سەرۆكی نوێی دەستەی ژینگە دەستبەكار بوو

دوای خانەنشینبوونی سەرۆکی دەستەی ژینگە، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، وەکو سەرۆکی دەستەکە بەوەکالەت دەستبەکار بوو.

دوای دەستلەکارھەڵگرتنی ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگە کە بە ھۆی تەمەنی یاسایی خانەنیشینی ئەرکەکەی کۆتایی پێھات، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەک سەرۆکی دەستەی ژینگە بەوەکالەت دەستبەکاربوو.

لە کۆبوونەوەیەکدا و لە دوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کار و خزمەت و ھەوڵ و ماندووبوونەکانی ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق دەربڕی بۆ ئەو ماوەیەی کە سەرۆکی دەستەی ژینگە بووە و ھیوای تەندروستی و سەرکەوتنی بۆ خواست لە قۆناغەکانی داھاتوودا.