نەرمین مەعروف: تێگەیشتنی سەرەتایی لە نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە

ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوێنێ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدرال و لایەنەکانی دیکە کۆبووەتەوە، جۆرێک لە تێگەیشتنی سەرەتایی هەیە، کۆبوونەوەکانیش بەردەوامی دەبێت.”

سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، نەرمین مەعروف، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی چارەکردنی کێشەی بەشێک لە بازرگانان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر داخوازی زۆرێک لە بازارگانان و سەرمایەداران لەگەڵ د. ماکوان، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی هەرێم کۆبووینەوە.”

گوتیشی: “ئەو بازرگانانەی پەیوەندیان لەگەڵ بانکەکانی سلێمانی هەیە، کۆمەڵێک گلەیی و گازاندەیان هەبووە و بە ئێمەیان گەیاندووە، ئێمەش لەگەڵ نوێنەری لقی ئەوبانکانەی لە سلێمانی کاردەکەن کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کێشە و گرفتەکانی بازرگانان و خەڵک بگەیەنین بە نوێنەری بانکەکان.”

نەرمین مەعروف باسی لە کیشەکانی بازرگانان کرد و گوتی: “کێشەکان جیاوازن، وەک دواکەوتنی حەواڵەی بازرگانان لە بانکەکان، کە حەواڵەکانیان جاری واهەیە بۆ چەند مانگێک دوادەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش زۆر جار وەڵامەکانیان بە نەخێر بۆ دێتەوە و پەسەەند ناکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێکارانەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق گیراوەتە بەر قورسە.”

دەشڵێت: “ڕێکارەکان لە چوارچێوەی ڕێگریی کردن لە سپی کردنەوە و ئاودیو کردنی پارەیە، ئەمەش هەندێک جار ئاستەنگ بۆ بازرگانان دروست دەکات، ئەمەش بەهۆی گومان لەسەر کارەکانی بازرگانانەوە نییە، بەڵکو ڕێکارە ئیداریی و ڕۆتینییەکان زۆرە.”

باسی لەوەش کرد، مامەڵە بازرگانییەکان لە عێراق گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، هەروەها لە 18 ساڵی ڕابردوو ئەو مامەڵە بازرگانییانە بەبێ چاودێریی و بێ ئەژمار بوو، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا بانکی فیدرالی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی عێراق ئاراستەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی عێراقیان دەست نیشان کردووە.”

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ڕاشیگەیاند، “بودجەی 2025 بەشێکە لە بودجەی سێ ساڵە، دوێنێش شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدرال و لایەنەکان کۆبووەتەوە، جۆرێک لە تێگەیشتنی سەرەتایی هەیە، کۆبوونەوەکانیش بەردەوامی هەیە، هێشتا بودجەی 2025 نەهاتووەتە پەرلەمانی عێراق.”