ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
زۆرێک لە ئافرەتان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان حەب “ڕێگری لە منداڵبوون” بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی سووڕی مانگانەیان دوا بکەوێت تا دوای مانگی ڕەمەزان بۆ ئەوەی هەموو مانگەکە بەڕۆژوو بن، بەڵام پزیشكان و زانایانی ئایینی جەختدەكەنەوە كە پێویستە ئافرەت لەسەر سروشتی خۆی بەردەوامبێت و حەب بەكارنەهێنێت.
دکتۆرەخان سەمیە عەتا نەقشبەندی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی وبلوری، چاودێری دووگیان، جەخت دەكاتەوە بە شێوەیەکی گشتی باشتر وایە ئافرەتان بۆ نەکەوتنە سووڕی مانگانەوە حەب نەخۆن، چونکە هەموو حەبێکی ڕێگری زیانی هەیە و نابێت بە بێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت.
پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كە بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر پێشتر حەبی بەرگیری (کۆنترۆڵی منداڵبوون)ـت بەکار هێنابێت ئەوە سەلامەتە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەگەر بتەوێت سووڕی مانگانەت دوا بخەیت، کاتێک دەتەوێت دەست بە خوێنەچۆڕەی سووڕی مانگانە بکەیتەوە واز لە خواردنی دەهێنیت، چونکە خوێنەچۆڕە وەک هەمیشە دەست پێ دەکاتەوە دوای وەستاندنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە شێوەیەکی ئاسایی وەک پێشتر.
ڕوونیشی دەكەنەوە كە ئەگەر چەند مانگێک پێش ڕەمەزان حەبی بەرگیری بەکار هێنرابێت، دواخستنی سووڕی مانگانە لە مانگی ڕەمەزاندا کاریگەریی نەرێنیی نابێت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بەڵام ئەگەر حەبی کۆنترۆڵی لەدایکبوون تەنها لە ڕەمەزاندا بۆ دواخستنی سووڕی مانگانە بەکار بهێنرێت، ئەمە ڕەنگە هەندێک کاریگەریی لاوەکیی لێ بکەوێتەوە:
* ناڕێککەوتنی سووڕی مانگانە.
* گۆڕانکاری لە ماوەی خولەکەدا.
* زیادبوون یان کەمبوونەوەی خوێنەچۆرەی سووڕی مانگانە.
* گۆڕانی باری دەروونی.
* هێڵنج.
* هەستیارداگەڕانی مەمک.
دەربارەی گونجاوترین حەب بۆ ڕێگری لە نەکەوتنە سەر خوێن لە مانگی ڕەمەزاندا دکتۆرەخان سەمیە نەقشبەندی ئاماژەی دا بە دوو جۆر حەب، کە ئەوانیش نابێت بەبێ ڕاوێژی پزیشکی بخورێت، وەک:
یەکەم/ بەکارهێنانی حەبی بەرگیری (دژی دووگیانی؛ مەنع” (Combined contraceptive pill) ئەمەش هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆنیشی تیایە، بریتییە لە ٢٨ حەب و ڕۆژانە یەک حەب وەردەگریت بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ، نابێت بێ سەردانی پزیشک بەکار بهێنرێت چونکە ئەم حەبانە زیانی هەیە.
دووەم/ حەبی نۆریسیستیرۆن (Norethisterone) ئەم حەبە تەنها هۆرمۆنی پرۆجیسترۆنی تیایە، ڕۆژانە دوو حەب وەردەگریت، ئەمەش نابێت بێ سەردانی پزیشک بەکار بهێنرێت.
لە ڕووی ئایینیشەوە زانایانی ئایینی ئاماژە بەوە دەدەن كە ڕێگریکردن لە سووڕی مانگانە دروستە، بەڵام باشتر وایە پەنای بۆ نەبەیت چونكە ئەوەی کە خودای گەورە بڕیاری داوە ئافرەتان بكەونە سووڕی مانگانەوە، لەكاتی كەوتنە سووڕی مانگانەیاندا هەروەکچۆن لە ڕۆژانی پاکی نوێژ و ڕۆژوو پەرستش دەکەن و پابەندن بە فەرمانی خودای گەورە، ئەمەش گوێڕایەڵییە و پاداشتیان هەیە بەبێ ئەوەی هیچ لە پاداشتیان كەم بێتەوە.
وەستانی سووڕی مانگانە وەک ئەوە وایە هەوڵ بدەیت دروستکراوەکانی خودای گەورە بگۆڕی، ئەو حەبانەی کە بۆ ڕێگریکردن لە سووڕی مانگانە بەکار دێن لەوانەیە ڕێگری لە دەردانی شلەیەک نەکەن کە لە سووڕی مانگانە دەچێت، وە ئەگەر ڕووی دا، ئافرەت سەری لێ دەشێوێ، نازانێت ئەمە خوێنی سووڕی مانگانە یان نا، هەر بۆیە نازانێت ئایا دەبێت نوێژ بکات و بەڕۆژوو بێت یان نا؟ ڕەنگە سووڕی ئافرەتەكە بۆ ماوەیەک بە ناڕێک بمێنێتەوە تەنانەت دوای وەستاندنی حەبەکانیش، زۆرێک لە پزیشکان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە خۆیان لە خواردنیان بەدوور بگرن چونکە زۆرجار دەبێتە هۆی هەندێک نیشانەی نەخۆشی.