هەواوان

بەهزاد حەوێزی
دڵم بۆ مابەینی کەلاوەکان لێ دەدا
بۆ حەوشە و قولەتێنی بەر سێبەر
بۆ ئێسکوپرووسکی درەختەکان
بۆ ژوانێک
دوورەپەرێز
بەرەبەری زەردەپەڕ..
ئیزن لە مانگ بخوازم
تارای تریفە بخەمە سەرت
لەتێک ئاسمان بکەمە بەرت
مێخەک بەندێک بکەمە ملت
تا دوا هەناسە ساردەکانی شەو
پێکی نیگا بخۆینەوە..
کاتێک گزنگ بە شەرمەوە لە دەرگای دا
بەرەو باخێک یا ناو رەزان سەرهەڵگرین..
من هەمیشە دڵم بۆ ئەو باخە لێدەدا
بە عەتری تۆ بیناسمەوە
بەر لەمردنما
شووشەی گیانم لێ پڕکا
دەروونم پێ مەست کا
لە ژێر گڵیش تا قیامەت
وەکو کفن
کاڵ نەبتەوە..
————
هەواوان: ئەو گەڕەکەی چاوم تیا کردەوە، دواتر بەیەکجاری لەبەرچاوم ون بوو.