ئاوی زمزم چییە؟

 

جاناتال تنوی
کانی زمزم لە (مسجد حرام)ی مەککەیە و مزگەوتی حەرام گەورەترین مزگەوتی دنیایە، گرنگترین شوێنی پیرۆزی موسڵمانان: کابەیە. ملیۆنان موسڵمان ئاوی کانی زمزم بە پیرۆز دەزانن و باوەڕیانوایە توانای شیفابەخشی هەیە.
سەردانیکردنی کانی زمزم بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئەزموونی موسڵمانان و هەموویان بە ئاوی زمزمەوە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. بەوباوەڕەی ئاوی زمزم شیفابەخشە و ئەهریمەن دوور دەخاتەوە، دەدرێت بەخێزان و هاوڕێیان. دەشڵێن خودی کانی زمزم پەرجووە، چونکە هەڵقوڵینی ئاو لەم کانییە وشک ناکات.
ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن موسڵمان لەدنیادا بۆ “حەج” دەچنە مەککە. مەزەندە دەکرێت ژمارەی سەردانیکەران زۆر زیاتر بێت، چونکە سەردانیکەران، دانیشتوانی سعوودیە یان بەوشکانی یان ئاودا ڕۆیشتووان بۆ مەککە، ناوی خۆیان بەسەردانیکەر نانووسن.
بۆچی ئاوی زمزم لای موسڵمانان گرنگە؟
گرنگی نائاسایی ئاوی زمزم بۆ موسڵمانان، بەقوڵی ڕیشەی بۆ گێڕانەوە مێژوویی و ئایینیەکان دەگەڕێتەوە. محەمەد بوخاری، تووێژەری ئیسلام لە ساڵی٨٦٠ی زایینی، شەش بەرگی حەدیسی لە کتێبی “صحیح بخاری” کۆ کردەوە. حەدیس دوای قوورئان، دووەم سەرچاوەی ئایینی موسڵمانانە.
باوەڕ وایە حەدیسەکان، کۆمەڵێک ئامۆژگاری، نەریت و ڕێوڕەسمی پێغەمبەری ئیسلامن و نزیکەکانی گێڕاویانەتەوە. حەدیس بەپێی باوەڕە ئیسلامییەکان سەرچاوەی بنەماکانی بیروبۆچوونی پێغەمبەری ئیسلام و چۆن ڕەفتارکردنی موسڵمانانە. ڕەوایەتی و ڕاستی حەدیس لەنێوان شیعە، سوننە و فکرە جیا جیاکانی موسڵمانان، جیاوازە.
سەردانیکەرانی حەج
بەپێی بنەماکانی بیروبۆچوونی ئیسلام، پێش هەزاران ساڵ خوا لەوەڵامی نزای هاجەر هاوسەری ئیبراهیم، کە لەگەڵ کوڕەکانی لە بیابان بێ ئاو و نان بەجێهێڵرابوون، کانی زمزمی ئەفراند. ئەمە لە سورەتی ئیبراهیم لە قورئاندا باسکراوە.
لەکتێبی “صحیح بخاری” باسکراوە چۆن هاجەر، کاتێک بەدوای دۆزینەوەی ئاودا دەگەڕا نائومێد بوو، حەوت جار لەنێوان تەپەی سەفا و مەروادا ڕایکرد، تا جوبرائیل پاژنەی بەزەویدا داو ئاو لەناخی زەویدا هەڵقوڵی. هاجەر دەترسا ئاوەکە وشک بێت، چەندین جار لەژێر لێوەوە وشەی “زمزم” (وشەیەکی عەرەبی بەمانای “وشککردنی ئاو”) وتەوە و ئەم کانییە ناونرا “زمزم”.
پەیوەندی ئاوی زمزم بە حەجەوە؟
پەیوەندی مێژوویی ئاوی زمزم و نەریتی حەج، زۆر قوڵە. حەج بۆ موسڵمانان پێنجەم و دوابنەمای ئایینی ئیسلامە. ئەم نەریتە لە مانگی “ژی‌الحجه”یە، کە دوازدەیەم مانگی ڕۆژژمێری قەمەری ئیسلامە.
بەپێی بنەماکانی بیروبۆچوونی ئیسلام، هەر موسڵمانێک پارەی پێویستی هەبێت و کێشەی جەستەیی و دەروونی نەبێ، دەبێت جارێک حەج بکا. عەمرە، نەریتەکەی کەمترە و لە هەموو مانگەکانی ساڵدایە.
بەوتەی محەمەد عەبدئەلڕاشد، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ئیسلامی – عەرەبی بەنگلادیش، دوای ئەوەی ئیبراهیم کابەی نۆژەنکردەوە، داوای لە خەڵک کرد بەفەرمانی خوا حەج بکەن. نەریتی حەج بریتییە لە تەواف یان سووڕانەوە بەدەوری کابەدا و حەوت جار ڕایەڵەیە لەنێوان سەفا و مەروا. لە ڕاستیدا ئەم نەریتانە زیندووکردنەوەی ئەزموونی هاجەرەیە لەچیرۆکی پەیدابوونی کانی زمزم.
هەرچەند خواردنەوەی ئاوی زمزم بەشێک نییە لەنەریتی حەج، بەڵام بەشێکە لە”سوننەتی” پەیامبەری ئیسلام. سەردانیکەران دوای تەوافی کابە و پێش حەوتجار هاموشۆ لەنێوان سەفا و مەروا، ئەم ئاوە دەخۆنەوە.
چۆن ئاوی زمزم دەگاتە وڵاتانی دیکە؟
هەر چەند گەشتیاران ڕێگەیان پێدراوە و هاندەدرێن ئاوی زمزم لەگەڵ خۆیان بۆماڵەوە بەرنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی سعوودیە هەناردەکردنی ئەم ئاوەیان بەئامانجی بازرگانی قەدەغە کردووە. کەچی دەڵێن، ئاوی زمزم بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیا دەفرۆشرێت.
لێکۆڵینەوەکانی بی بی سی لەئازاری ٢٠١١ نیشانیدا ئەو ئاوانەی بەناوی ئاوی زمزم لەفرۆشگاکانی بەریتانیا دەفرۆشرێن، ئاستێکی بەرزی ئارسنیکی تێدایە. ئەم لێکۆڵینەوەیە وایکرد حکومەتی بەریتانیا فراوانتر مامەڵە بەفرۆشتنی ئەم ئاوەوە بکات و دەسەڵاتدارانی سعوودیەش بۆ دڵنیابوون لە پاکی و تەندروستبوونی ئاوی زمزم، ڕێکاری تووندتر بگرنەبەر.
لەئێستادا سەنتەری تووێژینەوەی زمزم کە بەشێکە لەڕێکخراوی زەویناسی سعوودیە، بەرپرسیاری بەڕێوەبردنی چۆنایەتی ئاوی زمزمی لەئەستۆیە. ئاوی زمزم ڕۆژانە بەهۆی ترومپا و بۆری ژێر زەوی دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری پاڵاوتنی ئاو. پاشان ئاوەکە دەپاڵێورێت و سەدان هەزار لیتری، لەڕێگەی بەلەمێکی تانکەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆگای ئاوی شا عەبدولعەزیز لە مەدینە تا بەردەوام بۆ مزگەوتی حەرام لە مەککە و مزگەوتی نەبی لە مەدینە دابین بکرێت.

سەرچاوە سایتی: bbc.com