کۆڕبەندی ئابووری کوردستان – ئیتاڵیا لە شاری ڕۆما بەڕێوەچوو، لە میانەی كۆڕبەندەكەدا رێككەوتن لەنێوان كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و ئیتاڵی واژۆ كرا بۆ ئاوەدانكردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان.
كۆڕبەندەكە بە سەرپەرشتی سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەڕێوەچوو.
لە میانەی کۆڕبەندەکەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی كوردستان چەند چاوپێکەوتنێکی ئەنجام دا لەگەڵ گیلبێرتۆ پێچیتۆ فراتین وەزیری ژینگە و ئاسایشی وزەی ئیتاڵیا و جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئیتاڵیا.
هەروها ڕێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیای Visit Kurdistan و کۆمپانیای Lietnerی ئیتاڵیا واژۆ کرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان كە پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی 500 هەلی کار لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت.
هەر لەچوارچێوەی کۆربەندی ئابووری هەرێمی کوردستان – ئیتاڵیا، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئیتاڵیا هەیە و هیوادارین ئەوە خاڵێکی دەستپێک بێت بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان زیاتر پەرە پێ بدەین لەگەڵ سەرمایەداران و سەرکردەکان لە ئیتاڵیا، بۆ ئەوەی بتوانین لە بازرگانییەوە بۆ سەرمایەداری زیاتر بکەین و پەرە بە گەشەپێدانی لایەنە بەرفراوانەکانی دیکە.”
ئاماژەی بەوەش دا “عێراق بازاڕێکی بەرفراوانە بۆ وەبەرهێنان کە 45 ملیۆن هاووڵاتیی هەیە، پێمانوایە ئیتاڵیا لەو بازاڕە شوێن پێی خۆی هەبێت، بەڵام بەهۆی ڕژێمەکانی ڕابردوو لە ساڵانی هەشتاكانەوە عێراق ڕووبەڕووی وێرانکاری بووەتەوە و دواتر تووشی داڕمانی ئابووری بووەتەوە.”