نیوەڕۆی 16/3 چی وەستا؟

د.نەزاکەت حوسێن
ئەو چرکەیەی بۆنی سێو و خەردەل ڕژا لەهەڵەبجە، کەشەوانەکە خەریکی ئامادەکردنی کەوەکانی بوو بۆ ڕاو، دایە جەواهیر خەریکی نەرم کردنەوەی مەشکەکەی بوو بۆ ژەنینی ماستی مەڕەکانی، خاڵە باخەوان دەمەزەردی تەور و داسەکەی دەکرد بۆ هەڵپاجینی باخەکەی، خونچەی تازە مارەبڕاو لەبازاڕی قەیسەری لەگەڵ زاوا بەدوای هەڵبژاردنی کراسێکی جوان بوو بۆ رۆژی زەماوەندەکەی و کڕینی دەزبەنێکی جوان لای برایمی زەڕەنگەربوو، شاگوڵی عاشق هەموو رۆژ سەیری گوڵانی دەکرد کەی ژوانێک لەگەڵ ‘بەکر’ی خۆشەویستی رێک بخات و لەناو باخەکانی گوڵان جوانترین گوڵی باخینەی بۆ لێکاتەوە.
مامۆستا چیمەنی وانەی هونەری ئێمەش کە چنینی کراسی پولەکەی فێردەکردین پەلە پەلی پێ دەکردین دەیوت خێراکەن ٤ ڕۆژی ماوە بۆ نەورۆز بزانم کامتان کراسەکەی تەواو دەکات و بۆ نەورۆز لەبەری دەکات. مامە حەمەی سەوزە فرۆشی گەڕەک خەریکی کێڵانی زەویەکەی بوو لەخوار شارەوە تا کەوەر و سڵق و تەرەتیزەی جوان ئامادەبکات و لە تورەککەی کۆڵی بگرێت و ژنانی گەڕەک بانگ بکات بەم ئاوازە’ئەوە تورە، کەوەرە، تەرەتیزە و سڵق`ی جوانە’ کە هەموو منداڵانی گەڕەک لەبەرمان کردبوو. دایکم بە باپیرەمی وت باوە مێوی حەوشەکەم بۆ ببڕە با ئەمساڵ گەڵای جوانی هەبێت بۆ یاپراخی بەهار.
خاتو ئافتاوی درواسێمان بێڵەکانی کڕی بوو دەیوت ژنان خۆتان ئامادەکەن وا کنگر سەری دەرهێناوە تا پیرنەبووە با بڕۆین کۆڵێ بێنین. باجی خاوەری درواسێمان هەویری شێلا بوو بۆنی تەڕە پیازەکەی چنیبووی لەلای دەستی داینابوو گەڕەکی گرتبوو گەڕەک چاوەڕێی کەلانەی دەستیان دەکرد ئەو نیوەڕۆیە بیخۆن بەدۆوە. بەردەمی بینای ڕۆشنبیری جمەی دەهات، پۆل پۆل تیم تیم دەهاتن خۆیان بۆ خۆشترین ئاهەنگی نەورۆزی ئازادی ئەوساڵە ئامادەبکەن. مام مەنوچەری کوتاڵ فرۆش کۆڵێک کوتاڵی ئاڵوواڵای لەکۆڵ بوو هاواری لەژنانی گەڕەک دەکرد وەرن بۆ ئەلبابی تازە و کراسی هانی هانی بۆ ئەم نەورۆزە.
لەیەک چرکەدا هەموو شت وەستا، کەشەوان مرد و کەوەکەی لە قەفەسەکەی بەجێهێشت و تاچەند رۆژێک دەیخوێند بەتەنها، مەشکەکەی دایە جەواهیر بەرەقبوویی لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە خەڵک وێنەی لەگەڵ دەگرێت. خاڵە باخەوان تەور و داسەکەی لەدەست کەوتە خوارەوە ئێستاش نەدۆزراوەتەوە. خونچەی تازە بوکیش دەستی بەخەنەکەوە بە پەنجە جوانەکانیەوە بڕایەوە لەلایەن فەرهودچیەکانەوە بۆ دەزبەنە جوانەکەی و کراسەکەشی هێشتا لەناو دۆڵابەکەیە لەبەری نەکردووە. شاگوڵ ئیتر لەورۆژەوە هەڵەبجەی بەجێ هێشتوە و نایەوێت بگەڕێتەوە گوڵان ببینێ، چونکە بەکری ون کردووە.
کراسی قوتابیەکانی مامۆستا چیمەن بەدەرزی و دەزوو پولەکەکانەوە بەتەواو نەکراوی ماونەتەوە. زەویەکەی مامەحەمەی سەوزە فرۆشیش چەند ساڵ هیچی لێنەڕوا چونکە خەردەل سوتاندی. باپیرەم مردوو خەردەل کوێری کرد و دارمێوەکەی دایکیشم بوو بەژێر داروپەردوی ماڵەکەوە. خاتوو ئافتاو بەخۆی و بێڵەکانەکەیەوە لە شاخ ونبوو تائێستاش نەدۆزراوەتەوە.
کەلانەکەی باجی خاوەر لەسەر سەردۆڵەکەی جێما و کەس لێی نەخوارد. ئەوساڵە نە ئاهەنگی نەورۆز گێڕا و نە ژنانی گەڕەک کراسەکەی لە مام مەنوچەریان کڕیبوو لەبەریان کرد. هەموو شت وەستا لەیەک چرکەدا بەڵام بۆ هەتاهەتایە ئەوچرکەیە لەیادەوەری خەڵکی هەڵەبجە مایەوە، کات لەوێوە وەستاوە هەر دەیڵێنەوە هەر دەیگێڕنەوە و چیرۆکەکان تەواونابن .