لە ئەفریقای ناوەڕاست کەشتییەک نقوم بوو نزیکەی 60 کەس خنکان

دوای ئەوەی کەشتییەک لە دەریاچەی مبۆکۆ لە بانگۆیی پایتەختی ئەفریقای ناوەڕاست نقوم بوو، لانیکەم 58 کەس خنکان و ژمارەیەکی دیکەش بزر بوون.

 بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، تۆماس دیماس، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی مەدەنی، بە ڕادیۆی ناوخۆیی ڕاگەیاندووە، تیمەکانی فریاگوزاری دوای نزیکەی 40 خولەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، دەشڵێت: توانیمان تەرمی 58 کەس دەربهێنینەوە، بەڵام نازانین چەندی تر لە ژێر ئاودا ماونەتەوە.

گوتەبێژی حکوومەت “ماکسیم بالالو” ڕایگەیاند، “ژمارەی سەرەتاییەکان بە مردن و بزر بوون و بریندارەکان لە 30 کەس کەمتر نەبووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکانی ئەم کارەساتە دەستی پێکردووە”.

 شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردووە، کە کەشتییەکە زیاتر لە 300 کەسی هەڵگرتووە، ئەمەش زۆر لە توانای خۆی زیاتر بووە، بەرەو شاری ماکۆلۆ کە شارۆچکەیەکە دەکەوێتە 45 کیلۆمەتر لە بانگۆیی دوورە، بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی بەرپرسێکی ناوچەکەدا بکەن.

 تا ئێستا ئاماری کۆتایی ژمارەی قوربانییەکان ئاشکرا نەکراوە.

ھەواڵی زیاتر