د. محەمەد ڕەشید: داوا لە هاووڵا‌تیان دەكەین بۆ پاراستنی تەندروستی، تەنها ئەو بەرهەمانە بەکار بهێنن کە ستیکەری بەڕێوەبەرایەتیی KMCA/ وەزارەتی تەندروستییان پێوەیە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

د. محەمەد ڕەشید بەرپرسی بازاڕو بازگەگان، لە بەڕێوبەرایەتی کۆنترۆڵ کردنى هێنان و دروست کردنى دەرمان لە هەولێر ڕایگەیاند ساڵی پار لە هەولێر٤٥ دەرمانخانە و ٣٤ کۆمپانیا و ١٠ کۆگای دەرمان و یەك نۆرینگە و یەك شوێنی پێداویستیی پزیشکی، هەروەها یەك نەخۆشخانە و یەك تاقیگەی پزیشکی داخراون.

د. محەمەد ڕەشید گوتیشی هەوڵەكانمان بۆ کۆنترۆڵكردنی ئەو دەرمانانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت بەردەوامە، هەر بۆیە هەڵەكانیشمان لە پێشوو بریتیبوون لە پێداچوونەوە بە تۆماری هەموو كارگەكان كە تۆماركراون، هەر بۆیە بە پێداچوونەوە بە تۆماری كارگەكان هەوڵ درا ئەو كارگانەی دەرمانی كوالێتی نزمیان هەبوو یانیش بەرهەمی خراپیان هەبوو قەدەغە كران، هەروەها یەكێكی تر لە هەوڵەكانمان بریتی بوو لە پێدانی ستیکەری نوێی دەرمان، ئەم ستیكەرە نیشانەی ئەوەیە ئەم بەرهەمە لە پشكنینی تاقیگەیی دەرچووە و سەلامەت و شیاون بۆ بەكارهێنان.
ستیکەری نوێی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA)وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوی دەرمان، ناوی کۆمپانیای هاوردەکار، ژمارەی باج، ژمارەی داواکردن و نرخی دەرمانەکەی تێدایە.
بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری، لە لای راستی ستیکەرە نوێیەکە موگناتیسێک هەیە کە جۆرێکی تایبەت مەرەکەبی تێدایە و ساختە ناکرێت، لە کاتی نزیکخستنەوەی موگناتیسی تایبەت (لە دەرمانخانەکان هەیە)، رەنگی بۆ سەوز دەگۆڕێت.
هەروەها لەلای چەپی ستیکەرەکە، بارکۆدێک هەیە، لەکاتی سکانکردن بە ئاپی“QR Code Scanner” یان کامێڕای مۆبایل، کۆمەڵێک زانیاری بە سێ زمان “کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی” لەسەر ناو، نرخ، وڵاتی سەرچاوگە و باری بەرهەم دەخاتە ڕوو.
هاوڵاتییانی ئازیز، خۆتان بەدوور بگرن لە کڕین و بەکارهێنانی دەرمانی بێستیکەر، تەنها ئەو دەرمانانە بەکار بهێنن کە ستیکەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیان پێوەیە.