بۆ یەکەمینجارە، بەشی شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی شەقڵاوەی فێرکاری کرایەوە.
محەممەد شێخ حەسەن، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی گشتیی شەقڵاوەی فێرکاری، ئەمڕۆ سێشەممە، 21کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاند: بۆ یەکەمینجارە، بەشی شوشتنی گورچیلە دەکرێتەوە، نەخۆشانی سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە و پیرمام سوودمەند دەبن و چیتر پێویست ناکات، سەردانی هەولێر یان سۆران بکەن.
گوتیشی: هەفتەی دوو ڕۆژ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە شوشتنەوەی گورچیلە هەیە، دەتوانێت سەردانی ئەم بەشە بکەن.
محەممەد شێخ حەسەن گوتیشی: لەم دوو ڕۆژەی دیاریکراوە. لە هەر ڕۆژێکدا دەتواندرێت، پێشوازی لە 10نەخۆش بکرێت و بەردەوام ستافێکی شەش کەسی لەو بەشە لە خزمەت نەخۆشان دەبن.
هەروەها ڕایگەیاند، دابینکردنی ئامێرەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێکیشی لەلایەن خێرخوازانەوە دابینکراون.