گەڕی 21 یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بەڕێودەچێت، لەم گەڕە چەند یارییەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدرێت، یانەکانی ریزبەندی پێشەوە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش دەدەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆتایی وەرزەکە بە دەستکەوتەوە کۆتایی بەم وەرزە بێنن، بەڵام ئەو یانانەی لە ریزبەندی دواوەن جەنگ لەسەر مانەوە لە خولی نایابی کوردستان دەکەن، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتە ڕوو، سبەی هەینی یارییەکانی ئەم گەڕە کاتژمێر (2:30) ئەنجام دەدرێن.
یانەی زاخۆ میوانداریی رکابەرە نزیکەکەی دەکات
یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، یانەی زاخۆ ئەم وەرزە جیاواز دەدردەکەوێت و ئەنجامەکانی زۆر باشن، یەکێک لە یاریزانەکانی تیپەکە عومەر بیبۆیە، کە لە ناوەڕاست رۆڵی سەرەکی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەکانی تیپەکە، زاخۆ ئەم وەرزە 36 گۆڵی تۆمارکردووە، کە دووەم تیپە لە رووی زۆری گۆڵ کردن، ئەمەش لایەنی بەهێزی هێلی پێشەوەی تیپەکە دەردەخات، تەنها 24 گۆڵیان لێ تۆمار کراوە، لە بەرگرییشدا زۆر باشن، 35 خاڵیان هەیە و لە خانەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە دێن.
پێشمەرگەی هەولێر، بە راهێنەرایەتیی تەها قادر، خۆیان بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە، هەفتەی رابردوو لە جامی کوردستان توانییان لە یانەی سیروانی نوێ ببەنەوە، ئەمەش دۆخی تیپەکەی باشتر کردووە، پێشمەرگەکان لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئامادەن، رکابەرێکی سەرسەختی شێروانەن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، چونکە تەنیا یەک خاڵ لێیەوە دوورە، پێشمەرگە خاوەنی 39 خاڵە و لە خانەی دووەم دێن، تەنیا دوو یارییان دۆڕاندووە، کە کەمترین دۆڕانە تیپەکە لە خولەکە هەیەتی.
یانەی ئاکرێ رووبەڕووی برایەتی دەبێتەوە
یانەی ئاکرێ بە راهێنەرایەتیی هەژار سابیر، ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە کردووە، ئەوان لە دۆخێکی باشدان، لە یاریگەی خۆیان میوانداریی یانەی برایەتی دەکەن، ئاکرێ دوای بردنەوەکەی هەفتەی رابردوو لە جامی کوردستان لەسەر حسابی رانیە، لە دۆخێکی باشدان، ئاکرێ ئەم وەرزە هەڵبەز و دابەز لە ئاستیدا بەدی دەكرێ، هەندێ یاری باشن و هەندێكیش وەكوو پێویست نین، 26 خاڵیان هەیە و لە خانەی پێنجەم دێن.
یانەی برایەتی بە راهێنەرایەتیی یوونس سلێمان ئامادەکاریی باشیان بۆ یارییەکە نەکردووە، چونکە کێشەیەکی گەورەی داراییان هەیە و گرفتیان هەیە، نزیکەی دوو مانگە مووچەی یاریزانەکانیان نەداوە، ئەمە دووەم جارە لەم مانگە راهێنەر دەستلەکارکێشانەوە پیشکەشی کارگێڕیی یانەکە بکات و داوای چارەسەرکردنی گرفتەکان دەکات، بەڵام کەس وەڵامی داواکارییەکانیان ناداتەوە، بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ لە خانەی شەشەمی ریزبەندیی خولەكە دێن، بە بردنەوە لەم یارییە ئەگەر هەیە بگەنە خانەی چوارەم.
یانەی هەندرێن و پیشەسازی لە دێربیی پایتەخت بەیەک دەگەن
یانەی هەندرێن لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی پیشەسازی دراوسێی دەکات، هەندرێن ئەم وەرزە ئەنجامەکانی پێچەوانەی خواست و ئامانجەکانی بوون، چونکە لە دەستپێکی وەرز تووشی چەندان شکست هاتن و نەیانتوانی ئەنجامی باش تۆمار بکەن، دڵشاد مەعرووفی راهێنەر، درەنگ چارەسەری بۆ ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەی دۆزییەوە، هێمن نازمی هێرشبەری تیپەکە کاریگەرترین یاریزانیانە و لە چەندان یاریی تیپەکەی لە ئەنجامی خراپ رزگار کردووە، 28 خاڵیان هەیە و لە خانەی هەشتەمی ریزبەندیی خولەکەدا دێن، گەیلان سادقی گۆڵپارێزی تیپەکە هۆکارێکی دیکە ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی یانەی هەندرێنە.
یانەی پیشەسازیی بە راهێنەرایەتیی مەولوود رەمەزان، توانییان گەڕی رابردوو لە خولی نایابی کوردستان لەنێو یاریگەی ئاکرێ بە گۆڵێکی بێوەڵام بردنەوە دەستەبەر بکەن، ئەمە تیپەکەی لەژێر فشار و پاڵەپەستۆ رزگار کرد، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، لەم یارییەدا بە ئاستێکی باش دەر بکەون، تیپەکە لە رووی هونەرییەوە هاوسەنگیی بۆ گەڕایەوە، خاوەنی 23 خاڵن و لە خانەی یازدەیەم دێت.
یارییەكانی دیكە
رۆژی شەممە یانەی هەولێر لە یارییەکی ئاگرین میوانداریی یانەی شێروانە دەكات، رانیە رووبەڕووی چوارقوڕنە دەبێتەوە، شەقلآوە و سیروانی نوێش ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە.
تا ئێستا یانەکانی ئاڕاڕات و سەید سادق بە فەرمی ماڵئاواییان لە خولەکە کردووە، بەڵام بەپێی بڕیارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەبێت دوو یانەی دیکە لە خولەکە دابەزن.