(***)

هه‌مزه‌ گوڵانی

لە ئاسمان و زەوی ؛
چەندین ئەستێرە دەناسم
لێ مەزهەری خالقی لە هەموویان گەشترە.

2
ئاوی زۆر کانی سازگارم نۆشیوە
بەڵام دەنگی (کانی) هەر دەڵێی شوکولاتە
لە گوێمدا شیرین.

3
زۆر حەزم لە سێوە؛
سەوز و سور و زەرد بێجیاوازی
لێ مەقامی سێوەم پێ لە هەموویان خۆشترە.

4
بە زستان و هاوین و بەهاران سەربازێکیان نییە
پایز بە تەنها گەورەترین ژەنڕاڵی هەیە،
بەداخەوە ئەویش لە غوربەتایە!

5
دەبوایە ئەو پیتانە شانازی بەخۆیانەوە بکەن:
میم، بە مەزهەرو ماملێ
زێ، بە زیرەک و زارا
هێ، بە هەژار و هێمن.
دەبوایە ئەو پیتانە ڕقیان لەخۆیان بێتەوە:
عەین، لەبەر عەلی کیمیایی
دال، لەبەر داعش
ئەلیف، لەبەر ئەنفال.

6
ئەگەرچی سەری بەماڵی خوادا نەکردووە،
بەڵام کەس هێندەی (حاجی قادر)
نیشتیمان پەرست نەبوو!

ھەواڵی زیاتر