دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەرزی هەڵاوسان لە توركیا جۆش و خروشیجەژنی كوشتووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەرزی هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا، هاووڵاتیانی هەراسان كردووە، جۆش و خرۆشی جەژنیشی كوشتووە، تەنانەت چەندین خێزان هەن لە توركیا، ناتوانن خواردنێكی سادە بۆ ئیفتار لەم مانگی رەمەزانە ئامادە بكەن.

ئاژانسی (AFP) فەڕەنسی، لە بەدواداچوونێكدا بۆ ئابووری توركیا و بژێوی خەڵكەكەی، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، بەرزی هەڵاوسانی ئابووری وای كردووە، جۆش و خرۆشی جەژن بمرێت و هاووڵاتیان نەتوانن خواردنی جەژن ئامادە بكەن، چونكە داهاتیان زۆر كەمە.
هەر لەو بەدواداچوونەدا هاتووە، كەمی مووچەی خانەنشین و بێكاری و بەرزی نرخ، كاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەبێت، كە بڕیارە لە 31ی3ی2024 ئەنجام بدرێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەڵێنی بە هاووڵاتیانی توركیا داوە، ئاستی هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا كەم بكاتەوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ بەرزتر دەبێت و نرخی خۆراكیش تا دێت گرانتر دەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە لە تەواوی دونیادا نرخی خۆراك دابەزیوە، تەنیا لە توركیا بەرز بووەتەوە.
چیچەك ئاكپنار، قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”خەریكە دەخنكێین لەبەر قەرز، بۆ ئیفتاری مانگی رەمەزان، تەنیا دەتوانم هیلكە و ماكەرۆنی بۆ منداڵەكانم ئامادە بكەم، وەكوو جاران نییە میوان بێتە ماڵەكەم، ئێستا كەس سەردانی كەس ناكات، ئەویش لەبەر نەبوونی و بێپارەییە.“
لە كلتووری توركیادا هەیە، لە مانگی رەمەزاناندا دراوسێیەكان سەردانی یەكتری دەكەن و بەیەكەوە ئیفتار دەكەنەوە و خواردنی یەكتری دەخۆن، بەڵام بۆ ئەمساڵ، لەبەر گرانی و ئەو قەیرانە دارایییەی رووی لە توركیا كردووە، ئەو نەریتە نەماوە.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا 67.7%ە، بەڵام دەزگای (ENAG) كە سەر بە حكوومەت نییە و ئازادە، بڵاوی كردووەتەوە، هەڵاوسان لە تەواوی توركیادا گەیشتووەتە 122%. بەگوێرەی ئەو قەیرانەش بێت كە رووی لە توركیا كردووە، پێدەچێت زانیاریی (ENAG) تەواوتر بێت بۆ رێژەی هەڵاوسانی ئابووری
یەكێتی ژووری كشتوكاڵی توركیا بڵاوی كردەوە، بە بەراورد بە رەمەزانی ساڵی پار، نرخی 38 بەرهەم لە توركیا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وای كردووە، هاووڵاتییان نەتوانن وەكوو پێویست لە كاتی ئیفتاردا خۆراكی باش ئامادە بكەن.
ئەگەر نموونەی خورما وەرگرین، لە 2023، واتە لە رەمەزانی ساڵی پاردا، نرخی یەك كیلۆ بە 80 لیرەی توركی بوو، بەڵام ئێستا نرخەكەی بۆ 238 لیرە بەرز بووەتەوە، بۆیە كڕینی خورماش لە توركیا بۆ بەشێكی زۆری هاووڵاتیان بووەتە زەحمەتیی.
هەروەها نرخی رۆنی زەیتوون لە توركیا، 149% بەرز بووەتەوە، نرخی نانیش بەهەمان شێوە، بۆیە ئەمە وای كردووە، هاووڵاتیان رەمەزانێكی زەحمەت بەڕێبكەن.
بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە سەختەی لە توركیا بوونی هەیە، هاووڵاتیانی توركیا دڵیان بە جەژنی رەمەزان خۆش نییە، چونكە بە گوێرەی گوتەی خۆیان، ناتوانن وەكوو پێویست خواردنی جەژن ئامادە بكەن و جلی جوان بۆ منداڵەكانیان بكڕن، ئەوان دەڵێن جۆش و خرۆشی جەژن لەلای ئێمە بۆ ئەمساڵ مرد.