حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کار بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی دەکات لە هەرێمەکەدا هەر بۆیە ساڵ بە ساڵ ڕێژەی سەوزایی لە سەرجەم پارێزگاکاندا ڕوو لە زیاد بوونە.
وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕیکخراوی ڕوانگە هەوڵدەدات ڕووبەری سەوزایی زیاد بکات و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ٢٠هەزار داری زەیتون بە هاوکاری ئەو ڕێکخراوە لە بەرزاییەکانی کەسنەزان بچێنێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندا ڕێککەوتوین لەسەر هاوردەکردنی ٢٠هەزار دار زەیتون لە وڵاتی ئیسپانیاوە بۆ هەرێمی کوردستان وچاندنی دارەکانیش لەلایەن ڕێکخراوی ڕوانگەوە بە هاوکاری وەزارەت دەبێت.
جێی باسە پڕۆژەکە بە شێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتر لەژێر ناونیشانی ”کوردستانی سەوز” کە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستیپێکردووە و ئەمجارەش لە بەرزاییەکانی دڵۆپە-کەسنەزان بەڕێوەدەچێت و بڕیارە دارەکان لەو سنوورە بچێنرێن.
دەزگای ڕوانگە لە ڕاگەیاندنێکدا ئاماژەی بەوە کردووە لە ماوەی داهاتوودا بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی سەڵاحەدین، چاودێریی گەڕانەوەی ژیانی كێوی و شیكردنەوەی خاك بۆ ئەو ناوچانە دەكرێت كە دووبارە كراونەتەوە بە دارستان.”
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان باسی لەوە کرد، لە داهاتوودا چەند سیاسەتێك پەیرەو دەكەن بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لە سەوزكردنەوەی ناوچەكان، پشتیوانیشی بۆ پڕۆژەكانی روانگە لەوبارەیەوە راگەیاند.
هاوکات زیاد کردنی ڕووبەری سەوزایی بە داری زەیتون گرنگی خۆی هەیە چوونکە پارێزگاریکردنە لە ژینگە و لەلایەکی دیکەشەوە بە چاندنی داری زەیتوون بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە ناوخۆدا زیاد دەکات.
محمد لادێ – ههولێر