میسر.. دوای شەش ساڵ مۆبایلێک لە گەدەی گەنجێک دەرهێنرا

لە ڕووداوێکی سەیردا، تیمێکی پزیشکی میسری توانییان دوای شەش ساڵ، مۆبایلێک لە گەدەی گەنجێکدا دەربهێنن. 

چیڕۆکەکە بەم شێوەیە بووە، نەخۆشەکە چووەتە نەخۆشخانەی “باتنە”ـی میسری و بە پزیشکەکانی گوتووە: “بەردەوام ئازاری گەدەم هەیە، چەندان دەرمانم بەکارهێناوە، بەڵام سوودیان نەبووە، چارەیەکم لێ بکەن.” دواتر پزیشکەکان بڕیار دەدەن دەستبەجێ پشکنینی بۆ بکەن و دەرکەوت، شتێکی کانزایی نەناسراو لەنێو گەدەیدا هەیە، بۆیە بڕیار دەدەن نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی بۆ بکەن.

لە کاتی نەشتەرگەرییەکە، پزیشکەکان مۆبایلیکیان لەنێو گەدەی گەنجەکەدا دۆزییەوە و بۆیان دەرهێنا.

ئەسما جەمیل، ئەندامی ئەو تیمە پزیشکییەی نەشتەرگەرییەکەی کرد، بە میدیاکانی میسری ڕاگەیاند “نەشتەرگەرییەکە نزیکەی 45 خولەکی خایاند و ئێستە دۆخی تەندروستیی ئەو گەنجە جێگیرە.” باسی لەوەش کرد “مانەوەی مۆبایلەکە بۆ ماوەی شەش ساڵ، گەدەی نەخۆشەکەی تووشی هەوکردنێکی زۆر کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی، نزیکەی 30 کیلۆگرام لە کێشی لە دەست بدات.”

ئەسما جەمیل، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا “ئەو نەخۆشە شانسی هەبووە، چونکە دەکرا پاتری مۆبایلەکە لەنێو گەدەیدا بتەقێتەوە و ببێتە هۆی مردنی.”