پێش جه‌ژن قه‌ره‌بووی هه‌موو زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ دەکرێتەوە

چواس خالید – هەولێر

دوای لافاوه‌كه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردووی شاری دهۆك، پارێزگاری دهۆك ڕایده‌گه‌یه‌نێ، بارانی كۆی ساڵێك له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ و شه‌وێكدا به‌سه‌ر دهۆكدا باری، پڕۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی لافاوه‌كه‌ له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌ و پێش جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان قه‌ره‌بووی هه‌موو زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

دوێنێ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك، ڕایگه‌یاند، پڕۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌ك و كۆڵانانه‌ی شاری دهۆك كه‌ پێویستیان به‌ پاككردنه‌وه‌ بوو، له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌ و گوتی “سبه‌ی ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی پێنج زۆنی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌، كه‌ پێمان وایه‌ زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌.
پارێزگاری دهۆك ئاشكرایكرد، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خانووه‌كانی ئه‌و پێنج زۆنه‌ له‌ ڕێگه‌ی دابینكردنی كه‌لوپه‌لی ناوماڵه‌وه‌ ده‌بێپ، هاوكات قه‌ره‌بووی ماددی به‌و خانوانه‌ ده‌درێت، كه‌ زیان به‌ خانووه‌كانیان گه‌یشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ نۆژه‌نیان بكه‌نه‌وه‌.

عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك، هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، پێنج لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ زیانه‌ ماددییه‌كانی زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوو دهۆك بكه‌ن، دوای ئه‌وانه‌ لیژنه‌ی شه‌شه‌میش جارێكی دی به‌دواداچوون بۆ زیاده‌ڕۆیانی گه‌ڕه‌كی هه‌شكه‌ڕوو ده‌كات و پێداچوونه‌وه‌ به‌ ماسته‌رپلانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌كات.
له‌باره‌ی لافاوه‌كه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردووی شاری دهۆك، عه‌لی ته‌ته‌ر، گوتی “له‌ ماوه‌ی سی كاتژمێردا نزیكه‌ی سێ سه‌د و په‌نجا و دوو ملیمه‌تر باران له‌ دهۆك باری، كه‌ ده‌توانین بڵێین بارانی ساڵێك له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ و شه‌وێكدا به‌سه‌ر دهۆكدا باریوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ مێژوودا ئه‌م بڕه‌ بارانه‌ له‌و ماوه ‌كه‌مه‌دا له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌باریوه‌.
له‌مه‌ڕ هاوكارییه‌كان پارێزگاری دهۆك ئاماژه‌ی دا، تائێسته‌ هاوكارییه‌ ماددی و مرۆییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ستی ئێمه‌، جگه‌ له‌وانه‌ هیچ هاوكارییه‌كی دی نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستی ئێمه‌ و داوا له‌ خه‌ڵكی خۆمان ده‌كه‌ین هه‌ر كه‌سێك كه‌ بیه‌وێت هاوكاری زیانلێكه‌وتوان بكات، له‌ ڕێگه‌ی حكوومه‌ته‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك و دادپه‌روه‌رانه‌ به‌سه‌ر زیانلێكه‌وتواندا دابه‌ش بكرێت.
١٩ی ئاداری ٢٠٢٤، بارانێكی به‌خوڕ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌ و لافاو له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری دهۆك دروست بوو، به‌ چڕی گه‌ڕه‌كه‌كانی هشكه‌ڕوو و نه‌زاركێ و به‌ڕووشكێی گرته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیانیش به‌ر زیادتر له‌ هه‌زار خانوو و گه‌یشت و ده‌یان ئۆتۆمبێلیش ژێر ئاو كه‌وتن.
دوای كه‌متر له‌ چل و هه‌شت كاتژمێر به‌سه‌ر لافاوه‌كه‌ی شاری دهۆك، له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی، له‌ قۆناغی یه‌كه‌م و له‌ ڕێوه‌ڕسمێكدا، كلیلی ١١٧ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون (شوقه‌)، به‌سه‌ر ١١٧ خاوه‌ن خانووی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی شاری دهۆك دابه‌شكرا، كه‌ به‌هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ زیانی زۆر به‌ر خانووه‌كانیان كه‌وتبوو، هاوكات پڕۆسه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ی شاری دهۆك به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ قۆناغ به‌ قۆناغ تا پێش جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان، قه‌ره‌بووی هه‌موو زیانلێكه‌وتوان بكرێته‌وه‌.