بەهۆی بەشداری کارای سەرۆکوەزیرانەوە لە داڤۆس کۆمپانیا جیهانییەکان ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، دوای چوار ڕۆژ کۆتایی بە کارەکانی ھات، کە شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندەکە بەشدار بوو و لەو کۆڕبەندەدا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرس و نوێنەری باڵای کۆمەڵێک وڵاتی جیھان کۆبوویەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، لە کاتی کردنەوەی “ماڵی کوردستان” ڕاگەیاند، ھیوادارین ھەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی ھەموو عێراق بووژانەوەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت. شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، کۆڕبەندی داڤۆس ھاوکار دەبێت کە کۆمپانیا جیھانییەکان زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.

ڕۆژی دوو شەممە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی وڵاتان، ٥٥ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بە دروشمی “ھاریکاریی لە پێناو سەردەمی زیرەکدا” لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٤ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، زیاتر لە ١٥ دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیر، بەرپرس، وەبەرھێنەر و خاوەن کۆمپانیاکانی جیهان ئەنجامدا و تێیدا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتان کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە وڵاتان بە گرنگییەوە باسیان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ مەسرور بارزانی کردووە، ھەروەھا بانگھێشتیشیان کردووە تا لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی وڵاتەکانیان بکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی داڤۆس، لە ڕێوڕەسمێکدا “ماڵی کوردستان”ـی کردەوە و ڕایگەیاند، خۆشحاڵم کە بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارین لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس، ھەرێمی کوردستان دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە، تاوەکو پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرەی پێبدەین، لەلایەکی دیکەوە جەختی لە ھەوڵەکان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جیددی لە بەغدا دەکرێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت، ھیوادارین ھەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی ھەموو عێراق بووژانەوەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت.
ھەرێمی کوردستان بەھۆی سیاسەتی حەکیمانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و ھەڵکەوتە جوگرافیایەکەی وای کردووە وڵاتان و سەرکردە جیھانییەکان ھاوشێوەی وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان بکەن. بەبڕوای شارەزایانی بواری ئابووری، کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرھێنان، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان ڕابکێشێت، بۆیە کۆڕبەندی داڤۆس ھاوکار دەبێت کە کۆمپانیا جیھانییەکان زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، سەرۆکی حکوومەت، لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس ئەو پەیامەی بە ڕوونی بە وڵاتانی جیھان گەیاند، ھەروەھا وێنەی ڕاستەقینەی کوردیان نیشانی وڵاتانی جیھان دا کە ھەرێمی کوردستان پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت.
ھەر چەندە کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام سەرۆکی حکوومەت بە لێھاتووی و زیرەکی خۆی توانی بەشێوەیەکی زۆر باش یاری لەناو کۆڕبەندەکەدا بکات و زۆرێک لە بەرپرسانی جیھان ببینێت، کە ئێمە گەڵێکین زوڵمان لێکراوە، مافمان خوراوە، پێویستە ڕێز لە مافەکانی گەلی کوردستان بگیرێت.
کۆڕبەندی داڤۆس، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧١ و لەسەر دەستی سەرمایەداری ئەڵمانی، کلاوس شۆپ، دەستی پێ کرد، بۆ کۆڕبەندەکە سەرەتا بانگھێشتی سیاسەتمەداران نەدەکرا، کەچی لە ساڵی ١٩٧٤دا بۆ جاری یەکەم دەستیان بە بانگھێشتی فەرمیی سیاسەتمەداران کرا و تا ئێستا لە نێوان تەواوی سیاسەتمەدار و سەرمایەداران و سەرکردە جیھانییەکاندا بەڕێوە دەچێت، لەم گەڕەکەدا دوو ھەزار و ٥٠٠ کەس لە ١١٨ وڵاتەوە ئامادەی کۆڕبەندەکە بوون، لە نێویشاندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چەندین سەرکردە و سەرمایەداری جیھانی تێدا بەشدار بوون، کۆڕبەندەکە چەندین پرسی جیھانی لەخۆ گرت، ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندەکە ئابووری ئازاد و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرھێنانە لە ھەموو وڵاتانی جیھان.
داڤۆس، شارێکی بچووکە، کەوتووەتە سەر ڕووباری لاندویسر لە ناوچەی براتیقۆی سەر بە کانتۆنی گرۆباندن لە وڵاتی سویسرا، ڕووبەری ئەم شارە ٢٥٤ ھەزار و ٤٨ کیلۆمەترە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بەگوێرەی ئاماری ٢٠١٥ دەگاتە ١١ ھەزار و ١٠٩ کەس، شارێکی بەناوبانگیشە بۆ وەرزشی زستانە، بەتایبەتی خلیسکێنەی سەر بەفر، لە ساڵی ١٢٨٠ی زایینی لە لایەن ڕۆمانەکانەوە کۆچ بەرەو ئەو شارە دەستی پێ کرد و دواتریش بووە بەشێک لە سویسرا و زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە ڕەگەز ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن.
د. سەباح محەممەد، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێت: ڕەنگە بەشداری کردن لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس زۆر زەحمەت نەبێت، بەڵام گرنگی دان بەو کەسانەی کە لە کۆڕبەندەکە بەشداری دەکەن ئەوە زۆر گرنگە، بۆیە سەرۆکی وڵاتان و کۆمپانیا جیھانییەکان لەو کۆڕبەندە زۆر گرنگیان بە ھەرێمی کوردستاندا، داڤۆس جێگەی کۆبوونەوەی خاوەن بەرژەوەندی ئابوورییە، زۆر کێشەی ئابووری لەو کۆڕبەندە باس کران، بەشداری شاندی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، گرنگییەکی زۆری ھەیە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان.
ئەو مامۆستایە، ڕوونیشیکردەوە: کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرھێنان، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان ڕابکێشێت، سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندەکە ئەو پەیامەی بە ڕوونی بە وڵاتانی جیھان گەیاند، ھەروەھا وێنەی ڕاستەقینەی کوردیان نیشانی وڵاتانی جیھان دا کە ھەرێمی کوردستان پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت.
د. لەزگین زیاد، شارەزا لە بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە کۆڕبەندەکەدا بە سەدان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان و کەسانی شارەزا و کاریگەر بەشدار بوون، بە داوەتێکی فەرمی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بەشدار بوو لە کۆڕبەندەکە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە، لە بواری ئابووری و سیاسییەوە، سەرۆکی حکوومەت چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگی ھەبوو لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی کاریگەر وەکو کەسێکی شیاو کارێزمایەکی باش لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان گفتوگۆی کرد، بۆیە ئەو کۆڕبەندە گرنگی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە.