سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارەکانی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا؛ لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە.
عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە “ئەم کۆبوونەوەیە لە دوای دانوستانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئوردن، ئیمارات، تورکیا و بەحرەین دێت. بەم نزیکانە لە قەتەریش درێژە بەو دانوستانانە دەدات.”
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کردووە، ئێستە هەموو سەرنجێک لەسەر کەمکردنەوەی گرژی و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی لێکگەیشتن و هاوکاری زیاتر، لەنێویاندا مافەکانی گەلی کورد لە سووریا.