هیوا سوعاد مەرجەکانی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ ئاشکرا دەکات

دوای پشووێک لە چالاکییە شانۆییەکان و بەڕێوە نەچوونی چەند خولێکی فێستیڤاڵی شانۆ، بڕیارە ئەمساڵ لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ بەڕێوەبچێت.

لەمبارەیەوەش “هیوا سوعاد” سەرۆکی فێستیڤاڵی شانۆ و ڕێکخەری چالاکییە هونەرییەکە بە ئاشکراکردنی چۆنیەتی وەرگرتن و هەڵبژاردنی بەرهەمەکان بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: هەڵبژاردنی نمایشە هەڵبژێردراوەكان بۆ ئەم فێستیڤاڵە شانۆییەکە، لێژنەیەكی هونەریی بەرزمان هەیە بۆ هەڵبژاردنی نمایشەكان و ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر بەشداریكردنیان لە فێستیڤاڵەكەدا.
سەبارەت بە نمایشە شانۆییەكان كە لە ئەوروپاوە پێمان دەگات، بە پشتبەستن بە پروتۆكۆڵی هاوكاری لەگەڵ ماڵی شانۆی ئەڵمانی، ئەو نمایشانەی كە لە وڵاتانی ئەوروپاوە ڕەوانە دەكرێن، دەخرێنە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی لێژنەیەكی تایبەت لە ئەڵمانیا. دوای ئەوەی لیژنەكە ڕای خۆی دەربارەی ئەو نمایشانە دەردەبڕێت، ڕەوانەی لیژنەی هونەریی لێرە لە هەولێر دەكرێت، و ئەویش لەلای خۆیەوە هەڵسەنگاندن بۆ كارەكە دەكات و ڕای خۆی دەربارەی بەشداریكردنی ئەم نمایشانە دەردەبڕێت. ئەمساڵ هەشت نمایشی شانۆییمان هەیە لە وڵاتانی ئەوروپاوە، كە بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا دەكەن، سەرەڕای شانۆییەك لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، یەكێكی دیكە لە دهۆك و شاری كەركوك و دوو شانۆیی لە هەولێرن، هیوادارین تیپە شانۆییەكان لە شاری سلێمانیش بەشداری بكەن، ئەمە سەرباری ئامادەبوونی ژمارەیەك میوانی تایبەت لە ئێران و عێراق و وڵاتانی ئەوروپا و لە هەرێمی كوردستان.
گوتیشی: ساڵانە لە فێستیڤاڵی شانۆی هەولێردا، تیپگەلێك لە چەندین وڵات بەشداری دەكەن، لەوانە ئیسپانیا، ئەڵمانیا، سویسرا، ئۆگەندا، نەمسا، ژاپۆن، ڕووسیا، بیلاڕووس، فەرەنسا، ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی عەرەبیی وەك میسر، تونس، جەزائیر، مەغریب، كوێت، ئوردن، سەرەڕای ئێران. جۆش و خرۆشێكی زۆر لەلایەن تیپە شانۆییە جیهانییەكانەوە هەیە بۆ بەشداریكردن لەم فێستیڤاڵەدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە تیپە شانۆییە بەرز و ناودارەكانی جیهان هەڵدەبژێرین.
هەروەها لیژنەیەكی هونەریی بەرز هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو نمایشە بەشداربووانەی كە پێشكەش بە فێستیڤاڵەكە دەكرێن، سەرەڕای لیژنەی دادوەران بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان دەربارەی نمایشەكان و هەڵبژاردنی باشترین نمایشەكان. هەروەها ئێمە پەیماننامەمان هەیە لەگەڵ ITI (International Theatre Institute) ی جیهانی بۆ شانۆ و یەكێتیی هونەرمەندانی عەرەب، بۆیە گرنگیی بە فێستیڤاڵەكە دەدرێت و دەبینین كە ساڵانە كاتێك فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆڕادەگەیەنین، ئەم وڵاتانە ڤیدیۆی نمایشە شانۆییەكانیان پێشكەش دەكەن بە مەبەستی بەشداریكردن، چونكە بووەتە یەكێك لە فێستیڤاڵە ناسراوەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی.
شیڤان شێرزاد – هەولێر