پەرلەمانتارێک: بێکاری و نەبوونی هەلی کار و ناسەقامگیری هۆی کۆچکردنی گەنجانە لە عێراق

سەبارەت بە دۆسییەی كۆچی نایاسایی، حكوومەتی عێراق و لیژنەی كۆچ و كۆچبەرانی پەرلەمان لێدوانی دژ بەیەك دەدەن. بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، بڵاوی كردەوە، بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە چوار ھەزار كۆچبەر وەزارەتەكەیان سەركەوتوو بووە لە بەرنامەكانی بۆ چارەکردنی کۆچی نایاسایی. 

كەریم نووری، بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ڕایگەیاند “دوای دابینكردنی بەڵگەنامەی پێویست، توانیویانە چوار هەزار و 500 هاووڵاتی عێراقی کە لە سنوورەکانی نێوان پۆڵەندا و لیتوانیا و بیلاڕووسیا گیریان خواردبوو بگەڕێننەوە.”

ئاماژەی بەوەش كرد “بە كەمكردنەوەی ژمارەی كۆچی نایاسایی لەنێو گەنجاندا، وەزارەتەكەیان سەركەوتوو بووە لە بەرنامەكانی بۆ چارەکردنی کۆچی نایاسایی.”

لای خۆیەوە، شەریف سلێمان، ئەندامی لیژنەی كۆچ و كۆچبەرانی پەرلەمان، سەركەوتنی عێراق لەو دۆسییەدا ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت: عێراق لە ڕێگریی لە دیاردەی کۆچی نایاسایی سەرکەوتوو نەبووە، بەو پێیەی تائێستاش، بە تایبەت لەنێو توێژی گەنجاندا ھەوڵی كۆچكردن ھەیە و ئەم بابەتە چەند فاکتەرێکی هەیە، دیارترینیان، بێکاری و نەبوونی هەلی کار و ناسەقامگیریی ئەمنییە.

ڕوونیشی كردەوە “هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچیان کردووە نییە  و ئەوانەش کە دەگەڕێنرێنەوە، هیچ هاوکارییەکی داراییان ناكرێت.”