لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە زۆربەی شوێنەكان وەرگرتنی ڤاكسین دەكرێتە ناچاری

پزیشكان جەخت دەكەنەوە هەركەسێك بڵێت هەستەوەریم هەیە بە دەرمانێکی دیاریکراو یان خواردن یان پێشتر بە مار و دووپشک و زەردەواڵە تووشی هەستەوەری بووم یان نەخوشی هەستەوەری، وەکو: نەخۆشی ڕەبۆ یان هەستەوەری پێست (حەساسیەی بەرکەوتن؛ حەساسیەی لەمس) هەیە، ئەوە بە عوزر هەژمار ناکرێت و ئاساییە ڤاکسینی ڤایزەر وەربگرێت.

هەروەها پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە ھەموو ئەو ڤاکسینانەی لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە کاریگەر و سەلامەتن و لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە باوەڕپێکراون.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕوونی كردوەوە لە هەرێمی كوردستان سێ جۆر ڤاكسین (فایزەر، ئەسترازینیكا، سینۆفارم) بەردەستە و هەرسێكیشیان لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پەسەند كراوە.
پزیشكان ئاماژە بەوەش دەدەن كە زۆر ئاساییە کە لە ھەر وڵاتێک چەند جۆرێکی ڤاکسین بەکار بھێنرێت.
دکتۆر عارف گۆران پسپۆڕ و ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو ڕوونیكردەوە كە ھەموو ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا ھەبوو؛ بە تایبەت کێشەی خوێن مەیین ، دەرکەوت ھیچ بنەمایەکی زانستیی نیە، تەنانەت لێکۆڵینەوەکانی دەزگای چاودێریی دەرمانی ئەوروپا لە راپۆرتەکەیان بە تەواوی روونیان کردەوە، کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا زۆر سەلامەتە و دوور و نزیک کێشەی خوێنمەیین ھیچ پەیوەندیەکی بە ڤاکسینەکە نیە؛ دەبێت بزانین کە کێشەی خوێنمەیین پێش کۆرۆنا و ڤاکسین ھەر ھەبووە؛ بەکارھێنانی ڤاکسین رێژەی خوێنمەیین زیاد ناکات.
د. عارف دەشڵێت: لە عێراق و کوردستان تاکو ئێستا بڕێکی زۆر کەم لە ڤاکسین دراوە بە خەڵک، دیارە ئەوەش زۆر ھۆکاری ھەیە؛ بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینەکەی سینۆفارمی چینیان وەرگرتووە کە لێکۆلینەوەکان نیشان ئەدەن وەک ڤاکسینەکانی تر کاریگەر و سەلامەتە، تێبینی کراوە دوای سێ ھەفتە لە وەرگرتنی ژەمی یەکەمی ڤاکسین، کەسەکە بڕێکێ زۆر باش لە بەرگری درووست دەکات و ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا نزیکەی ٧٠٪‏ کەم دەبێتەوە. لێکۆڵینەوەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن ئەگەر تووشی پەتاكەش بن، ئەوا بە سووكی دەیگرن.
ئەگەرچی پزیشكان لە تەواوی جیهان شان بە شانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، خەڵك دڵنیا دەكەنەوە لەوەی كە ڤاكسینەكان سەلامەتن و كاریگەرن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا بەڵام هێشتان بەشێكی زۆری خەڵك بڕوایان پێ نییەوە و بە بیانووی جیاوازجیاواز خۆیان دەشارنەوە.
ئازاد كارمەندی حكوومەتە و تا ئێستە ڤاكسینی وەرنەگرتووە، ئەو ڕوونی كردەوە كە تا ئێستە قەناعەتی بۆ دروست نەبووە ڤاكسین وەربگرێت و وەریشی ناگرێت.
ئازاد گوتی: خێزانم و دوو لە منداڵەكانم ڤاكسینیان وەرگرتوە، بەڵام خۆم لەو بڕوایەدام هەر ڤاكسین وەربگرم شتێكم لێ بەسەر دێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەك بیر لەوە ناكەمەوە ڤاكسین وەربگرم، ئاساییە هەفتانە پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام دەدەم بەڵام ئامادە نبیم ڤاكسین وەربگرم.
لە هەرێمی كوردستان تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو بە هۆی وەرگرتنی ڤاكسین تۆمار نەكراوە، بەڵام خەڵك هێشتا ناتوانن بەدەم داخوازی وەزارەتی تەندروستییەوە بڕۆن و ڤاكسین وەربگرن.
د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و هەناو ڕێنمایی دەداتە ئەو كەسانەی كە ڤاكسین وەردەگرن تەنها لەم حاڵەتانەدا ڕەچاوی ڕێنمایی پزیشكی بكەن، بە پێچەوانەوە هیچ جۆرە بەهانەیەك قبووڵكراو نابێت بۆ ئەوەی كە ڤاكسین وەرنەگرن، هەربۆیە ڕێنماییمان بەم شێوازەیە:
ا. ئەو کەسانەی، کە لە ئێستادا هەوکردنی پەردەکانی دڵ (cardiac inflammation)یان هەیە، ئەوا: ڕێنمایی دەکرێن چاوەڕێ بکەن یان جۆرێکیدی ڤاکسین، بۆ نموونە: ئەگەر تەمەنیان لە (٦٠) ساڵ زیاترە ڤاکسینی (Astrazeneca) وەربگرن.
ب. ئەو کەسانەی دوای وەرگرتنی جەمی یەکەمی ڤاکسینی ڤایزەر تووشی هەوکردنی ماسولکەی دڵ (myocarditis) یان هەوکردنی پەردەی دڵ (pericarditis)، ئەوا: جورعەی دووەم دوا بخرێت و نەدرێت و جۆرێکیتری ڤاکسینی کۆرۆنایان بدرێتێ.
ج. نەخۆشی: ئەو کەسانەی نەخۆشییەکی لەناکاویان هەیە، واتە تایان بەرزە (لە بنهەنگڵ) تایان لە (٣٨.٥ پلەی سەدی) زیاترە، ئەوا چاوەڕێ بکەن تا تایەکەیان نامێنێت و ئەوجا ڤاکسین وەربگرن.

تێبینی: دوو بیرهێنانەوە:
١. هەروەک دەبینرێت، کە: ئەو ڤاکسینە باشترین ڕێگایە بۆ دووربوون لەم دەرد و نەخۆشییە بەزووترین کات بڕۆ ناوی خۆت تۆمار بکە.
٢. ڤاکسینەکە:
ا. مەرج نییە ڤاکسین وەربگری تووشی دەرد و پەتای کۆرۆنا نەبی! نەخێر؛لۆی هەیە تووشی بی بەڵام ڕەنگە بە سووکی بێ و لێت تیر نەکات. بۆیە ئەگەر ڤاکسینیشت وەرگرت هەر خۆپارێزی بکە.
ب. ئەگەر پێشتر کۆرۆنات گرتووە و چاک بوویتەتەوە، تکایە بڕۆ ڤاکسین وەربگرە لۆ بەڕێزتان گرنگە ڤاکسین وەربگری.

ھەواڵی زیاتر