كام مێژووی تایبەتی تەنیایی؟!

سەدیق سەعید ڕواندزی
زۆرجار، ناونیشانی كتێبێك بە جۆرێك سەرنجت ڕادەكێشێت و هەستێكت لا دروست دەكات، كە هەرچی زووە دەستت پێی بگات و بیخوێنییەوە، بەڵام كاتێ كتێبەكە دەخوێنییەوە، ئەوا بەر شتێكی دیكەی پێەوانە دەكەویت. من پێشتریش باسم كردووە، ئەم هاودژییە لە ناونیشان و ناوەڕۆكی كتێبەكان، بە داخەوە هیچ نییە جگە لە خشتەبردن فریودانی خوێنەر، لە پێناوی هەر مەبەستێكەوە بێت، وەك ساغكردنەوەی كتێبەكە، یان ڕەواجدان بە خوێنەوەی بۆ ئەوەی زووتر لە بازاری كتێبدا نەمێنێتەوە. بۆیە بڕوام وایە بە شێك لە وەرگێڕو نووسەرانی ئێمە، كە بەم شێوەیە ناونیشان بۆ كتێبێك دا ئەنێن،یان ناونیشانێكی سەرنجڕاكێش وەردەگێڕن، هەڵبەتە لە بێ ئاگاییەوە نییە، بەڵكو مەرامی خۆیان هەیە. یەكێك لەو كتێبانەی بە تاسەوەبووم بیخوێنمەوە كتێبی( مێژوویی تایبەتی تەنیاییە) ئەم ناونیشانە پتر دەلالەتێكی سۆسیۆلۆژی، سایكۆلۆژی و هزری دەگەیەنێت، لەوەی ڕۆمان و ئەدەب، بەو مانایەی كتێبەكە، دەبێ توێژینەوە بێت لە دۆخی تەنهایی مرۆڤەكان، بەركەوتن بەو ژیانە و كاریگەرییە روحی و كۆمەڵایەتییەكانی، لە ژیانی مرۆڤە تەنهاكاندا، كە خۆشم یەكێكم لەوان، كەچی بە پێچەوانەوە كتێبەكە ڕۆمانە. بێگومان ئێمە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، كە ڕۆمان واتا تێما و گێڕانەوە، ئەمە بەو مانایە نییە، كۆی ڕۆمان ئەم دوو ڕەگەزە بێت، بەڵكو ئەم دوو ڕەگەزە، پێكهاتەی سەرەكی و بنەڕەتی هونەری ڕۆمانن. لە ڕۆماندا، دەشێ چەندین شوێن، كارەكتەری جیاواز، ڕووداو بوونیان هەبێت، بەڵام دواجار خاڵێك كۆی ئەو بنەمایانە بەیەكەوە دەبەستێتەوە ئەویش (ڕووداو _گێڕانەوەن)، ئێمە نازانین ئەم ڕۆمانە باسی چی دەكات؟ خەسرەو بەگ ڕاستە كارەكتەرێكی سەرەكی ڕۆمانەكەیە، بەڵام تەنها بە دوا تەنهایی خۆیەوە نییە، وەك ئەوەی ئارام سدیق لە كورتە نووسینەكەی هەر لەو ڕۆژنامە ئازیزە باسی كردووە. ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانێكی تێكەڵ و پێكەڵە، هیچ پەیوەندییەكی واتایی و گێڕانەوەیی لە نێوان بەش و كارەكتەرەكان نییە و وەك ئەوەی خوێنەر هەر بە شەو شتێك بخوێنێتەوە، وەهایەو كە نەسەری دیار بێت نەبن. ئەم ئاڵۆزییە، پەیوەندی بە وەرگێڕانەكەوە نییە، بەڵكو خودی ڕۆمانەكە لەو ئاستە هونەر و بەرزە نییە و ڕووداوەكانی هیچ هەست و كاریگەریەتییەك لای خوێنەر جێناهێڵن ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بە ناسنامەی ڕۆماننووسەكەوە هەبێت كە نەناسراوە، لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا . لە ڕۆمانەكەدا، كارەكتەری نەرمین، كە بەردەوام سێكس لەگەڵ كوڕان دەكات و جۆرێك لە ژیانێكی پووچی هەیە، بڕوام وایە، هەمان ڕووداوەكانی ڕۆمانی دەخولەكی ئەلیف شەفەقە، چوونكە لەو ڕۆمانەشدا كارەكتەری تەكیلا هەیە و هەمان ژیان و چارەنووسی نەرمینی هەیە. بێگومان ئێمە لە نووسینێكی دیكەدا، بە درێژی دێینەوە سەر ڕۆمانەكە و پەیام و گوتاری ڕۆمانەكە دەخەینە ڕوو، بەڵام لەو ناساندنەدا، پتر مەبەستمان ئەوەیە كە جارێكی دیكە، جەخت لەو گەڕەلاوژێییەی دنیای وەرگێڕان لە باشووری كوردستان بكەینەوە، كە چۆن بۆتە بازاڕێكی بازرگانی و ئابووری و لەوە دەرچووە خزمەت بە ڕەهەندی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری كوردی بكات. ئێستا لە باشووری كوردستان بە هۆی نەبوونی دەزگایەكی تایبەت بە وەرگێڕان، ئەم بوارە لە چورچێوەی پێویستی فەرهەنگی و ئەدەبی خۆی دەرچووە، بەڵكوو بۆتە بەرژەوەندی كەسی و دەزگاكانی چاپ و ئەوان لەو ڕوانگەیەوە كتێبێك وەردەگێڕن، نەك ئەوەی كتێبەكە چەندە پێویست و گرنگە بۆ خوێنەری كورد!
*پەراوێز: مێژووی تایبەتی تەنیایی، ڕۆمان، نووسینی (ئەحمەد ئاڵتان)، وەرگێڕانی سامان كەریم، بڵاوكراوەی نێوەندی ڕەهەند_ 2024.