فازڵ میرانی: دەسەڵاتدارانی بەغدا کوردیان وەک هاوبەش قبووڵ نەکردووە

فازڵ میرانی جەخت دەکاتەوە، “کێشەی کورد له‌ به‌غدا پۆست و دەستکەوت نییە.” دەشڵێت: کورد خەون بەوە دەبینێت بەغدا هاوبەشی ڕاستەقینەی بێت.

فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “الشرقية” ڕایگەیاند، کورد هێشتا خەون بەوەوە دەبینێت، بەغدا هاوبەشی ڕاستەقینەی بێت.

فازڵ میرانی باسی لەوەش کرد “لە دوای 2003ـەوە هەموو بەرپرس و حکوومەتەکانی بە‌غدا بەرپرسیاربوون لەوەی کورد وەک هاوبەشی سەرەکی بەشداری کایەی حکومڕانی پێ نەکراوە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ گەلی عێراق نییە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا کوردیان وەک هاوبەش قبووڵ نەکردووە.”

میرانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: “کێشەی کورد، کێشەی پۆست و دەستکەوت نییە، بەڵکوو کێشەی مەعنەوییە، هێشتا خەون بەوەوە دەبینین کە هاوبەشی ڕاستەقینە و برابین، بەڵام ئەمە هەروەک خەون ماوەتەوە.”

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەوەش کردەوە “کورد سەبارەت بە هاوبەشیپێکردنی لە بەغدا دوودڵ و نیگەرانە.”