفێنێ و لە دەرباردا دەستبەسەریان دەکات.
لە شەڕدا فەرەیدوون زاڵ دەبێ بەسەر زوحاکدا، دەیەوێت بیکوژێت، دوو فریشتە لە ئاسمان دێنە خوارەوە و دەڵێن: مافی کوشتنی زوحاکت نییە، دەتوانی لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانی چیای (دەماوەند)دا دەستبەسەری کەیت. دەمەوێ ئەمەی بڵێم: ئەم کاوە چەکوشبەدەستەی لای خۆمان نە لە ئەفسانەکانی ئایینی زەردەشتدایە و نە لە شانامەکەی فیردەوسیشدا ھەیە. ئەگەر قارەمانێکی وەک کاوەی لای خۆمان لە شانامەیدا ھەبووایە، “فارس” بە ئاسانی دەیهێڵا ببێت بە مڵکی مامە کوردەی مەزڵووم؟
ئەوە خەیاڵە، ئەوە مەحاڵە!
زوحاک لە مێژوودا ھەبووە و ئێستایش ھەر ھەیە و دوێنێ بوو نەک زوحاکێک چەند زوحاکمان بە چاوی خۆمان دیوە.
ئەو ئەھریمەن سفتانە، ھەمیشە زوحاک ئاسا دەرگایان بە ئەم میللەتە گرتووە و چاوەڕوانی ھەلن و لە فرسەتا ژەھری خۆیان دەڕێژن. ئەوی جێگەی داخ و ئاخە، فرسەتەکان لەلایەن دز و دەخەڵ و خۆفرۆشەکانەوە دەڕەخسێنرێت. ئەگینا ئەم خاک و بوومە نە ناڵشێل کراوە و نە تانکڕێژ، ئەگەر پاڵپشتیی خیانەتکاران نەبێ، نە حەسەن پلایز و نە حوسێن دەڕنافیز بە ئاسانی پۆستاڵ ناخەنە سەر پەرچەمی کوردستان و نێرگەلەی سەرکەوتن بکێشن.
خوسرەو جاف