بە پشتیوانیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیی وەزارەتی پەروەردە، مەراسیمی واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردە و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، بۆ بەهێزکردنی خوێندنی کوردی بەڕێوە دەچێت.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2022ەوە، پرۆژەی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی تایبەت بە فێرکردنی زمانی کوردیی ئەو قوتابی و تەمەن جیاوازانەی کە کوردستانیین و لە هەندەرانن، لە وڵاتە جیاجیاکانی دەرەوەی وڵات هەیە، بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2022 تاکوو ئێستا هەزار قوتابی بە تەمەنی جیاواز لە ڕێگەی وانەی ئۆنلاینەوە سوودمەند بوون و فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردی کراون. جگە لەوانەش هەندێک بابەتی کولتووری و بۆنە نەتەوەییەکانی کوردستان و ئەو کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون دەڵێنەوە، بۆ ئەوەی ئاشنا بن بە کولتوور و فەرهەنگی کوردی.
دەشڵێ: ئامانج لەو یاداشتنامەی ئەمڕۆ ئەوەیە ئەو پڕۆژەیە زیاتر فراوان بکەین و هەم بە دامەزراوەیی بکەین، مەبەستیشمان لە دامەزراوەیی ئەوەیە کە ئێمە چەند بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کردووەتەوە لە ناو وەزارەتی پەروەردە بە ناوی (بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە دەرەوەی وڵات).
لەبارەی ڕێوشوێنی سەرپەرشتیشەوە گوتی: ژمارەیەک مامۆستای تری لە هەرێمی کوردستان بۆ سیستەمەکە زیاد دەکەین، هەم پاڵپشتیی ئەو قوتابخانە کوردییانە دەکەین کە لە دەرەوەی وڵاتن، لە وڵاتانی ئەورووپا زۆر قوتابخانەی کوردی هەن بەڵام ئێمە ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ کۆنفیدڕاسیۆن دەکەین، خۆیان لەوێ چاودێری و سەرپەرشتیی ئەو قوتابخانانە دەکەن، ئێمە پرۆگرامی خوێندنی زمانی کوردییان بۆ دەنێرینە دەرەوەی وڵات، تاکوو ئێستا 2 هەزار و 450 کتێبی خوێندنی زمانی کوردیمان بۆ ناردوون، بەڵام لەمەودا دەمانەوێت هەموویان کۆ بکرێنەوە لە ژێر چەتری کۆنفیدڕاسیۆن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پاڵپشتییەکی باشتریان بکەین.”
ناوبراو گوتی: “جگە لەوە هەموو ئەو مامۆستایانەی زمانی کوردی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و لەو قوتابخانانە وانە دەڵێنەوە، دەیانخەینە سیستەمی پەروەردەوە، بۆ ئەوەی لە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی وەزارەتی پەروەردە سوودمەند بن، تا ڕاهێنانیان پێبکەین و کۆدیان بۆ دروست دەکەین. واتا ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە پردێکی توند و تۆڵتر لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات و کوردستانییانی دەرەوەی وڵات دروست دەکات.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری