ورمێ.. لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا سێ کەس مردن و 10ی دیکەش بریندار بوون


K24 – هەولێر

فەرزین ڕەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتن و ڕووداوەکانی زانکۆی پزیشکیی ورمێ ڕایگەیاند، بەهۆی پێدادانی پاسێک و پێکابێکی جۆری نیسان لە ڕێگەی ورمێ – مەهاباد، سێ هاووڵاتیی مردن و 10ی دیکەش بریندار بوون.

ڕەزازادە بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، لە ڕووداوەکەدا سێ سەرنشینی پیکاب نیسانەکە دەستبەجێ مردوون، لە سەرنشینەکانی پاسەکەش 10 هاووڵاتیی برینداربوون و بۆ نەخۆشخانەکانی ورمێ و نەغەدە گواستراونەتەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، دوو لە بریندارەکان تەندروستیان ناجێگرە و لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێندراون.

بە گوێرەی زانیارییەکان پاسەکە لەسەرهێڵی گواستنەوەی گەشتیارانی نێوان مەهاباد – ورمێ بووە.

لەم مانگەدا ئەمە دووەمین رووداوی هاتووچۆی پاسە لە سنووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، رووداوی یەکەم رۆژی (12ی ئاداری 2024) لە رێگەی ورمێ – تەبرێز پاسێکی گواستنەوەی گەشتیاران لەگەڵ بارهەڵگرێک پێکیاندا دا و بەهۆیەوە شۆفێری پاسەکە بە سەختی بریندار بوو، یاریدەدەرەکەشی مرد، هەروەها 18 سەرنشینیش بە سووکی بریندار بوون.

ھەواڵی زیاتر