ئەسعەد خۆشنوود – مهاباد
براوەی خەڵاتی ئۆسكاری باشترین كورتە كارتۆنی ئەمساڵ (٢٠٢٥)
ناساندن:
لە بەر سێبەری سەوڵ (In the Shadow of the Cypress)، كارتۆنێكی كورتە كە خاتوو شیرین سەوهانی و حوسێن مولایمی بەرهەمیان هێناوە و توانیویانە خەڵاتی ئۆسكاری ٢٠٢٥ لە ژێر نێوی باشترین كارتۆنی كورت وەدەست بهێنن. ئەم كارتونە، بە شێوەی فرێم بە فرێم و دوو ڕەهەندی درووست كراوە. گێڕانەوەی شاعیرانەی چیرۆكێكی پڕ كێشە و جێگای سرنجی باب و كچێكە كە باوك لە مەیدانی شەڕدا تووشی خەسار بووە.
فیلمەكە لانی كەم سێ توێژی هەیە. توێژی یەكەم و ڕواڵەتی فیلمەكەیە كە باس لە كارەسات و شوێن دانانی شەڕ لەسەر دەربازبووانی شەڕ و بنەماڵەكانیان دەكات. توێژی دووهەم باسی پێوەندی مرۆڤ دەگەڵ یەكتر و هەروەها سرووشت دەكا بەڵام بە بەرەوپێشچوونی چێرۆك ناوەرۆكێكی تر ئاشكرا دەبێت كە بە لای منەوە گرینگە، ئەویش جیاوازی تێڕوانینی دوو جیلە لە بەرەوڕووبوونەوەیان دەگەڵ كێشەكان و شێوازی چارەسەركردنی پرسەكانە لە لایان ئەو دوو جیلە.
بڵێی زەبروزەنگ كۆتا ڕێگە بێ؟ ئایا ئەو جیلەی كە لە شەڕ و تێكهەڵچوون دا پەروەردە بووە دەتوانێ ڕێگەیەكی نوێ بۆ ژیانی ئەوڕۆی بدۆزێتەوە. لێرەدا بۆ لێكدانەوەی زانستی فیلمەكە لێی ورد دەبینەوە.
چیرۆك:
چیرۆكی “لەبەر سێبەری سەوڵ” باسی پیرە پیاوێكی دەكات كە لە جەنگەی شەڕدا كاپیتانی گەمیە بووە و ئێستا وێڕای كچەكەی لە شوێنێكی دوور لە قەراخ دەریا دەژێن. ئەو تووشی ترس و دڵەڕاوكێی پاش ڕووداوە (PTSD). ئێستا ڕێچارەی پیرەپیاو لە ئاستی گرفتەكان و بەرەوڕووبوونەوە دەگەڵ كێشەكان توندوتیژیە ئەگەر بۆی چارە نەبوو لەبەر چاو لایان دەبات و دەیانشارێتەوە.
ڕۆژێك نەهەنگێكی گەورە و قورس و گران لە لێواری دەریا حاسێ دەبێت. پیرەپیاو بە هاواری كچەكەیەوە دەچێ و تێدەكۆشێت یاریدەی كچەكەی بدات و گرفتەكە چارە بكا. یەكەم جار دەیهەوێ بە یارمەتی كچەكەی دەریا بێنێتە لای نەهەنگ. بۆیان ناكرێت. پاشان دەیهەوێ نەهەنگەكە بەرێتەوە ناو دەریا، بەڵام مەكینەی بەلەمە بچووكەكەی دەسووتێ و لەو كارەش ناهومێد دەبێ. كچەكە تێدەكۆشێ نەهەنگەكە بە زیندوویی ڕاگرێت. پیرە پیاو بۆ لای گەمیە گەورەكەی دچێ. پیرەپیاو ڕێچارە لە نوقمكردنی گەمیەكەی خۆیدا دەبینێتەوە سەرەڕای ئەمە كە دەزانێ لەوانەیە خۆشی لەناو بچێت.
لێكدانەوەی تەکنیکی و هونەری
١/ بەڕێوەبردن و دەرهێنانی فیلم
یەكێك لە شازترین تایبەتمەندیەكانی “لە بەر سێبەری سەوڵ” گێڕانەوەی چیرۆكەكەیەتی تەنیا بە بەكار هێنانی دیمەنەكان بەبێ ئەوەی لە دیالۆگ و گفتوگۆ كەڵك وەرگیرابێ. سەوهانی و مولایمی توانیویانە تەواوی واتا و هەستەكان لە ڕێگەی جووڵەی جەستە، چاو لێكردنەكانی كەسایەتیەكان و هەروەها گەڵاڵە و كێشانەوەی دیمەنەكان بە یارمەتی ئێفێكت (دەنگە تایبەتەكان) و مۆسیقا دەرببڕن و بیخەنە بەرچاوی بینەر و ڕایگوێزن. ئەم شێوازە لە گێڕانەوەیە هۆكاری سەرەكیە بۆ ئەوەی فیلم ببێتە بەرهەمێكی جیهانی و پێویستی بە وەرگێڕ نە بێ و بتوانێ ناوەرۆكی خۆی بۆ بینەر بە شێوەیەكی دیار و بەتەواوی ڕاگوێزێ و ئاشكرای بكا.
