بەربژێرە گەنجەكەی دەم پارتی چۆن شارەوانیی ئێلیهـی بردەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئێلیهـی باكووری كوردستان، ژمارەی دەنگدەرەكانی ٣٠٠ هەزار دەنگدەر بوو، گوڵستان سۆنووك، بەربژێری دەم پارتی، توانی ٦٤.٥٢٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بە جیاوازییەكیی زۆر بە پێش ركابەرەكەی كەوت. سۆنووك، چۆن توانی شارەوانیی ئێلیهـ بباتەوە؟

سۆنووك، ئەركی قورس بوو، چونكە موحافیزكارەكانی ئێلیهـ، دژایەتیی ئەویان دەكرد، هەروەها لەناو دەم پارتیش، ناكۆكییەكی زۆر سەخت روویدابوو، كە پێشبینی دەكرا ئەو ناكۆكییە ناوەخۆییە ببێتە هۆی ئەوەی سۆنووك، شكست بهێنێت.
هودا پار، توانی ببێتە پارتی دووەم لە ئێلیهـ، كە ئەمەش ئەنجامێكی سوپڕایز بوو بۆ توركیا، چونكە بەردەوام ئاكەپە، ركابەری سەرسەختی دەم پارتیی بووە.
سەركان رەمانلی، بەربژێری هودا پار، توانی ١٥.٦٨٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، هەروەها سێباتی جەیلان، بەربژێری ئاكەپە ١٢.٤٢٪ی دەنگەكانی بەدەست هێنا و بووە پارتی سێیەم لە ئێلیهـ، ئەمەش چاوەڕواننەكراوبوو.
لە زۆربەی شارەكانی توركیا، پارتی سەرلەنوێ رەفاه، دەنگەكانی ئاكەپەی بردبوو، بەتایبەت لە روهای باكووری كوردستان، بەڵام لە ئێلیهـی، ئەوانەی لە ئاكەپە نیگەران بوون و موحافیزكار بوون، دەنگیان بە بەربژێری هودا پار داوە نەك پارتی سەر لەنوێ رەفاه.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، دەم پارتی ٦٨.٨٢٪ی دەنگەكانی بەدەست هێنابوو، ئاكەپەش ٢٦.١٠٪.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٣دا، رێژەی بەشداری دەنگدان لە ئێلیهـ ٨٥.٥٤٪ بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، رێژەی دەنگدان ٦٩.٢٣٪ بوو.
لە ئێلیهـ، نزیكەی ٩٠ هەزار دەنگدەر نەچووە سەر سندوقی دەنگدان، بەشێكی زۆری ئەو دەنگدەرانەی نەچوونە سەر سندوق، دەنگدەری ئاكەپە و دەم پارتی بوون.
بەهۆی ئەوەی لە ئێلیهـ رێژەی بێكاری زۆرە و قەیرانی دارایی زۆر كاریگەریی لەسەر دروست كردوون، بۆیە دەنگدەرە تۆراوەكان زۆربەیان ئاكەپەیی بوون.
بەڵام دەنگدەرە تۆراوەكانی دەم پارتی، بەهۆی دەركردنی مەهدی ئۆزتوزوون بوو، كە دەم پارتی بە فەرمی مەهدییان لە پارت دوور خستەوە، ئەمەش خەڵكی ئێلیهـی نیگەران كرد، چونكە مەهدی خۆشەویست بوو لایان و پێشتر سەرۆكی شارەوانیی بووە و پاشان قەیووم كراوە.
دەنگدەرانی ئێلیهـ، قسەیان بۆ میدیاكانی توركیا كردووە و دەڵێن، وەكوو چۆن دەم پارتی خۆی كرد بە خاوەنی عەبدوڵا زێدان و شارەوانیی وانیان وەرگرتەوە و لە قەیووم رزگاریان كرد، دەیانتوانی هەمان شت بۆ مەهدی بكەن و نەیانكرد.
بۆیە ئەركی سۆنووك، لەم هەڵبژاردنە زۆر قورس بوو، چونكە دەنگدەری دەم پارتی، بەئاشكرا دەیانگوت سزای پارتەكەیان دەدەن بەهۆی دەركردنی مەهدییەوە، بەڵام ئەو توانی سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات.
سۆنووك، لەناو خەڵكی ئێلیهـدا بەباشی هەزم نەدەكرا، چونكە بەشێكی زۆری ئەو شارە موحافیزكارن و ئەوان پێیان باش نییە، ئافرەتێك ببێتە سەرۆكی شارەوانیی، بەتایبەت ئافرەتێكی گەنجی تەمەن ٣٢ ساڵان، كە پێیانوابوو ئەزموونی نییە و ناتوانێت خزمەتی شارەكە بكات، بەڵام سۆنووك، پروپاگندەیەكی زۆر جوانی كرد و توانی دڵی دەنگدەرەكان بۆ لای خۆی رابكێشێت.
ئەو پێشتر لە تەمەنی ٢٥ ساڵی، وەكوو سەرۆكی شارەوانیی بەكرخان هەڵبژێردرا، وەكوو ئەوەی باسی دەكات، كاتێك مایكرۆفۆنی گرتووەتە دەست و پروپاگندەی بۆ خۆی كردووە، دایكی باوكی، واتە نەنكی گوتوویەتی، تووشی گوناهێكی زۆر بویت و پیاو گوێیان لە دەنگت بووە.
نەنكی گوتویەتی: ”بەو شێوەیە لەناو پیاواندا دەنگت بەرز كردووەتەوە و قسەت كردووە زۆر گوناهبار دەبێت، چونكە لە ئیسلامدا نابێت پیاو بەو شێوەیە گوێی لە دەنگی ئافرەت بێت“
هەروەها كاتێك بەو شێوەیە گوێی لە دەنگی نەوەكەی بووە، زۆر گریاوە و گوتویەتی لە دۆزەخدا دەسووتێیت.
بۆیە سۆنووك، توانی لەناو ئەو خەڵكە موحافیزكارەدا بە جیاوازییەكی زۆر سەركەوێت و سەركەوتنی ئەویش ببێتە باسوخواسی میدیاكانی توركیا.

ھەواڵی زیاتر