رۆژنامەی ھەولێر

پەرلەمانی توركیا بابەتی ناردنی هێز بۆ سعوودیە تاوتوێ دەكات؟

كارزان گلی – هە‌ولێر

ماوەی هەفتەیەكە شەڕی نێوان سعوودیا و حووسییەكانی یەمەن چڕ بووەتەوە، چاوەكانیش لەسەر توركیان، بەوەی چۆن هاوكاری سەربازی سعوودیا دەكات بۆ لێدان لە حووسییەكان، چونكە بە گوێرەی رێككەوتنەکەی مەكە كە رێکەوتی ٧/٨/٢٠٢٦ لەنێوان توركیا و سعوودیا و پاكستان ئیمزا كرا، هەر وڵاتێك پەلامار بدرێت پێویستە هەرسێ وڵات پاڵپشتی لە یەكتری بكەن.

وەزارەتی بەرگری توركیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باس لەوە دەكات بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاری سەربازی سعوودیا بكەن، دەبێت پەرلەمانی توركیا دەنگی لەسەر بدات، واتە بەبێ رەزامەندی پەرلەمان ناتوانن لەڕووی سەربازییەوە پشتگیریی لەسعوودیا بكەن.
پێویستە حكوومەت پڕۆژەیاسایەك ئامادە بكات و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، چونكە ناردنی هێز بۆ دەرەوەی وڵاتی توركیا، بەبێ دەنگی زۆرینەی پەرلەمان ناكرێت، بۆیە تا پەرلەمان ئەو بڕیارە نەدات هێزی سەربازی توركی نانێردرێت بۆ سعوودیا.
ئاژانسی (BBC)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، توركیا لەگەڵ سعوودیا لەسەر هێڵە تا بزانێن ئەوان چییان لەتوركیا دەوێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی حوسییەكان، تا بەگوێرەی داواكاری سعوودیا پڕۆژەیاسایەك ئامادە بكەن و پێشكەشی پەرلەمانی بكەن.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاكان، توركیا بەجددی بیر لەوە دەكاتەوە لەڕووی سەربازییەوە هاوكاری سعوودیا بكات، ئامادەكارییەكانیشی دەستپێكردووە.
بەگوێرەی مادەی ٩٢ی دەستووری توركیا بێت، ناردنی هێز بۆ هاوكاریكردنی هەر وڵاتێك لەدەسەڵاتی پەرلەمانە، نەك سەرۆك وەزیران یان سەركۆمار، بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان، لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوە قسەی كردووە و پێی گوتووە دەبێت پڕۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی بەڕێوە بچێت و ئەوكات پاڵپشتی سەربازی سعوودیا بكرێت.

راستەوخۆ سەرباز دەنێرێتە سعوودیا؟
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بەڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و دەڵێت: ”رێككەوتنی مەككە، رێككەوتنێكی بەرگرییە، نەك رێككەوتنێكی پەلاماردان، واتە ئەگەر هەر وڵاتێكی ئەندامی ئەم رێككەوتنە دووچاری پەلاماری سەربازی بووەوە، ئەوكات ئەندامانی رێككەوتنەكە لەڕووی بەرگرییەوە پشتگیریی دەكەن، نەك سەربازی بۆ بنێرن. توركیا سەرباز بۆ هیچ وڵاتێك نانێرێت بۆ رووبەڕووبووەنەوە لەگەڵ هێزێكی تردا.“
بەگوێرەی شڕۆڤەی شارەزایانی سەربازی، رەنگە توركیا لەڕووی هەواڵگریی و لۆجیستی و هەروەها لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە پاڵپشتی لەسعوودیا بكات، لەوە زیاتر ناتوانێت پاڵپشتی بكات، چونكە ئەگەر سەرباز بۆ سعوودیا بنێرێت بۆ لێدان لە حووسییەكان، ئەوكات توركیا لە شەڕێكی تایفی تێوەدەگلێت و ئەنجامەكەی بۆ توركیا خراپ دەبێت.
لەلایەكی ترەوە، توركیا هەوڵ دەدات گرژی نێوان حووسییەكان و سعوودیا لەرێگەی دیبلۆماسییەوە چارەسەر بكات، بۆیە هاكان فیدان خۆی گەیاندە ئێران و لەو ڕووەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە قسەی كردووە.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، توركیا دەیەوێت ئەو گرژییە لەگەڵ ئێران چارەسەر بكات، تا ئەویش تووشی كێشە نەبێت و بەهۆی پاڵپشتی لەسعوودیا دژی حووسییەكان، نەكەوێتە كێشە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام تاوەكوو ئێستا سەركەوتوو نەبووە لەوڕێگەیەوە، چونكە شەڕی ئەو دوو لایەنە تا دێت فراوانتر و سەختتر دەبێت.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، توركیا كۆڵ نادات و لەو چەند رۆژەدا هەموو هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ تا بتوانێت گرژییەكانی نێوان سعوودیا و حووسییەكان كۆتایی پێ بهێنێت.