حەمەسەعید حەسەن
شیعر چییه؟ یه‌کێک له پێناسه هه‌ره جوانه‌کانی شیعر، ئه‌وه‌ی (ئیبن ڕه‌شیق)ه که ده‌ڵێت: (شیعر ئه‌وه‌یه که بیستن ده‌کاته بینین.) پێ ناچێت سه‌رده‌می ئیبن ڕه‌شیق (٩٩٩ – ١٠٦٣) شتێک هه‌بووبێت به ناوی (وێنه‌ی شیعری)یه‌وه، وه‌لێ ئه‌و بەبێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێت، باسی وێنه‌ی شیعری ده‌کات، ئه‌وه بۆیه که گوێمان له‌و ڕسته شیعرییانه ده‌بێت که پشتیان به وێنه‌ی شیعری قایمه، به چاویش هه‌ست به بابه‌تی شیعره‌که ده‌که‌ین. شاعیر واقیع نانووسێتەوه، کار له‌سه‌ر زمان ده‌کات و هه‌وڵی به شیعرکردنی واقیع ده‌دات. ئه‌دیب به گشتی و شاعیر به تایبه‌تی، زمان له خڵته خاوێن ده‌کاته‌وه، لێ ناگه‌ڕێت زمان له ئاوی جۆگه‌له‌یه‌کی لێڵ بچێت، کارێک ده‌کات، زمان وه‌ک ئاوی کانیی بناری چیا ڕوون بنوێنێت.
وێنه‌ی شیعری که زاده‌ی خه‌یاڵێکی فراوانه، لادانه له ڕێسای زمانی ئاسایی و هه‌وڵدانه بۆ به‌رهه‌مهێنانی زمانێکی شیعری. زمانی شیعری، زمانێکی هێور و ئاسایی نییه، زمانێکی سه‌رچڵ و سه‌یره، له گۆمێکی ته‌نکدا مه‌له ناکات، ئاسمانی به‌رین شوێنی مهلهیهتی.
(داهێنانی پرچی شینی زه‌ریا
کۆچی هه‌وری دوودڵی
چاندنی تۆوی نامۆیی)
له‌و سێ ڕسته شیعرییه‌دا، وێڕای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سێ وێنه‌ی شیعری و سێ ده‌ربڕینی شیعری ده‌بینه‌وه، به سێ میتافۆری نوێش ئاشنا ده‌بین که ژیلا حوسه‌ینی دایهێناون، ئاخر پێش وی، پرچی زه‌ریا، هه‌وری دوودڵی و تۆوی نامۆییم له که‌سی دیکه نەبیستووه.
شاعیر وه‌ک چۆن بانگه‌شه بۆ شتی پووچ و سووک ناکات، هه‌ر وایش خه‌ریکی گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی مۆراڵ نابێت. شاعیر به هۆی تێکسته‌کانییه‌وه، په‌یامێک، هێمایه‌ک یان بیرۆکه‌یه‌ک بۆ خوێنه‌ر ده‌نێرێت، ئه‌وه ئه‌رکی ڕه‌خنه‌کاره ڕووناکی بخاته سه‌ر تێکسته‌که و بۆ باشتر تێگه‌یشتن له په‌یامی شاعیر، کۆمه‌ک به خوێنه‌ر بکات، ئاخر شیعر ئه‌گه‌ر ت. س. ئه‌لیه‌ت گوته‌نی: “زمانحاڵی ڕاستگۆی ئاڵۆزییه‌کانی شارستانیی نوێ بێت،” ئه‌وا سه‌خت ده‌بێت و خوێنه‌ر بۆ لێ تێگه‌یشتنی، پێویستی به هاوکاریی ڕه‌خنه‌کار ده‌بێت. ڕێک ده‌که‌وێت، لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌کار بۆ شیعرێک، ته‌نانه‌ت له خوێندنه‌وه‌ی خودی شاعیرهکهیشی دروستتر بێت، ئاخر جاری وا هه‌یه، مه‌کسیم ڕۆدنسۆن گوته‌نی: (ته‌واو نزیکبوونه‌وه وا ده‌کات، هه‌موو شتێک نه‌بینین،) دروست وه‌ک چۆن بۆ بینینی جه‌نگه‌ڵێک، پێویستمان به‌وه ده‌بێت، هه‌ندێک لێی دوور بکه‌وینه‌وه.
ڕه‌خنه‌کار که‌سێکه هه‌م بوێر و هه‌م بابەتی، ئه‌وی جارێک به‌مدا هه‌ڵده‌دات و که‌ڕه‌تێک به‌ودا هه‌ڵده‌شاخێت، ڕه‌خنه‌کار نییه. سروشتی هه‌ندێک که‌س وایه، نه گه‌ردێک له گیانی لێبورده‌یییان تێدایه، نه ڕێز له هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک دەگرن، ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌ی خۆیان کرابێت. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بکه‌ین، نه‌ک هه‌ر ده‌بێت به سنگێکی فراوان و گیانێکی وه‌رزشکارانه‌وه، گوێ بۆ ڕه‌خنه‌ی که‌سانی دیکه ڕادێرین، به‌ڵکوو پێویسته ناوبه‌ناو ببینه ڕه‌خنه‌گری خۆمان و ڕه‌خنه له خودی خۆمان بگرین. ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، ڕه‌خنه بریتییه له دووانه‌ی ڕاست و هه‌ڵه، یان دروستتر، بریتییه له جیاکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه له ڕاست، ئه‌وا هه‌میشه خۆمان پێ ڕاست و ئه‌وی دیکه‌مان پێ هه‌ڵه ده‌بێت. بۆرخێس ده‌ڵێت: (هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕهخنانهدام که ئاڕاسته‌م ده‌کرێن، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ک که‌س ڕه‌خنه‌م لێ نه‌گرێت، حه‌ز ده‌که‌م به ناوێکی خوازراوه‌وه، خۆم ڕه‌خنه‌یه‌کی توند له خۆم بگرم.)
ئه‌وه گه‌ڕانه به دووی فۆرم و ته‌کنیکی تازه‌دا، توانای ئه‌وه‌مان پێ ده‌به‌خشێت تا ڕه‌خنه له خۆمان بگرین، خۆمان بەجێ بهێڵین و گه‌شه بکه‌ین. بڕواهێنان به‌وه‌ی واقیع به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، به‌ره‌و نووسینی ده‌قێکمان ده‌بات که کۆتایییه‌که‌ی به ڕووی چه‌ندان لێکدانه‌وه‌دا کراوه بێت. شیعری قووڵ زاده‌ی ته‌مومژ نییه، به‌رهه‌می کورت‌بڕی و زمانی چڕ و ڕوونییه له ده‌ربڕیندا، ده‌شێت ڕامان و ئه‌ندێشه‌ی شاعیر له هی فه‌یله‌سووف بچن، وه‌لێ شاعیر بۆ گه‌یاندنی له دنیا وردبوونه‌وه‌کانی خۆی، هانا بۆ زمانێکی ئاڵۆز نابات، به زمانێک ده‌نووسێت، ڕوون وه‌ک ئاوی کانی، قووڵ وه‌ک زه‌ریا. (که مردن دێت، له ورچێکی برسی ده‌چێت.) ئه‌و وێنه شیعرییه هی ژنه‌شاعیری ئه‌مریکایی، (ماری ئۆلیڤه‌ر)ه، وه‌ک چۆن ڕوونه، هه‌ر وایش قووڵه. شیعر نه پێویستی به هات و هاواره، نه هیچ حه‌وجه‌ی به ته‌مومژه، په‌پووله‌یه‌که به ئاشکرا، به‌ڵام بێده‌نگ ده‌سووتێت، گه‌ڵایه‌که به به‌ر چاوی هه‌موومانه‌وه، به ئه‌سپایی ده‌وه‌رێت، مۆمێکه ده‌گڕێت و هێدی هێدی خامۆش ده‌بێت، ژنێکی ته‌نیایه، شه‌وان بێده‌نگ ده‌گری.
ئه‌و شاعیرانه جێگه‌ی سه‌رنج ده‌بن که له‌گه‌ڵ نوێکردنه‌وه‌ی فۆرمی شیعردا، زمانێکی تازه‌ی گونجاویش ده‌هێننه ئاراوه. ئه‌و شاعیرانه که به مه‌به‌ستی داهێنانی فۆرمی نوێ، فۆرمی کۆن تێکده‌شکێنن، سووک سه‌رنجی فۆرمه کۆنه‌که ناده‌ن، له جێی میژوویی خۆیدا دایده‌نێن، ته‌واو وه‌ک چۆن له په‌یژه‌دا، پله‌ی دووه‌م، پله‌ی یه‌که‌م ڕه‌ت ناکاته‌وه. خوێنه‌ری وریا ئه‌و شاعیرانه په‌سه‌ند ده‌کات که ئازایانه ده‌ست بۆ زمان ده‌به‌ن و سڵ له سه‌رکێشی ناکه‌نه‌وه، ئه‌وانه‌ی خه‌ونی یاخیبوونیان هه‌یه و بوێری ڕۆحی کردوون به هێلانه.
ئه‌کته‌ری چاک سه‌روه‌ختی نمایشکردن، به چه‌شنێک له ڕۆڵه‌که‌یدا ده‌توێته‌وه، وه‌ک سه‌رقاڵی گوزه‌راندنی ژیانی ئاساییی خۆی بێت، نه‌ک نواندن. شیعرنووسینیش پێویسته هێنده خۆڕسکانه بێت، تا له نووسینی نه‌بینه‌وه، هه‌ست نه‌که‌ین خه‌ریکی نووسینی بووین، ئه‌وسا ده‌توانین خوێنه‌ر وه‌ها سه‌رسام بکه‌ین، وه‌ک جادوومان لێ کردبێت. ئه‌وه شیعره، شاعیر و خوێنه‌ر پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، بۆیه زمانی شیعر پێویسته له ئاستی تێگه‌یشتنی خوێنه‌ردا بێت. ته‌مومژ ئه‌گه‌ر له نێوان شاعیر و خوێنه‌ردا، دیوارێکی هه‌ڵچنی، ئه‌وه هه‌ڵه‌ی شاعیره. ئه‌و شاعیره‌ی بایه‌خ به ڕۆڵی هه‌ر یه‌کێک له وشه‌کانی بدات، ته‌مومژێکی ته‌نک وه‌ک ته‌کنیکێک وه‌گه‌ڕ ده‌خات، ته‌کنیکێک که جوانی به شیعره‌که‌ی ده‌به‌خشێت، نه‌ک ئاڵۆزی، جوانییه‌ک زمانی شیعری به‌رهه‌م ده‌هێنێت. شاعیر ناچاره ئه‌و هاوسه‌نگییه ڕابگرێت، نه ته‌مومژ بکاته دیوارێک له نێوان شیعر و خوێنه‌ردا، نه له پێناوی ڕازیکردنی خوێنه‌ری دواکه‌وتوودا، هانا بۆ ڕاسته‌وخۆیی ببات.
ئه‌رکی شاعیر ئه‌وه‌یه شیعر بنووسێت و به‌س، پێویسته بڕوای به‌وه هه‌بێت، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی تێکسته‌که‌یدا، ئه‌م هیچ هه‌قی به سه‌رییه‌وه نامێنێت، ئیدی ده‌بێته موڵکی خوێنه‌ر و خوێنه‌رانیش خۆیان بڕیار له‌سه‌ر گرنگیی یان بێبایه‌خیی به‌رهه‌مه‌که ده‌ده‌ن. شیعر ئه‌گه‌ر ده‌قێکی زه‌نگین بێت، با بکه‌وێته به‌ر زه‌بری ڕه‌خنه‌ی توندیش، خۆی داکۆکی له خۆی ده‌کات، ئه‌گه‌ر ڕووت و ڕهجاڵیش بێت، ئه‌وا به‌رگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن ناگرێت و هه‌ر زوو ده‌مرێت. ئیشی شاعیر ئه‌وه نییه ببێته پارێزه‌ری داکۆکیکار له ده‌قه‌که‌ی و پاساو بۆ که‌لێنه‌کانی بهێنێته‌وه. فهقیرۆکهترین شاعیر، ئه‌وی توانای ده‌ربڕینی نییه و سواری سه‌ری شیعر ده‌بێت، که‌سێکه له وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌گردا ده‌ڵێت: خراپ له مه‌به‌ستی شیعره‌که‌م حاڵی بوویت.