یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ئاكەپە و مەهەپە داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەكەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

هاوپەیمانیی (كۆماریی)، كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپەدایە، هەوڵەكانیان بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا چڕ كردووەتەوە، پێیانوایە ئەم یاسایەی ئێستا خراپە و دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەو گۆڕانەش لەبەرژەوەندی پارتە موحافیزكارەكانی توركیایە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، هەر بەربژێرێك لە گەڕی یەكەمدا پێویست دەكات ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، ئەوكات دەبێتە براوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، پێیان باشە، دەستكاری ئەو یاسایە بكرێت و لە بری ٥٠+١، با ٤٠+١ بێت، واتە لە گەڕی یەكەم هەر بەربژێرێك توانی ٤٠+١ بەدەست بهێنێت، ببێتە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، هیچ بەربژێرێك نەیتوانی ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، بۆیە هەڵبژاردنی كەوتە گەڕی دووەم و لە گەڕی دووەمدا ئەردۆغان، توانی بەسەر كەمال كلیچدارئۆغڵودا سەركەوێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی نورای باباجان، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (پەنجەرەی) توركی، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ئاكەپە و مەهەپە، دووچاری شكستێكی گەورە بوونەوە، خۆیان ئامادە دەكەن تا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٨ سەركەوتوو بن، ئەویش بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و لە بری ٥٠+١ داوای ٤٠+١ دەكەن.
نورای باس لەوە دەكات، راستە گۆڕینی ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام ئەوان بیر لەوە دەكەنەوە دوای ئەردۆغانیش سوودی لێ ببینن، بەتایبەت پارتە موحافیزكارەكان، كە ئاكەپە گەورەترینیانە.
ئەوە یەكلایی بووەتەوە، كە ئەستەمە جارێكی تر ئەردۆغان، بتوانێت وەكوو ٢٠١٨، لە گەڕی یەكەمدا ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، بۆیە بیر لەوە دەكەنە ٤٠+١ جێگیر بكەن، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٨، كە ئەگەر زۆرە، ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە، ئەویش لە رێگەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بردنی توركیا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
لە كاتی گەڕانەوەیدا لە ئەڵمانیا، ئەردۆغان وەڵامی چەند پرسیارێكی رۆژنامەنووسانی دایەوە، یەكێك لەو پرسیارانە ئەوە بوو، ئایە یاسای هەڵبژاردن دەگۆڕن؟ بەتایبەت گۆڕینی ٥٠+١ بۆ ٤٠+١ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا؟ ئەردۆغان، زۆر بە ئەرێنی لەو پرسەی روانی و گوتی، ئەمە كارێكی باش دەبێت و سوودیشی بۆ توركیا دەبێت، چونكە ئەو ٥٠+١ەی هەیە، پارتە سیاسییەكان بەرێگەی هەڵدا دەبات.
مەبەستی ئەردۆغان ئەوەبوو، كە پارتە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بتوانن ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، ناچارن بچنە ناو چەند هاوپەیمانییەك، كە دواجار ئەو هاوپەیمانیانە بەزیان بۆیان دەشكێتەوە، نموونە شەش مێزەكەی ئۆپۆزسیۆنە لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار، كە دیار بوو بە ناچاری لەدەوری یەكتریدا كۆببوونەوە و دوای هەڵبژاردن، هاوپەیمانییەتەكە هەڵوەشایەوە و تەنانەت ئێستا دژایەتی یەكتریش دەكەن و پەشیمانی خۆیان لەو هاوپەیمانییە شەش قۆڵییە دەردەبڕن.
بۆ ئەوەی ئاكەپە و مەهەپە، بتوانن یاسای هەڵبژاردن بگۆڕن، پێویست دەكات لەناو پەرلەمان ٣٦٧ دەنگیان هەبێت، بۆیە پێویست دەكات، دەم پارتی یان پارتی خاس و چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ پشتگیرییان بكەن.