چی دیکە پەکەکە ناتوانێت باج و سەرانە لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان وەربگرێت

هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیرکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی باڵەکایەتی و سیدەکان بە گرنگ دەزانن بۆ ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، دەڵێن، پەکەکە ناتوانێت چی دیکە باج و سەرانمان لێ وەربگرێت.

بەپێ ئەو ئامارانەی لەیەکە ئیدارییەکانی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەست “هەولێر” کەوتووە، پەکەکە رێگرە لە ئاوەدانکرنەوەی زیاتر لە 500 گوندی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بە سەدان هاووڵاتی هەرێمی کوردستان شەهید و بریندار بوونە.
پەکەکە بەم شێوەیە باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرێت، بۆ هەر هەنگێک بڕی پێنج هەزار دینار، لە هەر مانگایەک پێنج هەزار دینار، لە 100 سەر مەڕ پێنج سەر مەڕ دەبێت وەک سەرانە بە پەکەکە بدرێت، بەهەمان شێوە لە 100 سەر بزن پێنج بزن سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، ئەمە لە کاتێکدا ساڵانە سەدان هەزار هەنگ و مەڕ و بزن و مانگا روو لە کوێستانەکان دەکەن و دەبێت لە بازگەکانی پەکەکە گومرگ بکرێن. پەکەکە خۆی بووەتە سەرئێشە و کێشە بۆ هاووڵاتییان، داوا دەکەین هەر دوولا شەڕی خۆیان بگوازنەوە نێو خاکی تورکیا و بەسە ئیتر هاووڵاتییانیهەرێمی کوردستان باجی شەڕێک بدەن کە هیچ پەیوەندییان پێوە نییە.”
ئازاد جیهاد، هاووڵاتییەکی سیدەکانە، بە هەولێری گوت:” دوای هاتنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی سیدەکان و دەوروبەری، ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە و چەکدارانی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکان نابینرێن، ئەوەش وای کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتانی دیکە بۆردومانی ناوچەکانی ئێمە نەکەن، داوا دەکەین هێزی پێشمەرگە لە هەر چی ناوچەی سنوورییە جێگر بێت، بۆ ئەوەی ناوچەکە ئارام بێتەوە و خەڵکیش بتوانێت بۆ گوند و ئاواییەکانی خۆیان بگەڕێنەوە کە بە دەیان ساڵە لەبەر پەکەکە گوند و ئاواییەکانی خۆیان چۆڵ کردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە.
شەریف مراد، هاووڵاتییەکی دیکەیە، بۆ هەولێر گوتی: “نزیکەی دوو ساڵ دەبێت ناوچەکەمان ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بۆ هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی ئێمە دەگەڕێتەوە، کە ئەو هێزە ژیانی بۆ گوندنشینان گەڕاندۆتەوە، چونکە پێشتر نەماندەتوانی لە گوند و ئاواییەکان دوور بکەینەوە، ئەوەش لەبەر هێزەکانی پەکەکە بوو، جگە لەوەی تۆپباران کەم بۆتەوە، کە پێشتر بەهۆی پەکەکەوە توشی زیانی گیانی و ماددی بووینەتەوە.
محێدین حوسێن، دانیشتووی سنووری وەرتێی قەزای رواندزە، بە “هەولێرـی راگەیاند، پێش هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی باڵەکایەتی، چەکدارانی پەکەکە باج و سەرانەیان وەردەگرت، ئاسانکاری بۆ کاری نایاسایی دەکرا و کەلوپەلیان ئاودیو دەکرت، بەڵام ئێستا بەهۆی جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگە کەس ناتوانێت باج و سەرانە وەربگرێت و بە ئازادانە هاتووچۆ دەکەین، بۆیە داوا دەکەین ئەو هێزە ناوچەکە چۆڵ نەکات و هێزی زیاتریش روو لە ناوچە سنووریەکان بکەن، ئەگەرنا بەهۆی چەکدارانی پەکەکە بارودۆخی ئەو ناوچانە تێک دەچێت و گوندی زیاتر چۆڵ دەبن”.
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان بۆ هەولێر دیارکرد: “ئەرکی ئێمە پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سۆرانە، بەتایبەتی ناوچەی باڵەکایەتی، سیدەکان و وەرتێ، پێش هاتنی ئێمە بۆ ئەو ناوچانە رۆژانە خەڵک گوندەکانیان چۆڵ دەکرد و روویان لە شارەکان دەکرد، ئەوەش لەبەر بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بوو، کە هەموو هۆکارەکەی پەکەکەیە، کە رۆژبەرۆژ خۆیان نزیکی گوند و ئاواییەکان دەکرد، بەڵام ئێستا نە تورکیا بۆردومانی ناوچەکە دەکات، نە چەکدارانی پەکەکەش کێشە و ئالۆزی بۆ خەڵک دروست دەکەن، بەڵکو ئەو خەڵکەی بۆشارەکان کۆچیان کردووە، بۆ گوندەکان دەگەڕێنەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لە هەر ناوچەیەک هێزی پێشمەرگە هەبێت ئارامی بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە و خەڵک هەست بە ئاسوودەی دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر لەو شوێنانە پە‌کە‌کە‌ باج و سەرانەیان لە خەڵک وەردەگرت”.
ئەو بەرپرسەی هێزی پێشمەرگە، ئاشکراشی کرد: “لە هەر شوێنێک بزانین ژیانی خەڵکی خۆمان لە مەترسی دایە، بە بێ دوو دڵی روو لەو ناوچانە دەکەین و بەرگری لە خەڵکی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی بە ئازادانە لەسەر گوند و ئاواییەکانی خۆیان بژین و دوور بن لە شەڕ و ئاژاوە”.

ھەواڵی زیاتر