٢/ فیلمنامە و پێكهاتەی درماتیك
فیلمنامە بە پێی پێكهاتەیەكی باوی سێ بەشی دامەزراوە
– بەشی یەكەم ناساندنی باوك، كچەكە و شوێنی ژیانیان
– هاتنی نەهەنگ و تێكۆشانیان بۆ ڕزگار كردنی، هەروەها ناساندنی زۆرتری كەسایەتیەكان
– ڕووبەڕووبوونەوەی باب و كچ و خاڵی وەچەرخانی چیرۆك
خاڵێكی گرینگی فیلمنامەكە ئەوەیە كە باوك بۆ چارەی كێشەكان كار دەكا بەڵام كە بۆی جێبەجێ نابێ تێك دەچی و بۆ لای تەنیا ڕێگەیەك كە دەیزانێ واتا توندوتیژی دەچێت. ئەمە نیشانمان دەدات ئەو كەسایەتیە بە دەروون تووند نییە بەڵكوو داماوی لە ئاستی كێشەكانە كە بەرەو ئەو هەڵوێستەی دەبات.
٣/خۆڵقاندنی كەسایەتی و توێژەكانی سەر بە ڕەوانناسی
باوك: كەڵك وەرگرتن لە تووندوتیژی وەكوو ئەمرازێك بۆ مانەوە بەكار دەبا.
باوك نوێنەری جیلێكە كە لە شەڕ و جەنگدا هەڵیداوە و لەو ڕوانگەیەوە دەڕوانێتە دنیا. بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە كە فیلمەكە ناسازی باوك بە ئاسایی لە قەڵەم نادات و نەخۆشی، سەرنەكەوتن و داماوی لە ئاستی كێشەكاندا دەكاتە هۆكاری وەها ڕەفتارێك.
باوك پاش ئەوەی بڕێك دێتەوە سەرەخۆ یاریدەی كچەكەی دەدات و بە بێڵ و پێمەڕە خەریكی گەیاندنی ئاو بە نەهەنگەكە دەبێت و پاشان تێدەكۆشێ بە بەلەمە چكۆڵەكەی نەهەنگەكە ڕاكێشێ و بیباتەوە ناو دەریا. كاتێك ئەو دوو ڕێگایە بە ئاكام ناگات، دەی هەوێ نەهەنگەكە بكووژێت.
ئەوە بۆمان دەردەخات توندوتیژی باوك بە هۆی نەتوانیین و نەزانیینی ڕێگەی نوێیە و زات و سورشتی ئەو تووندوتیژی نییە.
كچ: میهرەبان و خێر خواز
كچە نوێنەری جیلی تازەیە، ئەو بە سەبر و مێرەبانە و پێیوایە تا ڕێچاەری سەرەكی دەدۆزێتەوە پێویستە ئاگادری بارو دۆخەكە بێت و بەدەوری گرفتەكە دا بێوبچێ. هەرچەندەی ڕێكارەكانی بچووكن و یەكلایی كەرەو نین بەڵام درێژە بە كارەكانی دەدات و دەگەڵ بابی بۆ چارەی گرفتەكە كار دەكا بەڵام لە هەمان كاتدا بەرەو ڕووی هەڵوێستە هەڵەكانی باوكی دەبێتەوە.
نەهەنگ:
واتای نەهەنگ بریتیە لەو گرفتانەی كە ڕێچارەی هاسانیان نییە و پێویستیان بە سەبر و بیر كردنەوە و توانای زۆرە. یەكێك لەو گرفتانە پێوەندی نێوان باب و كچە كەیە كە بە هۆی نەخۆشی باوكەوە كێشەكان گەورەتر دەكات تا ئەو ڕادەی باوك ناچار دەبێ بۆ دەرباز كردنی ئەو نەهەنگە(ناكۆكیەكان) گەمیەكەی خۆی كە زۆریش وەكوو نەهەنگەكە دەچێت نوقم بكا ئەگەرچی لەوانەیە خۆشی تێدا بچێت.
بە بۆ چوونی من
كارتۆنی: “لە ژێر سیبەری سنەوبەر” بەرهەمێكی شوێن دانەرە كە بە كەڵك وەرگرتن لە گێڕانەوەیەكی سینەمایی و بێ دیالۆگ توانیوێتی واتا گەلێكی بەپێچووداو وەكوو شوێن دانانی شەڕ لەسەر كەسەكان، پێوەندی مرۆڤەكان دەگەڵ یەكتر و هەروەها سروشت و جیاوازی نێوان جیلەكان، ڕاگوێزێت.
خاڵە بە هێزەكان:
– گێڕانەوەی سینەمایی بە بێ دیالۆگ
– خوڵقاندنی كەسایەتی چەند لا
– باسی تووندوتیژی لە ڕووی ناچاری نەوەكوو هەڵبژاردە
– تێكهەڵكێشی واتاكانی كۆمەڵناسی و دەروونناسی
– كەڵك وەرگرتن لە نیشانە سینەماییەكان كە بینەر بە هاسانی لێیان حاڵی دەبێ
– ناوی فیلمەكە “لە بەر سێبەری سنەوبەر”ە پێموایە ناوەكە لەو پلانەدا خۆی دەبینێتەو كە باوك پاش ناهومێد بوون دەگەڕێتەو و سێبەری دەكەوێتە سەر كچەكەی كە دانیشتوە. پاش ئەوەی سێبەری باوك دەكەوێتە سەر كچەكەی، كچە لە بەر سێبەری باوكە تووڕە و تۆسنەكەی دەتوێتەوە.
خاڵی لاواز
– ڕەنگە هەندێک لە بینەران پێیان وابێت كۆتایی فیلمەكە پێویستی بە لێكدانەوەیەكی زۆرتر هەیە و فیلمساز دەبا بڕیاری كۆتایی دابا بۆ بینەری بەجێ نەهێشتبا.