كارزان گلی – هەولێر
لەساڵانی نەوەدەكاندا، سووتاندنی لادێی كوردەكان باو بوو و رۆژانە سەربازی توركیا پەلاماری لادێ كوردەكانیان لەباكووری كوردستان دەدا و دەیاسووتاند و خەڵكی سڤیل دەبوونە قوربانی، بەڵام لە ١٩٩٣، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە پەلاماری لادێی ڤارتینیاندا لە مووشی باكووری كوردستان و خانەوادەیەكیان بەتەواوی لەناو ماڵەكەی خۆیدا سووتاند، كە ٧ منداڵ و دایك و باوكیان بوون و تەنیا یەك كەسیان رزگاری بوو ئەویش لە ماڵەوە نەبووە.
دوای ٣٣ ساڵ لەو تاوانە گەورەیە، دادگای توركیا لەسەر ئەو دۆسییەیە دادەنیشێت و لە ٣ی١٠ی٢٠٢٦دا بڕیاری لەسەر دەدەن.
ئایسەل ئۆغوت، كچی ئەو خانەوادیە و ئەوكاتەی ماڵەكەیان سووتێنرا لەماڵی مامی بووە، وەكوو ئەوەی باسی دەكات و قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، ئافرەتێكی بەتەمەن هاواری كردووە و گوتوویەتی ماڵەكەتان ئاگری تێبەردرا، ئەوەی لەناو ئەو خانووەدا بووە سووتاون و كاتێك چووە لەپەنجەرەكەوە برا بچووكەكەی بینیوە كە تەمەنی نەبوبوە یەك ساڵ بەتەواوی سووتابوو و ببوە خەڵووز.
ئایسەل بەگریانەوە دەڵێت: ”ئاخر منداڵێكی بچووك تاوانی چییە بیسووتێنن، لەناو خانەوادەكەمدا تەنیا من ماوم، برا و خوشكەكانم منداڵ بوون و تاوانیان چییە دەیانسووتێنن، دایك و باوكم تاوانیان چییە؟“
ئایسەل ئەوكات تەمەنی ١٧ ساڵان بووە، كاتێك زانیویەتی ماڵەكەیان سووتاوە و كەسیش رزگاری نەبووە، زۆر هاواری كردووە و لەخۆی داوە، بەڵام سوودی نەبوو و دراوسێكان گووتویانە كارەساتەكە روویدا و ئارام بەرەوە و هیچمان پێناكرێت.
لەوكاتەوە ئایسەل لەرێگەی دادگاوەیە تا
سزای ئەو سەربازانە و ئەفسەرە بدرێت كە بریاری سوتاندنی خانەوادەكەیان داوە، بەڵام نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێك و سێ سەرباز بەهۆی ئەو تاوانەوە دەستگیر كرابوون و ئەوانیش بەبڕیاری دادگا ئازاد كران.
لە ٢٠٠٣ بەشێوەیەكی فەرمی دادگاییكردنی ئەو كەسانە دەستیپێكرد كە دەستیان لەو تاوانە هەبووە، دادگاییكردنەكە ١٠ ساڵی خایاند و كەس لەسەر ئەو كۆمەڵكوژییە دەستگیر نەكرا و سێ سەرباز كە دەستیان لە سووتاندنی ئەو ماڵەدا هەبووە بەبڕیاری دادگا ئازاد كران. بەڵام بولەنت قەرەئۆغڵو، كە ئەوكات ئەفسەر بووە و دەستی لەو تاوانە قێزەونەدا هەبووە بەبڕیاری دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، كەچی تاوەكوو ئێستا دەستگیر نەكراوە و رایكردووەتە دەرەوەی توركیا.
ئایسەل دەڵێت: ”٣٠ ساڵە لەرێگەی دادگام تا دەوڵەت ببێتە خاوەنم و مافم وەربگرێت و ئەوانەی كۆمەڵكوژی خانەوادەمیان كردووە سزا بدرێن، بەڵام گوێیان لێنەگرتووم.“
لە ٣ی ١٠ی ٢٠٢٦دا، دادگای توركیا دەكەوێتە ژێر تاقیكردنەوەیەكی زۆر گەورە، چونكە بڕیار لەبارەی ئەو دۆسییەیە دەدات.

